بەرێوبەری مۆساد: پلاندارێژەرانی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل لەناوجەرگەی ئێران دەکەینە ئامانج

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

دەیڤد بارنیا، بەرێوبەری گشتی دەزگای هەواڵگری مۆسادی ئیسرائیل هەڕەشەی توند لە ئێران دەکات و دەڵێت، ئەوانەی پلان داڕێژەری هێرشن بۆ سەر ئیسرائیل لە قوڵایی ئێران و "دڵی" تاراندا دەستیان پێیان دەگات.

ئاژانسی ئەسۆشەیەتد پرێسی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، دەیڤید بارنیا لە کۆنفرانسێکی ئاسایشدا وتوویەتی:" ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی لە ساڵی رابردوودا 27 هەوڵی تیرۆریستیان لە ئەورووپا و ئەفریقا و باشووری ئاسیا و ئەمریکای باشوور پووچەڵکردۆتەوە کە لەلایەن ئێرانەوە پلانیان بۆ دارێژرابوو."

بەڕێوەبەری گشتی مۆساد هەڕەشەی توندیش لە ئێران دەکات و لە کۆبونەوەکەدا وتوویەتی، "پەیامی ئێمە روون و ئاشکرایە، ئەوانەی بڕیاری وا ئەدەن و تیمی تیرۆر دەنێرن، دڵنیابن دەستمان پێتان ئەگات بۆ ئەوەی بزانن دادپەروەری چۆن جێبەجێ ئەکرێت."

دەیڤد بارنیا، باسی لەوەش کردوە کە وڵاتەکەی "بە شوێن ئەوانەوەیە کە پلان داڕێژەرن و ئەوانەی کە کەس ئەنێرن دڵنیابن لە قووڵایی ئێران و لە دڵی تاراندا، دەستمان پێیان ئەگات."

ئیسرائیل و ئێران ناکۆکی توندیان هەیە و هەریەک یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە تێکدانی سەقامگیری وڵاتەکانیان. ئیسرائیل، ئێران بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی خۆی بەهۆی هەوڵی تاران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.

هاوکات تەلئەبیب زۆرجار لە سوریا هێرش دەکاتەسەر هێزەکانی سەر بە ئێران و تارانیش دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل کار دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار