کارەبای 24 کاتژمێری؛ لەنێوان خەونی پێشووی هاووڵاتیان‌و سەرئێشەی ئێستایان

یەک ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

بەرزکردنەوەی نرخی کارەبای نیشتمانی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە هەرایەکی گەورەی لەنێو خەڵکی هەرێمی کوردستان ناوەتەوە، رۆژ لەدوای رۆژ نارەزایەتییەکان زیاتر دەبن و حکومەتیش هیچ وەڵامێکی بۆ خەڵک نییە. ئەو خەونەی کە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ماوەی سێ دەیەیە هەیانەو بەئاواتەوەن ٢٤ کاتژمیر کارەبایان پێبدرێت، ئێستا لێی رادەکەن.

سیستەمی پریپەید کە سیستەمێکی نوێیەو سەرەتا بۆ سیتییەکان داندراوە، وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ پیدانی کارەبا تا بکرێت بە ٢٤ کاتژمێری، بەڵام کێشەکە کاتێک دروست دەبێت کە بەچەند پێوەرێک نرخی ئەم جۆرە کارەبایە زیادکراوە.

دارا عەبدوڵا، نوێنەری سیتییەکانی هەولێر لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت، «ئەم سیستەمی پریپێدە 24 کاتژمێریە نرخەکەی زۆر گرانەو هاووڵاتی پێینادرێت، کێشەکە ئەوەیە سیتیەکانیان بەهای کۆست داناوە».

پێوەری های کۆست یەکێک لەو پێوارانەی حکومەتی هەرێم دیاریکردووە بۆ سیتییەکان و مەەبست لێی شوێنە دەوڵەمەندنشینەکانە.

دارا عەبدوڵا لەسەر ئەم پێوەرە دەڵێت، «های کۆست هیچ بنەمایەکی نیە خۆیان بەپێوەری خۆیان ئەمەیان کردووە نەک بێن لێکۆڵینەوە بکەن، مەرج نیە ئەوەی لەسیتیا بژی دەوڵەمەند بێت و ژیانی های کوالێتی بێت، نەخێر خەڵکی فەرمانبەری تێدایە کە شوقەی کڕیوە یان خانووی کڕیوە بەقیستی ساڵانە و مانگانە ئێستا قیستی لەسەرە دەبێت بیداتەوە».

لەماوەی رابردوودا دانیشتوانانی سیتییەکانی هەولێرو سلێمانی بەهۆی بەرزکردنەوەی نرخی کارەبای نیشتیمانی ناڕەزایەتییان ئەنجامداو داوای کەمکردنەوەی نرخەکەیان کرد، بەڵام لەلایەن حکومەتەوە هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە.

سیستەمە کۆنەکە پێشتر بۆ کارەبای نیشتیمانی یەک کیلۆوات نرخەکەی ١٨ دیناربوو، ئێستا حکومەت کردوویەتی بەسیستەمی پریپەیدی ٢٤ کاتژمێری کە بۆ هەولێربە ١٧٥ دینارو  بۆ سلێمانی ١٥٦دینارە.

پیشتر بەسیتسەمە کۆنەکە  ماڵێکی ئاسایی بەهەردوو کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە ٨٠ هەزار دیناری خەرجی بوو بەڵام ئێستا نزیکەی ٢٥٠ هەزار مانگانە خەرجی کارەبایە.

لەماوەی رابردوودا گردبوونەوەکانی خەڵکی ناڕازی ئەنجامی نەبووە و  بەپێی قسەی دارا عەبدوڵا وەزیری کارەبا تەنها پێی وتوون، «ئەمە تێست لەسەر سیتیەکان دەکرێت گەر زانیمان کێشەی بۆ دروست دەبێت بەنرخەکەیدا دەچینەوە».

لەسلێمانیس دۆخەکە بەهەمانشێوەیە و نرخ زیادکردن سەرەتا لە سیتییەکاندایە و هاووڵاتیانی ئەو سیتیانە دەڵێن مانگانە بەبێ هەڵکردنی ئامارە قورسەکان نزیکەی ٢٠٠ هەزار دینار خەرجیانە.

ئازاد عەلی، نوێنەری سیتییەکانی سلێمانی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت، «ئەم حاڵەتە بۆ خەڵک بارگرانییە چونکە ئەگەر بێت و هاووڵاتی بەلایەنی کەمەوەو کەمترین کارەبا سەرف بکەیت ٩٠٠ کیلۆوات کارەبا سەرفدەکرێت، ٩٠٠ لێکدانی١٥٦ دەکاتە ١٥٠ هەزار دینار، بەبێ بەکارهێنانی بۆیلەرو سپلیت و غەسالە، کە ئەمە بۆ سیتییەکان نییەو بۆ دەرەوەی سیتییەکانیشەو سبەی و دوو سبەی لەوێش جێبەجێدەکرێت».

سیستەمی پریپەید بەجۆرێکە کە لەپێشدا پیویستە پارەکە بدەیت بەپێچەوانەی پێشوو کە کارەبات سەرف دەکردو دواتر پارەی کارەبات دەدا. ئێستا لەڕێگەی کڕینی یەکەوە پارەی کارەبا دەدەیت کە لەڕێگەی مۆبایلەوە ئەنجامدەدرێت، ئەمەش تا زیاتر کارەبا سەرف بکەیت دەبێت یەکەی زیاتر بکڕیت.

کێشەیەکی سیستەمە نوێیەکە ئەوەیە کە کارەبای هاووڵاتیان بەگشتی کەمدەکرێتەوە تا کارەبای ٢٤ کاتژمیری سیتییەکان دابین بکرێت.

«ئەو کارەبا ٢٤ کاتژمێریەی دەدرێتە ئێمە لەکارەبای نیشتیمانی هاووڵاتیانی دەرەوەی سیتییەکان دەدرێتە ئێمە، واتە کارەبای نیشتیمانی ئەوان دەفرۆشنە ئێـمە و زیاتر مۆلیدە بۆ ئەوان ئیشپێدەکەن و پارەی زیاتری مۆلیدە بۆ ئەوان دێتەوە،» ئازاد عەلی وای وت.

رۆژنامەی هاوڵاتی لەسەر ئەم پرسە پەیوەندی بەبەرپرسانی وەزارەتی کارەباوە کرد بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانیان نەدایەوە.

لەچەندڕۆژی رابردوودا ئەنجومەنی پارێزگای سلێـمانی لەبارەی کارەبای کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون یاداشتێکیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی پارێزگاکان کردو سکاڵای یاساییان لە دادگا تۆمارکردووەو راشیانگەیاند کە لەهەوڵدان بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک لەگەڵ قایمقامییەت و لیژنەکانی دیکە تاکو دەنگی نیشتەجێبووانی سیتییەکان بەحکومەت بگەیەنین.

نوێنەرانی سیتییەکانی هەولێرو سلێمانی باس لەوە دەکەن ئەم سیستەمە کارێکی باشە هەم بۆ پاراستنی ژینگە و هەم بۆ نەهێشتنی مۆلیدەکان و هەبوونی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، کارکردنی سیستەمکە بەم جۆرە ئێستا رەتدەکەنەوەو «کۆڵنادەن» هەتا  سیتەمەکە چالکسازی تێدا نەکرێت و نرخەکان کەمنەکرێنەوە کە تاکۆتایی ئەم مانگە مۆڵەتیان داوەتە حکومەت.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار