کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان یەک بەیەک دەکشێنەوە
حکومەتی هەرێم شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج ناکات
یەک ساڵ لەمەوپێش
ڤانە باهیر
داهاتووی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەرێمی کوردستان ناڕوونە و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت چیتر ناتوانن بەبێ خەرجی بەردەوام بن لەکارەکانیان بۆیە یەک بەیەک گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەڵدەوەشێننەوە، بەوپێیەی ناتوانێت شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج بکات.
رۆژنامەی «ئینێرجی ڤۆیس»ی بەریتانی لەڕاپۆرتیکیدا بەناونیشانی «بەرهەمهێنەرانی نەوت لەهەرێمی کوردستان بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوتەوە رووبەڕووی کێشە دەبنەوە» دەڵێت، داهاتووی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەریمی کوردستان تاریکەو بەشێک لەکۆمپانیاکانی نەوت مۆڵەتەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە کە یەکێکیان کۆمپانیای «گەنەڵ ئینیرجی»ە.
لەڕاپۆرتێکەی ئینێرجی ڤۆیسدا، کەتایبەتە بە بواری وزەدا، ئەوە هاتووە کەئەو کۆمپانیا نەوتیانەی لەهەرێمی کوردستان کاردەکەن باسیان لەوە کردووە گومانیان هەیە کوردستان بتوانێت قەرزەکانیان بداتەوە.
کۆمەڵەی ئاپیکور کە لەمانگی شوباتی ئەمساڵدا دروستکراو تێیدا هەریەک لەکۆماپنیاکانی دی ئێن ئۆ، گەنەڵ ئینێرجی، گەڵف کیستۆن پترۆلیۆم، ئێچ کەی ئێن و شامارانن داوای قەرزەکانیان و شایستەکانیان دەکەن و نائومێدن لەوەی لەماوەیەکی نزیکدا بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێبکاتەوە.
لەڕاپۆرتەکەدا کۆمپانیای ئێچ کەی ئین وتوویەتی» روون نیە کەکوردستان بتوانێت دڵنیایی بدات بە بەرهەمهینەرانی نەوت لەهەرێمی کوردستان».
کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجیش لەماوەی رابردوودا رایگەیاندووە کە دەستبەرداری پشکەکانی دەبێت لەکێلگەی سارتا. ئەم کۆماپنیایە لەساڵی ٢٠٢٢ شدا وازی لەمۆڵەتەکەی لەقەرەداغ هێنا.
هاوپێچ لەگەڵ نائومێدبوونی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان و دەرهێنانی نەوت لەهەریمی کوردستان، لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتەوە گرفتی پێدانەوەی قەرزەکانیان هەیە بەجۆرێک وەک لەو راپۆرتەی ڤۆیس ئینیرجیدا هاتووە کەکۆمپانیای ئێچ کەی ئێن دەڵێت، «بودجەی عێراق پارەی نەختینەی پێویست بۆ کوردستان دابین ناکات بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنان و دانەوەی قەرزەکانی کۆماپانیاکان».
هاوڵاتی لەبارەی قەرزی کۆماپنیاکانەوە پەیوەندی بە هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارییەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ زانیاریەک لەو بارەیەوە بدات و وتی، «پەیوەندی بەئێمەوە نییە».هاوکات پەیوەندیکردن بەوەزارەتی سامانە سروستیەکانیشەوە بی ئەنجام بوو.
هەر بۆ ئەو مەبەستە هاوڵاتی پەیوەندی بەدکتۆر نەرمین مەعروف، پەرلەمانتاری عێراق لە لیژنەی داراییەوە کردو وتی»وەک لیژنەی دارایی تەنها ئەوەم لایە نزیکەی دوو ترلیۆن و ٤٠٠ ملیار دینار بۆ پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم (کە٤٠٠ هەزار بەرمیلە) دیاریکراوە لەبودجە لەگەڵ یەک ترلیۆن و ٤٠٠ ملیاریش بۆ کرێی گواستنەوەکەی».
هاوکات لەوەڵامی پرسیاریکی دیکەی هاوڵاتیدا سەبارەت بەنیگەرانی و فشاری کۆمپانیاکانی نەوتی هەریمی کوردستان کە شاندی هەریمی کوردستان بەحکومەتی ناوەندی گەیاندبێت وتی، «ئێمە ئاگادار نین، چونکە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو کۆبوونەوانەوە هیچ بەپەرلەمانتاران ناڵێت».
لەبارەی چارەنووسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و هاتنی وەزیری دەرەوەی تورکیاش بۆ عێراق نەرمین مەعروف وتی، وەزارەتی نەوتی عێراق لەهەوڵدایە بۆ ئەو مەبەستە، هەروەها وتیشی درەنگکەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم مەترسی دروستناکات لەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و موچە.
ئەمەش لەکاتێکدایە کەهەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەبڕیاریکی دادگای ناوبژیوانی پاریس راگیرا، لەدوای ئەوەشەوە چەندین کۆمپانیا کارەکانیان راگرت یاخود بەرهەمهێنان و خەرجیەکانیان کەمکردەوە کەدواینیان کۆمپانیای « پێتۆیلە»ی تورکییە لەناحیەی قۆرەتووی سەر بە قەزای خانەقین لەئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کەکارمەندانی ئاگادارکردەوە لە رابردوودا بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لەهەفتەی داهاتووەوە کارەکانی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی چیاسورخ رادەگرێت کەبەرهەمی رۆژانەی هەزارو ٥٠٠ بۆ ٢٠٠٠ بەرمیلە.