« هەرێم شەش مانگ مۆڵەت دەداتە حزبەكانی رۆژهەڵات»
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە لەهەڕەشەكانی بۆ سەر حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەسنووری هەرێمی كوردستان، بەرپرسێكی سەربازی كۆمەڵەی شۆڕشگێران ئاشكرایدەكات» ئێران شەش مانگ مۆڵەتی پێداون».
كۆماری ئیسلامی ئێران هاوشێوەی توركیا هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی چالاكییەكانی حزبەكانی رۆژهەڵات كۆنترۆڵ بكات، ئەوەش دوای رووداوەكەی ژینا ئەمینی كەخۆپیشاندانی فراوانی لێكەوتەوەو سەدان كەس كوژران و برینداربوون.
حزبەكانی رۆژهەڵات بەهۆی بەهێزبوونی رێكخستنەكانیان لەشارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، كۆماری ئیسلامی ئێرانی نیگەران كردووە.
ئەندامێكی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان ئاماژە بەوەدەكات بەوریاییەوە چاودێری دۆخەكە دەكەن
نەوید میهرئاوەرد، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» تائێستا وەكو كۆمەڵە هیچیان بەئێمە نەوتووە، هیچ كەسێكیشمان بانگ نەكراوین، بەڵام قسەمان بیستووەو كۆكردنەوەی هێزیش لەسەر سنورەكان هەیە».
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد كەهاتوچۆی قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بۆ ئێران و سەردانی هەرێم دیارە شتێك هەیە.
«توركیا و ئێران ستراتیژی هاوبەشیان هەیە پەیوەست بەكورد سەرەڕای جیاوازیەكانیان لەسەر دژایەتی كورد هاوڕان، چەند شتێك پێشبینی دەكرێت یەكێكیان ئەوەیە بیانوو بێت بۆ هێرش بۆ سەر ئێمە، دووەم لەم رۆژانە سكرتێری حزبی دیموكرات و كۆمەڵەو كۆمۆنیست و هاوسەرۆكی پژاك لەئەوروپا كۆبوونەوە، رەنگە ئێران بەوە هەستیاری هەبێت و بیەوێت بەوە فشاربكات و جیاوازی دروستبكات»، نەوید میهرئاوەرد وادەڵێت.
هەروەها بەرپرسێكی سەربازی كۆمەڵەی شۆڕشگێری ئێران كەنەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بەهاوڵاتی وت:»حكومەتی هەرێم مۆڵەتی شەش مانگیان پێمان داوە كەبچینە دوو كەمپی سلێمانی و هەولێر یاخود هەرێمی كوردستان جێبهێڵین، وتیان ئێمە دەسەڵاتمان نییەو یەك ساڵە خەریكین لەبەر ئێوە تاران و بەغدا دەكەین».
وتیشی:»پێیان وتین دەبێت خۆتان رادەستی نەتەوەیەكگرتووەكان بكەن و سەركردەكانی رۆژهەڵات و هەرێم تائێستا لەوبارەیەوە خۆیان بێدەنگ كردووە، بەڵام بەرپرسانی سەربازی هەردوو كۆمەڵەو دیموكرات ئەوە رەتدەكەنەوە، لەكاتێكدا یەكێتی هەردوو كۆمەڵەكەی بانگ كردووە بۆ سلێمانی و پارتیش دیموكرات و پاكی بانگ كردووە بۆ هەولێر».
«پێیان وتوون ئێران دوو مانگ مۆڵەتی داوە بەیەكێتی و پارتی كە دەبێت حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هەرێم چۆڵ بكەن یاخود بكرێنە كەمپەوە، بەڵام یەكێتی و پارتی داوای شەش مانگیان كردووەو ئێرانیش بەوە رازی بووە»، ئەو بەرپرسە سەربازییەی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕان وای وت.
سوپای پاسدارانی ئێران لەچەندین ناوچەی سەر سنوری هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان هێزێكی زۆری هێناوەو چەندین جۆری چەكی ئامادە كردووەو سەكۆی موشەكی لەچەندین شوێن جێگیركردووە.
یەكێك لەفەرماندەكانی پژاك دەڵێت ئێران و توركیا زانیاری هەواڵگری ئاڵوگۆڕ دەكەن لەبارەی كوردەوە لەهەر چوار پارچەی كوردستان.
شیار شەڤگەر، یەكێك لەفەرماندەكانی یەكینەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان باڵی سەربازی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هەواڵگریی ئێران زانیاری لەبارەی پژاكەوە دەداتە دەوڵەتی توركیاو هێزەكانی دەوڵەتی توركیا لەو چوارچێوەداو پاڵپشت بەو زانیاریانە هێرش دەكەن و ئەوەش رێككەوتنێكی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە».
شیار شەڤگەر ئەوەشی خستەڕوو جوڵانەوەیەك كەبانگەشەی تێكۆشانی شۆڕشگێڕی دەكات، ئەگەر دەستبەرداری چەك بێت، ئەمە بەواتای مردنیەتی، وتیشی:» لەم سەدەیەی ئێمەی تێداین ئەگەر خاوەنی هێزی سەربازیی و بەرگریی نەبیت، بەئیرادەو هێزی خۆبەڕێوەبەری خۆی نەتوانێت كۆمەڵگاكەی بپارێزێت، هیچ واتایەك بۆ تێكۆشانی شۆڕشگێڕی نامێنێتەوە».
ئەو فەرماندەیەی پژاك دەشڵێت: «ئێمە بەپێی ئاگربەستەكە دەجوڵێینەوە، دەبێت دەوڵەتی ئێرانیش بەو جۆرە بجوڵێتەوەو مامەڵە بكات، ئێمە لایەنگری دیالۆگ و چارسەرین و لایەنگری شەڕ نین، بەڵام ئەگەر هێرش بكرێتەسەر گەلەكەمان وەڵامیان دەدەینەوە.»
سوپای پاسداران نیازی هەیە كە لەسەر چەند گردو شاخێكی رۆژهەڵاتی كوردستان و سنوری هەرێمی كوردستان جێگیر ببێت.
فەرماندە سەربازییەكەی پژاك دەڵێت:» نابێت ئەوە لەبیربكەن ئێمە گەریلاین و لەهەموو شوێنێكی كوردستانین، ئەوان ئەگەر هەندێك گردو شوێن بەدەستبهێنن، گەریلا ئیتر ناتوانێت لەوێ بمێنێتەوە، دەستبەسەرداگرتنی ئەو شاخانە هەڵەیە، دەبێت ئێران ئاگربەست وەك دەرفەتێك نەقۆزێتەوە ئێستا هەڤاڵانمان دانیان بەخۆیاندا گرتووە كەهێرش نەكەن».
زیاتر لە 10 رۆژە سوپای پاسدارانی ئێران هێرشی كردووەتەوە سەر ناوچەكانی كۆساڵان و بەهۆیەوە پێكدادان لەنێوان سوپای پاسداران و گەریلاكانی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) دەستیپێكردووە، بەو هۆیەشەوە چەند ئەندامێكی سوپای پاسداران كوژراون و برینداربوون.
هاوڵاتی پەیوەندی بەچەندین بەرپرسی وەزارەتی ناوخۆو دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە كرد، لەوانەش عەبدوڵا حەسەن مزوری بەڕێوەبەری حزب و كۆمەڵەكان لەوەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بەڵام ناوبراو رەتیكردەوە هیچ لێدوانێك لەوبارەیەوە بدات و وتی»ئاگاداری هیچ شتێكی لەوشێوەیە نیم».
هاوكات هاوڵاتی پەیوەندی بەعەبدوڵا حەسەن زادە سكرتێری پێشووی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانەوە كرد، ناوبراو بێئاگایی خۆی نیشاندا لەهەر وادە دانانێك بۆ حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێمی كوردستان كە یان بچنە كەمپەوە یاخود هەرێم جێبهێڵن.
سوپای پاسداران لەدوای هێرشەكەی 28ی ئەیلولی 2022 كە بەدەیان درۆن و موشەكەوە كردیەسەر هەرێمی كوردستان كە بەهۆیانەوە 18 كەس شەهیدبوون و 50 كەسی دیكەش برینداربوون كەزۆربەیان كەسوكاری پێشمەرگەی حزبەكانی رۆژهەلاتی كوردستان بوون، باسی راگرتنی مەرجداری هێرشەكانی كردبوو، هەرچەند لەدوای هێرشەكان، پێشمەرگەی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، لانیكەم لەچوار خاڵی نزیكی سنوور نەماون كەئێران پێیان هەستیار بوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، جارێكی دیكە هێرشی ئەنجامدایەوە.
دواتریش چەندین بەرپرسی ئێران لەوانەش ئیسماعیل قائانی بەرپرسی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران سەردانی بەغدای كردووەو لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق باسیان لەحزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لەهەرێمی كوردستان كردووە، لەو رێگەیەشەوە فشاریان كردووە ئەو حزبانە هەرێمی كوردستان جێبهێڵن ئەگەرنا هێرشی سەربازی دەكەنەسەر بارەگاكانیان.
بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستدان لەساڵی 2015وە تائێستا نزیكەی 160 هاووڵاتی سڤیل بەبۆردوومانەكانی توركیاو ئێران بەتایبەت لەگوندەكانی ناوچە سنورییەكان شەهیدبوون و زیاتر لە 220 هاووڵاتیش برینداربوون.