سانجار و بوڵدان دەست لە هاوسەرۆکایەتی هەدەپە دەکێشنەوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
میدحاد سانجار و پەروین بوڵدان بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست لە پۆستی هاوسەرۆکایەتی هەدەپە بکێشنەوە.
میدحاد سانجار و پەروین بوڵدان هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەشداریان لە بەرنامەیەکی (میدیا هابەر تی ڤی) دا کرد. هاوسەرۆکانی هەدەپە رایانگەیاند، لە کۆنگرەی پارتەکەیاندا، خۆیان بۆ پۆستی هاوسەرۆکایەتی کاندید ناکەنەوە. لە کۆنگرەکەدا هیچ پوستێک وەرناگرن و ئەرکی هاوسەرۆکایەتی رادەستی هاوڕێکانیان دەکەن.
لە بەرنامە تەلەلەڤزیۆنیەکەدا، پەروین بوڵدان وتی، " دوای هەڵبژاردن رامانگەیاند کە کۆنگرە ئەنجام دەدەین. لەبەرئەوەی بە ئامانجەکانمان نەگەیەشتین. لە هەموو قۆناغێکدا من ئامادەم بەرپرسیاری خۆم جێبەجێ بکەم. بەڵام بەگوێرەی رەخنەکان، بە سەربەرزیەوە پۆستی هاوسەرۆکایەتی بۆ هاوڕێکانمان جێ دەهێڵم. لە کۆنگرەکەدا بەشداری لە هیچ میکانیزمێکی بڕیاردان نابم."
میدحاد سانجار هاوسەرۆکی هەدەپەش کە بە هەمان شێوە خۆی بۆ هاوسەرۆکایەتی هەدەپە هەڵنابژێرێتەوە، باسی لە راگەیەندراوەکەی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کرد کە وتبووی، " دەست لە سیاسەتی چالاک هەڵدەگرم." و وتی، " دەمیرتاش هاوڕێیەکی زۆر بەنرخە. ئێمە پێشتر سەردانی دەمیرتاشمان کرد و پێمان راگەیاند کە لە رووی یاساییەوە ناتوانێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید بکات. دواتر ئێمە چووینە زیندانی کاندرا و بۆچوونی فیگەن یوکسەکداغ و گوڵتەن کشاناکمان وەرگرت. پێشنیازیان کرد کە ئەگەر کاندیدێک هەبێت، پێویستە ژن بێت. ئەو پێشنیازەمان هەڵسەنگاند. باسی ئەوە دەکرا کە ژنێک هەڵبژێرین. ئەو بڕیارەش بە دەمیرتاش راگەیەندرا و ئەویش پشتگیری لە پێشنیازەکە کرد."