دەست بەسەر بینایەکی سەرۆک کۆماری پێشوی ئێراندا دەگیرێت
بڕیارە بیناکە بۆ هاوکاریی ناوچە هەژارانشینەکان بخرێتە زیادکردنی ئاشکراوە

حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران
2 ساڵ لەمەوپێش
دەست بەسەر بینایەکی سەرۆک کۆماری پێشوی ئێراندا دەگیرێت کە بڕیاربو وەک شوێنی نیشتەجێبونی و نوسینگەی کارەکانی سودی لێورگیرێت.
میدیای سەر بە باڵی توندڕەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوی کردوە؛ حەسەن رۆحانی ، سەرۆک کۆماری پێشوی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی نایاسایی خانویەکی گەورەی لە یەکێک لە گەڕەکی جەماران یەکێک لە گرانبەهاکانی تاران-ی پایتەخت دروست کردوە کە لە لایەن حکومەتەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم دیمەنی خانوەکەی سەرۆک کۆماری پێشوی بڵاو کردوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردوە لە سێ نهۆمە و کەنتۆر و کەوانتەرەکانی لە باشترین و گرانبهاترین دار و تەختە دروست کراون و سەرجەم شوشە و جامخانەکانی گوللـە نەبڕن.
ئەو ئاژانسە ئاشکرای کردوە کە رۆحانی بە زۆر و بە شێوەیەکی نایاسایی ئەو بینایەی بە ناوی (سەلام) بە ئامانجی نیشتەجێبون و بەڕێوبردنی کارەکانی دروست کردوە بەڵام بە بڕیاری حکومەت لە زیادکردنی ئاشکرادا دەفرۆشرێت و پارەکەشی بۆ ناوچە هەژارانشینەکان تەرخان دەکرێت.
لە ماوەی رابردودا ناکۆکییەکانی دوو باڵی محافزکار و ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی توندتر بوەتەوە و باڵی محافزکار کە لە ئێستادا هەر سێ سەرۆکایەتییەکانی بەدستەوەیە هێرشی راگەیاندنی بۆ رکابەرەکەی توند کردوەتەوە.
باڵی ریفۆرم لە لایەن محەمەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری پێشوتری ئێران رێبەرایەتیی دەکرێت و باڵی محافزکار عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی بە پێشەنگ و پێشەوای خۆیان دەزانن.
