سعودیەو ئیسرائیل لەبەردەم رێککەوتنێکی مێژوویی

ئەو رێککەوتنەی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەراوبن دەکات

12 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هەفتەی رابردوو محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین و دەسەڵاتداریی واقعی سعودیە، لەچاوپێکەوتنێکیدا بۆ فۆکس نیوزی ئەمریکی بۆمبێکی تەقاندەوەو وتی گفتوگۆکانیان لەگەڵ واشنتن لەبەرەوپێشچووندایەو «رۆژ دوای رۆژ نزیک دەبینەوە» لەڕێککەوتنێک لەگەڵ ئیسرائیل کە رەنگە سیاسەتی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت.

هەر دوای بن سەلمان، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوزیرانی ئیسرائیل، لەکۆبوونەوەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، «لەلێواری رێککەوتنێکی ئاشتی مێژوویداین.»

بەپێی وتەی چەند کەسێکی نزیک لەگفتوگۆکان کەبەئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا، کە راوێژکارەکانی سەرپەرشتی رێککەوتنەکە دەکەن، دەیەوێت رێککەوتنەکە پێش کەمپینی هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوو رابگەیەنرێت.

 

کێ لەڕێککەوتنەکەدا سوودی پێدەگات؟

هەفتەی رابردوو لەکاتی بینینی جۆ بایدن، ناتانیاهۆ وتی کەسەرگرتنی رێککەوتنەکە «بۆ ئێمە گرنگی زۆری دەبێت تابتوانین کۆتایی بەململانێی عەرەب-ئیسرائیل بهێنین».

ئەم رێککەوتنە سەرکەوتنێکی گەورە دەبێت بۆ ناتانیاهۆ بەهۆی ئەو تۆمەتە گەندەڵیانەی لەسەریەتی لەناوخۆی ئیسرائیل و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئیسرائیل لەسەر پلانەکانی بۆ چاکسازی کردن لەلایەنی دادوەری.

سعودیە لەساڵی ٢٠٢٠ەوە رەتیکردووەتەوە رازیببێت بە پەیماننامەی ئەبراهام (رێککەوتنی ئاشتی) کەتێیدا بەحرەین، مەغریب، ئیمارات و سودان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە – ئەم رێککەوتنە بەتوندی لەلایەن فەلەستینییەکانەوە رەتکرایەوەو سەرکۆنەی کرا.

ساڵی رابردوو، بەرپرسانی سعودیە مەرجەکانیان بۆ واشنتن خستەڕوو بۆ ئەنجامدانی هەمان هەنگاو، واتە رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل کەخۆی دەبینییەوە لەگرەنتی ئەمنی و هاوکاری ئەمریکا بۆ پەرەپیدانی پرۆگرامێکی ناوکی مەدەنی لەگەڵ توانستی پیتاندنی یۆرانیۆم.

بایدن سەرگرتنی ئەگەری رێککەوتنێکی لەو جۆرەی بەلاوە باشە کە بتوانێت دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست جێگیر بکات و هەڕەشەکانی ئێرانیش خامۆش بکات.

دینیس رۆس، دیپلۆماتکارێکی پێشووی ئەمریکا بەئاژانسی فرانس پریسی راگەیاندووە، ئیدارەی بایدن سووریشن لەسەر ئەوەی کە هەژمونی واشنتن جارێکی تر لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەسەپێننەوە کەتێیدا چین پەرەیسەندووە.

«داواکارییەکانی سعودیە لەئیدارەی بایدن گەورەیە، بەڵام روونە کەئیدارەی بایدن پێشوازیان لەبیرۆکەکە کردووەو ئامادەن دەرئەنجامێک بەرهەمبهێنن»، دینیس رۆس وای وت کەپێشتریش دانوستانکارێکی ئاشتی بووە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

واشنتن دەتوانێت رێککەوتنەکە بهێنێتە بوون؟

هێشتا دیار نییە کە رێککەوتنی واشنتن-ریاز لەسەر بابەتی ئەمن و ئاسایش چی دەبێت.

دامەزراوەی توێژینەوەی بەرگری بۆ دیموکراسی پێشنیازی ئەوەیکردووە کە رەنگە واشنتن بیر لەوەبکاتەوە ریاز بکاتە «هاوبەشێکی گەورەی بەرگری» یان هاوپەیمانێکی گەورە لەدەرەوەی ناتۆ».

بەڵام هەر رێککەوتنیکی لەو جۆرە لەگۆنگرێس بە ئاسانی تێناپەڕێت و لەلایەن ئەندامانی کۆنگرێسەوە بەربەستی بۆ دروستدەکرێت بەوپێیەی کە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی هەفتەی پێشوو رایگەیاند بەرپرسانی ئەمریکا دەیانەوێت پەیماننامەیەکی هاوبەشی بەرگری لەنێوان یابان و کۆریای باشور ئەنجامبدەن کە رووبەڕووی بەرهەڵستی تووند دەبێتەوە لەلایەن کۆنگرێس.

سعودیە دەڵێت پرۆگرامە ناوکییەکەی ئاشتیخوازانە دەبێت، هەرچەندە لەچاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ فۆکس نیوز بن سەلمان وتی ئەگەر ئێران چەکی ناوکی بەدەستبهێنێت ئەوا «ئێمەش دەبێت بەدەستی بهێنین».

بەڕەچاوکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەسعودیە، هەر رێککەوتنێک کە پەیوەندییەکانی ئەمریکا زیاتر قووڵ بکاتەوە لەگەڵ سعودیە بەربەستێکی گەورەی بۆ دروستدەبێت.

«یاسادانەرانی ئەمریکا نابێت هەرگیز رێ بە رێککەوتنیکی ئەمنی بدەن کەسوپای ئەمریکا پەیوەست بکات بەوەی خوێن بڕژێت لەپێناو پاریزگاریکردن لەدیکتاتۆرییەکی دڕندە»، عەبدوڵا عەلود، بەڕێوبەری رێکخراوی (فریدەم ئینیشەتیف) کە بارەگاکەی لەواشنتنە، وای وت.

ئەی فەلەستینییەکان چیان بەسەردێت؟

لەمێژە سعودیە دەڵێت دان نانێت بەئیسرائیل بەبێ چارەسەرێکی دوو دەوڵەتی بۆ ململانێی ئسیرائیل-فەلەستین و نیشتەجێکردنێکی دادپەروەرانە بۆ ئاوارەکانی فەلەستین.

گفتوگۆکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەسەرەتاوە تەرکیزی لەسەر هەندێک بابەتی تر بوو، بەڵام لەم دواییانەدا گۆڕانکاری بەسەردا هات.

لەمانگی ئابی ئەمساڵ، سعودیە باڵیۆزی خۆی بۆ ناوچەکانی فەلەستین راگەیاند و لەو کاتەشەوە هەردوولا شاندیان بۆ لای یەکتر ناردووە. باڵیۆزەکە لەکەرتی خۆرئاوا بارەگای نییەو تەنها سیمبولییە.

لەچاوپێکەوتنەکەیدا، بن سەلمان وتی کە دۆزی فەلەستینییەکان «زۆر گرنگە» بۆ سعودیە. «دەبێت ئەو پرسە چارەسەر بکەین، پێویستە ژیانی فەلەستینییەکان ئاسان بکەین»، بن سەلمان وای وت.

لەڕاپۆرتێکدا رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل کە لەزاری دوو بەرپرسی دەسەڵاتی خۆجێی فەلەستینییەکان وەریگرتووە دەڵێت، دەسەڵاتی خۆجێی فەلەستین بەمەرج رازی دەبێت رێککەوتنەکەی نیوان ئسیرائیل و سعودیە بکرێت ئەوەیش ئەوەیە کە ئیسرائیل کردە تاکلایەنەکانی رابگرێت لەکەرتی خۆرئاوا لەبەرامبەردا ئەوانیش دەست لەهەندێک کاری خۆیان هەڵدەگرن دژی ئیسرائیل کە سکاڵاکانیانە لەدادگای نیودەوڵەتی تاوانەکان دژی ئیسرائیل.

یەکێک لەسەرچاوەکان ئەوەی بە رۆژنامەکە وتووە کەکردە تاکلایەنەکانی ئیسرائیل خۆی دەبینێتەوە لەبنیادنان و دروستکردنی ناوجەی نیشتەجێبوون و هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر شارە فەلەستینییەکان لەگەڵ توندوتیژی دژی فەلەستینییەکان.

دیار نییە کە ناتانیاهۆ دەستبەرداری کۆمەڵێک شتی گرنگ و گەورە ببێت لەپێناو رێککەوتنەکەدا.

«نازانم ئەگەر ئەوە رووبدات، بەڵام ئەم رێککەوتنە تاقیکارییە بۆ هەموو بەهرەمەندی و زیرەکییەکانی ناتانیاهۆ»، دینیس رۆس وای وت.

 

دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵوێستیان چی دەبێت؟

ناساندنی ئیسرائیل لەلایەن سعودیەوە کەشوێنی دوو پیرۆزترین پێگەی ئیسلامە، دەبێتە پارێزگاری بۆ ئەو وڵاتانەی بەشدارن لە رێککەوتننامەی ئاشتی.

بەڵام ناوو پێگەی سعودیە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەوێتە بەر هێرشی جەماوەری و میدیایی بەوپێیەی رقئەستوری دژی ئیسرائیل لەناوچەکدا قووڵە.

مانگی رابردوو دەرکەوت وەزیری دەرەوەی لیبیا چاوی کەوتووە بەهاوتا ئیسرائیلییەکەی کە بووە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و لەئەنجامدا وەزیری دەرەوەی لیبیا لەپۆستەکەی دووخرایەوە.

ئەم رووداوانەو هاوشان لەگەڵ پاڵپشتی ناوخۆیی لەسعودیە بۆ فەلەستینییەکان بەدڵنیاییەوە لەمێشکی سەرکردەکانی سعودیەدایە.

«پێکهێنانی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل پێش ئەوەی تەلئەبیب دەستبەرداری کۆمەڵێک شتی بەرچاو ببێت بەهایەکی وەهای نییە بۆ بەرژەوەندی نیشتمانی و ئەمنی سعودیە»، هیشام ئەلغەنام، ستوونوس لەگۆڤاری ئەلمەجالەی سعودی وای وت.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار