ئاوابوونی نەموو: مێخوای ئافەرێنەری بوون

8 مانگ لەمەوپێش



دەشتی مەحمود

لەسەرەتاکانی سۆمەرداو لەیەزدانناسی ئیریدۆدا، عەرشی خوایەتی ئاوە – لەحەوت تەبەقەی ئاسماندا نییە – ئاوی شیرینی ژێر زەوی و خۆی لەنەموودا بەرجەستە دەکات؛ لەلای سۆمەرییەکان جیهان کە بریتی بووە لەزەوی سەر ئاو کەوتوو و لەبەرانبەردا چاویان لە ئاسمان کردووە وەکو تاسێکی هەڵگەڕاوەی گومبەزئاسا کەئەستێرەکانی تێدا بووە. نەموو لەلای سۆمەرییەکان ئەم نازناوانەی هەبووە: «ئەو دایکەی ئەرزو ئاسمانی بووە»، «دایکی مەزن»، «یەکەمی پێش هەمووان»، «ئەو کەسەی جیهان و خوداکانی بوو»، «دایکی هەموو شت»، «پزدانی  نەبڕاوە». نەموو شێ و شەونمی شەوانەش بووە کە گژوگیا، درەختەکان و رووەکانی بەردارو بەپیت کردووە. نەموو مێخوایەکی بێهاوسەر، پزدانێکی خۆخەرەوە، مادەی بەرایی و ماکی هەوەڵین بووە کەخۆبەخۆو ناوەکییانە، ئاوەکان بەپیت و بەردار دەکات. ماکی هەوەڵینی مێینەیی دەنوێنێتەوە کە لەهەموو رەگەزێکی مێدا هەیەو دەتوانێت سەربەخۆ و خۆبەخۆو خۆڕسکانە بەردار بێت، بەرهەمی هەبێت و وەچە بخاتەوە؛ نازناوی «پزدانی بەپیت و بەردار» هەڵدەگرێت. وشەی نەموو لەوشەی ‹›نم››ـی کوردی نزیکە کە بەمانای شێ و تەڕی دێت، هەروەها وشەی ‹›نم››ـی کوردی لەزمانی پەهلەوی (کوردی ناوەندی)دا بەشێوەی ‹›نەم›› ئامادەیی هەیە. وشەی نمووی سۆمەری وەکوو فۆرم ناوەڕۆک لەوشەی نەمی کوردی دەچێت.

نەموو رۆڵی گرنگی لەناو کۆدەقی سۆمەرییەکاندا نەماوە و تەنیا وەکو زاگەی پەیدابوون ئاماژەی پێدەدرێت، لەبەرئەوەی لەئیپستمەی پێش خۆیانەوە – نیولیتیک – هەڵیانگرتووەتەوە؛ ئەوەشی کەئاماژەی پێدەدەن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەشێوەیەکی بونیادی لەڕۆنانی بینای یەزدانناسییەکەیاندا پنتی ڕسکانی سەرەتایی داگیر دەکات. نەموو لەناو یەزدانناسی سۆمەرییەکاندا پێگەی ڕسکێنەری بەرایی هەموو شتی پێدراوەو ئەم پێگەیە ئەگەرچی هەر دەمێنێتەوە بەڵام ناکاریگەر دەکرێت؛ واتە پزدانی بەرداری خۆڕسکی نەبڕاوە، رۆڵی نامێنێت و لەچەرخەکانی دواتردا، ئافراندن دەدرێتە دەست ئینکی نێرخودا کەکۆڕی نەموویە؛ جگە لەوەش دەسەڵاتەکانی تری لێ دەسەنێت و بۆ خۆی قورخی دەکات؛ چیدی ئاو بەئینکییەوە پەیوەست دەبێت؛ بێگومان لەگەڵ بردنی ئاودا بەتەنیا ئاو نابات بەڵکو توانستە ئافراندنییەکانی ئاویش دەبات کەبریتییە لەزایینی، بەرداری، بەپیتی، وەچەخستنەوە و ئافراندن.  سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتە جێبەجێکارییەکان لەنەمووەوە بۆ ئینکی کوڕی دەگوازرێتەوە بەڵام هێشتا لەلای سۆمەرییەکان نەموو وەکو ماکی هەوەڵین و دایکی هەمووان هەر دەمێنیتەوە و پێگەکەی بەشێوەیەکی رەمزی دەپارێزێت.

لەبەرانبەردا زۆر دواتر لەلای ئەکەدییەکان (بابلییەکان) هەر لەبنەڕەتەوە نەموو دەبێت بە نێرو دەگۆڕێت بۆ ئابزوی نێرخوداو لەگەڵ ئەوەشدا هاوەڵێکی مێی بۆ دروست دەبێت بەناوی تیامەت. بەدەربڕینێکی تر مێخوایەک بەناوی نەموو کە پێگەو کۆنازناوی تایبەت بە خۆی لەیەزدانناسیی سۆمەرییدا هەیە، لەناو یەزدانناسی بابلییەکاندا دیار نامێنێت و بە یەکجارەکی بزر دەبێت؛ لەجیاتی ئەو، جووت خودای ئابزو-تیامەت دەردەکەوێت کەتێیدا ئابزو هەڵگری بەشێکی زۆری خەسڵەتەکانی نەمووە. نیگارنووسی  «zu» دەفری پێوانەیە و بەمانای زانین، زانا و ژیری دێت؛ نیگارنووسی «ab» خانوو یان کەپرە کە بەمانای باوک یان باوک-ماڵ دێت (بە مانای ئاویش دێت). نیگارنووسی «abzu» بەمانای باوکی-هەمووشتزان دێت؛ هەروەها بەمانای ئاوی شیرینی ژێر زەوی و سەر زەویش دێت. لەبەرانبەردا تیامەت بەمانای دەریا و ئاوی سوێر دێت . لەلای بابلییەکان ئاوی شیرن بزۆز، بکەر، ئافرێنەر و نەگیراوەو ئاوی سوێر مات، بەرکار، بەکاربراو و مەنگە. لەم ترازانە توندوتیژەدا لەسەر دەستی سامییەکان(بابلییەکان، ئەکەدییەکان، ئاشورییەکان) بۆ هەمیشە لەناو یەزدانناسی میزۆپۆتامیدا، بیرسای پزدانی بەرایی خۆڕسکی خۆخەرەوە کۆتایی پێدێت، دایکی ئافرێنەری سەربەخۆی پێش هەمووان هەڵدوەشێتەوە؛ ماکی هەوەڵینی مێینەی ئافەرێنەر لەناو دەچێت؛ لەجیاتی ئەوە جووت-خودای نێرزاڵ بۆ زاگەی پەیدابوون و ئافراندن دادەنرێت. مێینەیەتی پێگەی نەموو لەدەست دەدات و چیدی ناتوانێت بەدەستی بهێنێتەوە. ژن لەناو یەزدنناسیدا، ڕۆڵە ئافەرێنەرە بەراییەکەی لێ دادەشکێنرێت و لەپزدانێکی خۆخەرەوەی سەربەخۆی ئافەرێنەرەوە بۆ پزدانێکی بەرکاری مەڵبەندی ئافراندن لەلایەن نێرەوە وەردەگەڕێت. ژن لایەنە تاریک، بەرکار، مەنگ و نەبزۆکەکەی گەردوون وەردەگرێت و پیاو لایەنە رووناک، بکەر، بزۆزو ئافەرێنەر وەردەگرێت. ئەم وەرگەڕانە بەڕوونی لەدەقی ئەنوما ئەلیشدا بەڕاشکاوی بەدیدەکرێت.

کاتێک ئیپستمەی نەموو – یەزدانناسی سۆمەرییەکان – هەڵدەوەشێتەوە، لەگەڵیدا هێزی داهێنەرانەو ئافرێنەرانەی ژن دەپووکێتەوە و گورزێکی تر بەدایکڕەچەڵەکی باڵابووەوەی ناو یەزدانناسی دەکەوێت. دایکڕەچەڵەکی وەکو پراکتیکی ژیانی کۆمەڵایەتی هی سەردەمی شێوە ژیانی کڵانەو زۆر پێش ژیاری شارنشینی ئاوا بووە بەڵام بەشێوەی باڵاکراو لەیەزدانناسی سۆمەردا هەر لەئارادا بووە؛ ئەوە دایک بوو و تەنیا دایک کە نەک هەر وەچەی دەخستەوە بەڵکو رەچەڵەکی وەچەش بەتەنیا بۆ دایک دەگەڕایەوە. لەم بڕگەدا هیچ کام لەمۆدێلی جووتبوونی جیاڕەگەزخوازی یان هاوڕەگەزخوازی بەسەر پەیدابوونی وەچەو دیاریکردنی رەچەڵەكەوە جێبەجێ نەکرا بوو؛ واتە هێشتا سێکس و وەچەخستنەوە تێکەڵ نەکرابوو و جووتبوون وەچەخستنەوە و رەچەڵەکی دیاری نەدەکرد؛ ئەمانەش بۆ ئیپستمی دایکڕەچەڵەکی دەگەڕێتەوە. لەژیاری پاش سۆمەری میزۆپۆتامیای خواروودا چیدی ئەوە بەتەنیا دایک نییە رەچەڵەکی وەچە لەناو یەزدانناسیدا دیاری دەکات؛ لەبەرانبەردا جووت پێگەی هەردووک رەگەز دێتە ئاراوە کە تێیدا نێر زاڵەو مێ بەزیوە. ئەم ئیپستمە نوێیە بەڕوونی لەئەنوما ئەلیشدا دیارە کەپێگەی ماکی هەوەڵینی نەمریی مێینە وەرگەڕاوە بۆ پێگەی جووت خودای مێبەزیوو-نێرزاڵی وەکو ئابزو-تیامەت وەچەی دواتر، لەهەمو-لەهامو، دواتر، کیشار-ئەنشار و... هتد. لەم نەزمە نوێیەدا دایکڕەچەڵکی بەجۆرێک ون دەبێت کە ونبوونەکەشی نابێتە جێگەی پرسیار و تەنانەت گومانیش. هەروەها ئەنوما ئەلیش ئەوەمان پێدەڵێت چەسپاندنی ئەم نەزمە نوێیە بەئامێزی گەرمەوە پێشوازی لێ نەکراوە؛ لەلایەن مەردوکەوە و لەڕێگەی کوشتنی تیامەت و لەتوکوتکردنی جەستەوەیە، لەڕێگەی بەکارهێنانی پارچەکانی جەستەی وەکو مادەی ئافراندنی زەوی و ئەسمان چەسپاوە: دایککوژی و داهێنانی ناتوخمەزۆربوون و گواستنەوەی زۆربوون و زاوزێ بۆ پیاو وەک ئەوەی لەسەربوردەی پیرۆزی ئادەم و حەوادا بەری دەکەوین (خوێنەر دەتوانێت بۆ زانینی زیاتر لەم بارەوە بۆ کتێبی ‹›ئینانا شاخاتونی ژن ژیان ئازادی›› بگەڕێتەوە).


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار