بەشە بەنزینی دهۆك بەراورد بەپارێزگاكانی تر كەمترینە
«لە هەموو شتێکدا دهۆک غەدری لێدەکرێت»
یەک ساڵ لەمەوپێش
عەممار عەزیز
«ئەو غەدرەی لەدهۆك دەكرێت لەهیچ شوێنێكی تر نیە» ئەمە وتەی شوفێرێكی پارێزگای دهۆكە كەنیگەران و تووڕەیە لەكەمی پشكی پارێزگای دهۆك لەبەنزینی 750 دیناری و دەپرسێت بۆچی لەپارێزگاكانی تر رێژەكە زیاترە.
ئیبراهیم سەعید ، ئەو شوفێرەی پارێزگای دهۆكە كە بۆ هاوڵاتی قسەی كردووە و دەڵێت « لە 2023داین هێشتا ئێمە لەسەرەی بەنزین رزگارنەبووین ، چ خوا قبوڵ دەكات زیاتر لە سێ كاتژمێر چاوەڕێی بكەین تا 40 لیتر بەنزین وەربگرین، ئەو غەدرەی لەپارێزگای دهۆك دەكرێت لەهیچ شوێنێكی تر نیە ، زۆرم پێ سەیرە بۆچی بەشی پارێزگای دهۆك لەبەنزین كەمترە بەراورد بەپارێزگاكانی تر، ئەگەر لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە بێت زۆرترین ئاوارەو پەنابەر لەسنوری پارێزگای دهۆك هەیە جگە لەدانیشتوانی خۆجێی شارەكە».
ئیبراهیم سەعید ناڕازیەو دەڵێت «چەند هاواربكەین بێسوودە ، هیچ شتێك ناگۆڕێت حاڵی ئێمە هەروا دەمێنێتەوە ، خۆ دونیا خراپ نابێت ئەگەر لە شەش بەنزینخانە بیكەن بە10 بەنزینخانە بەلایەنی كەمی تۆزێك نۆرە لەبەنزینخانەکان كەمتر دەبێت، بەڵام نایكەن».
زیاتر لەمانگێكە كێشەی كەمی بەنزینی 750 دیناری سەریهەڵداوە، ئەمەش وایكردووە نۆرەیەكی زۆر لەبەردەم ئەو بەنزینخانانە دروست بێت، ئەنجومەنی پارێزگای دهۆكیش دەڵێت لەناردنی بەنزین غەدر لەدهۆك دەكرێت .
لەسنوری پارێزگای دهۆك 17 هەزار تاكسی ، 800 مینی پاس و هەزار كۆستەر هەن، كۆی گشتی ئۆتۆمبێلەكانی تایبەت و گشتی سەرووی 190 هەزار ئۆتۆمبێلن ، رۆژانە پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پێویستی بەملیۆنێك و 700 هەزار لیترە.
عەبدولسەمەد تێلی ، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی وت، «لەزۆر شت غەدر لەدهۆك دەكرێت بەنموونە پشكی بەنزین بۆ سنوری پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، حكومەت هەر رۆژێك بڕێك بەنزین بۆ پارێزگای دهۆك دەنێریت، ئەم رێژەیەش جێگیر نیە، رۆژێك پێنج تانكەر، رۆژێكی تر حەوت تانكەرو رۆژی دواتر هەشت تانكەرو بەو شێوەیە ، هەر تانكەرێك 36 هەزار لیتر لەخۆدەگرێت».
عەبدولسەمەد تێلی دەشڵێت « لەبەرئەوەی ئەو رێژەیەی بۆ پارێزگای دهۆك دەنێردرێت بەش ناكات، بۆیە نۆرەیەكی زۆر لەپێش دەرگای بەنزینخانەكان دروست دەبێت ، ئێمە هەر شتێك بكەین سوودی نیە، چونكە ئەوە لە دەستەڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانە، ئەوان بڕەکە دیاردەكەن ، بەدڵنیاییەوە رێژەی هەولێرو سلێمانی زیاترە لەدهۆك، بەڵام بەتەواوی نازانم جیاوازیەكە چەندە».
«هیچ رێكخستن و چاودێری لەسەر ئەم بابەتە نیە لەبەرئەوە ئەوانیش بەئارەزوی خۆیان هەر رۆژێك بڕێك بەنزین دەنێرن، بەپێی یاسا ئەنجومەنی پارێزگاكان دەستەڵاتی بەسەر وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا نیە، تەنها پەرلەمان نەبێت ، خودی پارێزگاریش ناتوانێت فشار لەسەر وەزارەت بكات تا رێژەكە زیادبكات» عەبدولسەمەد تێلی وای وت.
هەلكەفت عزەت، بەڕێوەبەری كۆمپانیای باسكەدێر تایبەت بەبەنزین و خاوەنی بەنزینخانەی شۆڕش لەناوەندی دهۆك بەهاوڵاتی وت « لەهەولێر رۆژانە 16 بەنزینخانە بەنزینی 750 دیناری دابەشدەكەن لەدهۆك، تەنها شەش بەنزینخانەن، هەر 10 رۆژ جارێك ئەو جۆرە بەنزینە بەر ئێمە دەكەوێت كەتەنها 36 هەزار لیترە ، رۆژانە شەش تانكەر بۆ پارێزگای دهۆك دەنێردرێت كەدەكاتە 216 هەزار لیتر، دواینجار داوامانكردووە رێژەكەمان بۆ زیادبكەن بەڵام بێسوود بووە «.
هەلكەفت عزەت زیاتر دەڵێت « ئەو بەنزینخانانەی 750 دیناری دابەشدەكەن رۆژانە زیاتر لە 200 ئۆتۆمبێل لەنۆرەدان، هەر شوفێرێك بەلایەنی كەمی دەبێت سێ كاتژمێر چاوەڕێ بكات تا بەنزین وەربگرێت تا یەك لیتر بمێنێت بەنزینخانەكان بەنزین دابەش دەكەن».
مەحمود سلێمان، سەرۆكی سەندیكای گواستنەوە لەشاری دهۆك بەهاوڵاتی وت « نەك بەنزین بەڵكو غازو نەوتی ماڵان و زۆر شتی تر رێژەی دهۆك كەمترە بەراورد بەپارێزگایەكانی تر، لەهەموو شتێك غەدر لەدهۆك دەكرێت، ئەم گلەیی و ناڕازییە لەكاتی سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بۆ دهۆك ئاراستەی ئەویش كراوە، بەو هیواییەن چارەسەربكرێت «.
مەحمود سلێمان دەشڵێت « پرسیارمان لەلایەنی پەیوەندیدار كردووە ئەوانیش وەكو ئێمە دەڵێن ئێمەش نازانین بۆچی رێژەكەی دهۆك كەمە، ئاماژەیان بەوەش كرد كەهیچ پێوەرێك نیە بۆ پشكی پارێزگاكان «.