دەزگای دادی ئێران هەڕەشە لە ژنانی بێسەرپۆش دەکات

جگە لە سزای ماددی بڕیارە کارکردن لە کچان و ژنانی بێسەرپۆش قەدەغە بکرێت

شەقامێکی شاری تاران-ی پایتەختی ئێران

10 مانگ لەمەوپێش



بەهۆی پابەندنەبون بە سەرپۆشەوە دەزگای دادی ئێران هۆشداریی دەداتە کچان و ژنان و ئەمینداری ناوەندی فەرمان بە چاکە و دوریی لە خراپەی کۆماری ئیسلامی دور دەخرێتەوە.

ناوەندی راگەیاندنی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ بە پێی رێوشوێنەکانی ئەو دەزگایە هەر خانمێک پابەندی سەرپۆش نەبێت جگە لە سزای ماددی کارکردنی لێ قەدەغە دەکرێت.

هاوکات بەهزاد پورسەید جێگری جێبەجێکاری یاسایی دەزگای داد بۆ کاروباری پەرلەمان رایگەیاند؛ ئەو خانمانەی کەسایەتی ناسراون لە کۆمەڵگەدا و پابەندنی سەرپۆش نابن سزاکانیان بەراورد بە خانمانی دیکە توندتر دەبێت و کار و پیشەکانیان لێ قەدەغە دەکرێت.

لێدوانی ئەو بەرپرسە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە خانمە ئەکتەرەکانی ئێران وەک ناڕەزایەتیی بە سەرکوت لە لایەن دەسەڵاتەوە بە بێ سەرپۆش لە شوێنە گشتییەکاندا دەرکەوتون و دەزگای داد هۆشداریی داوەتە ئەو خانمانە کاردنیان لە دراما و سینەمای ئێران لێ قەدەغە دەکرێت.

لە لایەکی دیکەوە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردوەتەوە ئەمڕۆ یەکشەممە محەمەد حسێن تاهیری، وەک ئەمینداری نوێی ناوەندی (فەرمان بە چاکە دوریی لە خراپە)ی کۆماری ئیسلامی دەستنیشان کراوە و هاشمی گوڵپایگانی ئەمینداری پێشو لەو پۆستە دورخراوەتەوە.

ئەو ناوەندەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەزانرێت و تا ئێستا لە لایەن وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکەوە سزای بەسەردا سەپێنراوە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار