ئەمریکا بە مەرج پارەکانی ئێران لە عێراق ئازاد دەکات
ئەمریکا: سیاسەتی واشنتۆن لە بەرامبەر عێراق و ئێران نەگۆڕاوە
میتو میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
یەک ساڵ لەمەوپێش
ئەمریکا رایگەیاند بڕێک لە پارەی قەرزەکانی غاز و کارەبای عێراق بە مەرج ئازاد کراوە و ئەو پارانە دەبێت تەنها بۆ بوارە مرۆییەکان و ئەو بوارانەی سزا نەیگرتونەتەوە بەکار دەهێنرێت.
میتو میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ نزیکەی سێ ملیارد دۆلاری بلۆککراوی ئێران لە عێراق ئازاد کراوە و سیاسەتی واشنتۆن لە ئاست بەغداد و تاران گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتوە.
میلەر وتی: ئیدارەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆ بایدن بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی سزاکان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و لەو چوارچێوەیەشدا ئەو پارانەی لە عێراق ئازاد کراون تەنها دەبێت بۆ بوارە مرۆییەکان بەکاربهێنرێت.
بە وتەی میلەر: لە ساڵی 2018 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ژمارەیەک لێخۆشبون لە سزاکانی بە راوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکە (کۆنگرێس) بۆ عێراق دەرکردوە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بتوانێت تێچوی کڕین یان دابینکردنی کارەبا لە ئێران بخاتە سەر ئەژمارێکی بانکیی.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رونی کردوەتەوە؛ بەهۆی سزاکانی واشنتۆن دژی دژی کۆماری ئیسلامی ئەو پارانە تەنها لە چوارچێوەی بوارە مرۆییەکانی وەک دابینکردنی خۆراک و دەرمان و ئەو بوارنە بەکار دەهێنرێت کە سزاکانی ئەمریکا نەیگرتبنەوە.
لە ماوەی رابردودا بەرپرسانی عێراق و کۆماری ئیسلامی رایانگەیاند؛ بە رەزامەندیی ئەمریکا بڕی زیاتر لە دوو ملیارد و 700 ملیۆن دۆلار لە کڕینی قەرزەکانی غاز و کارەبای ئێران ئازاد کراوە بەڵام بەهۆی سزاکانەوە ناتوانرێت ئەو پارەیە بخرێتە سەر ئەژمارە بانکییەکانی ئێران.