تورکیا و عێراق رێکناکەون

11 مانگ لەمەوپێش



سەردار عەزیز

تورکیا لەهەوڵێکی چڕدایە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراقدا. هەندێک وەهای دەبینین بەشێکە لەهەوڵی وەرچەرخانی تورکیا بەرەو کەنداو، لەپێناو بوژانەوەیەکی خێرای ئابوری وڵاتەکەیدا. لەپاش هەڵبژاردنەوەی بەسەرۆککۆمار ئەردۆغان هەرزوو وەزیری داراییەکەی نارد بۆ کەنداوو پاشان خۆیشی بەدوایدا رۆشت. وەرچەرخان بەرەو کەنداو کۆمەڵێک هۆکاری زۆری لەپشتە، لێرەدا ناچینە تان و پۆیانەوە، بەڵام هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوە لەگەڵ دەوروبەردا یەکێکە لەستراتیژەکان، لەنێویاندا عێراقیش.

بەڵام عێراق وەک وڵاتانی کەنداو نیە. لەنێوان وڵاتانی کەنداوو تورکیا سنورو کێشەی زۆری ئاڵۆز بوونی نیە، بەڵکو ئەوەی هەبوو چەند پرسێکی بچووک و دەرەکی بوو. بۆ نموونە لەنێوان تورکیاو سعودیەدا، پرسی عەدنان خاشقچی هەبوو، هەرزوو وەلانرا. هەروەها لەنێوان ئیمارات و تورکیا پرسی بەکاربردنی ئیخوان هەبوو، ئەویش وەلانرا.

بەڵام لەگەڵ عێراقدا پرسەکان دێرین و ئاڵۆزن. لەدوا توێژینەوەم بۆ خانەی بیری ئیماراتی، جەختم لەسەر ئەو دیدە کردەوە کە بەهۆی ئاڵۆزی پەیوەندییەکانیانەوە، عێراق و تورکیا هەرگیز ناتوانن پەیوەندییەکانیان بگەنە ئاستی ستراتیژیی، بەڵکو هەمیشە بە نیمچەیی دەمێنێتەوە.

سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا، بەمەبەستی ئامادەسازیی بوو بۆ هاتنی ئەردۆغان، کە پلان وەهایە مانگی داهاتوو سەردانی عێراق بکات. ئەردۆغان هەتا ئێستا دووجار سەفەرەکەی دواخستوە، بەڵام ئایا لەسێیەم جاردا سەفەر دەکات؟ بەڕای ئێمە ئەگەری لاوازە، چونکە وەها دەردەکەوێت کە وەزیری دەرەوەی تورکیا نەگەشتبێتە هیچ رێکەوتنێک لەگەڵ عێراقییەکاندا. گەورەترین هەنگاو لەهەموو بوارەکاندا دروستکردنی لیژنەیە، کە لەئەدەبیاتی سیاسی عێراقیدا، یانی دێزە بەدەرخۆنە.

لەکاتێکدا چەند پرسێکی گەورەو ئاڵۆز لەنێوان عێراق و تورکیادا هەیە، بەڵام جۆرو پەیوەندی ئەم پرسانە گرنگن. هەندێک پێیان وەهایە کەپرسەکان وەک پاکێجێک وەهان و ناتوانرێت لەیەکتر جودا بکرێنەوە. جوداکردنەوەی پرسەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسەی کەچارەسەر دەبێت و دواخستنی ئەوەی لەئێستا چارەسەر نابێت، رێسایەکی باوی نێو سیاسەتی نێودەوڵەتییە.

لەهەمانکاتدا هەردوو وڵات ئەولەویەتیان جودایە. بۆ عێراق ئاو لەسەرووی هەموو پرسەکانەوەیە، بۆ تورکیا پرسی پارتی کرێکاران. بەڵام پرسەکانی تری وەک هەناردەی نەوت، یان قەرەبوکردنەوەی ئەو بڕە پارەیەی کە دادگای پاریس بەسەر تورکیادا سەپاندی، هەروەها رێگریی لەبەردەوامی دادگاکەۆ درێژەدان بەبەشی دووەمی دادوەرییەکە کەدەربارەی ساڵانی ٢٠١٨ هەتا ٢٠٢٣یە.

بەڕای من پرسەکان بۆ عێراق جگە لەئاو، هەرێمی کوردستانە. لەکاتێکدا لۆجیک وەهایە کە عێراق دەستبەرداری پرسی دادگای پاریس ببێت هەتا تورکیا ئاوی زیاتری بۆ بەرداتەوە، چونکە پرسی ئاو لەعێراقدا پرسی مان و نەمانی جۆری ژیان و ژیاری ملیۆنان خەڵک و زەوی و زار و زیندەوەرە. بەڵام عێراق ئەوە ناکات، چونکە وەها دەبینێی کە پرسی نەوت گرنگ نیە، بەتایبەتی لەئێستادا، کە نرخی نەوت بەرزەو عێراق، تەنها بەبڕی نزیکەی ٢٠٠ هەزار بەرمیل رێگریی لێکراوە. بەڵام گرنگی پرسی نەوت بۆ عێراق لەئەوەدایە کەڕاستەوخۆ پەیوەستە بەپێگەی هەرێمی کوردستانەوە. پلانی ئەم حکومەتەی ئێستای عێراق ئەوەیە کە هەموو پەیوەندییە دەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێبهێنێت و بیکات بە یەکەیەکی ناوخۆیی دابڕو لەدەرەوە.

لەم پێودانگەوە، عێراق پرسی هەناردەی نەوتی هەرێم وەک پرسێکی جیوپۆلەتیکی دەبینێت لەنێوان هەردوولاداو نایەوێت هەرێم و تورکیا پەیوەندییان باش بێت، چونکە بەدیدی ئەوان تورکیا سەرچاوەی بەهێزبونی هەرێم بوو لەڕابوردودا. ئەم پلانە هەروەها رەهەندی ئیقلیمیشی هەیە.

بۆیە بەغدا لە ئێستادا نایەوێت و هەروەها ناشتوانێت لەقەرەبووەکان خۆش بێت و لەکەیسی دادگای پاریس بکشێتەوە. دیارە تورکەکان پرسی پارتی کرێکاران زۆر دەهێننە بەرباس. بەڵام بەڕای من پرسی پارتی کرێکاران پرسێکی جیدیی نیە بۆ ئێستای تورکیا. ئێستا پارتی کرێکاران لەدەرەوەی تورکیایە. تورکیا ئەم پرسە بەکاردەبات وەک ئامرازی فشار بۆ سەر عێراق هەتا ناچاری بکات بە سازش لەبواری تردا.

دیارە لەڕوانگەی جیوپۆلەتیکی فراوانەوە، تورکیا ئاماناجێک و دوو خەمی هەیە، ئامانجی تورکیا ئەوەیە بگاتە قوڵایی جیهانی عەرەبی سوننە. دوو بەربەرست لەبەردەم ئەم گەیشتنەدا هەیە، یەکەم، ئەگەری دروستبونی پشتێنەیەکی کوردی بوو لەسنوری ئێرانەوە هەتا عەفرین، دووەم دروستبوونی پشتێنەیەکی شیعەیە لەتارانەوە بۆ بەیروت. تورکیا ئەم پشتێنانە وەها دەبینێت کە بەربەست دروست دەکەن لەبەرامبەر تورکیادا بۆ گەیشتن بەپارە و بازاڕو سامانی وڵاتانی کەنداو. هەر لەم روانگەیەوەیە کەتورکیا پرۆژەی رێگای گەشە بەبایەخێکی زۆرە مامەڵە دەکات، چونکە ئەو پرۆژەیە، ئەو دوو پشتێنەیە کون دەکات و تورکیا راستەوخۆ دەگەیەنێتە کەنداو.

دیارە لەئێستادا تورکیا، عێراق خۆی وەک چەشەیەکی گەورە دەبینێت کەخاوەنی داهاتی زۆرە بەهۆی بەرزی نرخی نەوتەوەو هەروەها پێویستی بە بونیادنانەوەو کاڵاو ئاوو خۆراک و شمەکی زۆرە. وەک بینیمان کاتێک وەزیری نەوتی عێراقی لەتورکیا بوو، یەکەم شت وەزیری تورکی هاوتا کردی لێخوڕینی ماشینی کارەبایی تورکی بوو، وەک جۆرێک لەڕێکلام بۆ کاڵای تورکی لەعێراق. بەڵام عێراق ناتوانێت سازش بکات چونکە حکومەتی چوارچێوەی هەماهەنگی لاوازەو چاوی موقتەدا سەدری بەسەرەوەیە بۆ هەر سازشێک لەگەڵ وڵاتانی تردا، وەک لەکەیسی کوێتدا بینیمان، دەبێتە مایەی رەخنەو هێرشی زۆر، بە تایبەتی لەسەروبەری هەڵبژاردندا.

هەروەها هەبوونی هەڵبژاردنی ناوخۆیی عێراق و تورکیا وەها دەکات کەهەردوولا، نەتوانن واقییعیانە مامەڵە بکەن. بۆ تورکیا، بەتایبەتی لەڕوانگەی هەڵبژاردنەوەی پرسی شەڕی کورد گرنگە. بۆ عێراق سازش نەکردن. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەگەر هەردوولا خۆیان نەگەنە رێکەوتن چی دەبێت؟

یەکەم، زۆرجار لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاتێک پرسی وەها دێتە ئاراوە، لایەنێکی نێودەوڵەتی دێتە ناو پرسەکەوە. ئایا ئەمریکا راستەوخۆ دێتە ناو ئەم پرسەوە؟ هەرچەندە ئەمریکا نایشارێتەوە کە پشتیوانی هەناردەی نەوتی کوردستانە، بەڵام لەوە زیاتر هیچ هەنگاوێکی نەناوە. هەمیشە هەوڵ هەیە وەک لۆبی بۆ ئاشتبوونەوەی تورکیاو ئەمریکاو پشتبەستنی ئەمریکا بەتورکیا. دوا نووسین لەڕۆژنامەی هیڵ، کە تایبەتە بەکۆنگرێس بەو ئاراستەیە بوو.

دووەم، گرەو لەسەر مەترسی رووخانی هەرێمە. وەک ئەو نووسینەی لەگۆڤاری فۆرین پۆلیسی کە لەلایەن پارێزەرێکی تورکەوە نوسرابوو، دیار بوو دیسانەوە جۆرێک بوو لەکاری لۆبیی. بەپێی ئەم دیدە، ئەگەر عێراق و تورکیا نەگەنە رێکەوتن و مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێمدا باش نەبێت ئەوا مەترسی لەسەر هەرێم هەیە. بەکەوتنی هەرێم دۆخێکی ناسەقامگیریی بەرفراوان لەناوچەکە دروست دەبێت، بۆیە وڵاتان دەبێت لەم پرسەدا دەستوەردان بکەن.

وەها دیارە پارتی قومار لەسەر رێکنەکەوتنی تورکیاو عێراق دەکات، کە لەئەنجامدا وەها دەکات تورکیا جارێکی تر پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمدا وەک جاران لێبکاتەوە. من ئەم ئەگەرە بە دوور دەبینم. تورکیا بەهۆی سیاستە بەرفراوانەکەی دەیەوێت دەستی بگاتە عێراق و کەنداو نەک تەنها هەرێم. لەڕابوردودا کە ئابوری باش بوو، پەیوەندی لەگەڵ هەرێمدا بەس بوو، بەڵام ئێستا دۆخی ئابوری پرسەکەی گۆڕیوە. بەڵام بەهۆی پشتێنەی شیعەوە، هەروەها بوونی رکەبەری ئیقلیمی لەگەڵ ئێراندا، تورکیا ناتوانێت بەئاسانی بەم ئامانجەی بگات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار