خۆڵو خاشاکی گەرمیان مەترسی بۆ ئاوی خواردنەوەی سنوورەكە دروستكردووە
یەک ساڵ لەمەوپێش
نیگار عومەر
لەسنوری گەرمیان رۆژانە زیاتر لە 350 تۆن خۆڵ و خاشاک و پاشماوەی ماڵان لەلایەن کۆمپانیایەك کودەکرێتەوەو ژێرخاک دەکرێت، ئەمەش چەندین مەترسی ژینگەیی دروستدەکات، شارەوانی و ژینگەپارێزانی سنورەكەش هۆشداری دەدەن بەهۆی ئەوەی لەکاتی باراندا بەشێك لەخاشاكەكان تێکەڵ بەسەرچاوەکانی ئاو دەبێت.
بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، كۆمپانیای (گەردین) کەخاشاک کۆدەکاتەوە گرێبەستەکەی لەلایەن حزبێکەوە بۆ کراوەو حکومەت بوجەی بۆ سەرف ناکات، ئەمەش وایکردووە نەتوانرێت بەشێوەیەکی باشتر دەستی بگات بەگوندە دوورەکان و ئەو گوندانەی کەنزیکی سەرچاوەکانی ئاون تێکەڵی ئاوەکەی دەکەن یان بەسوتان پاشماوەکان لەناودەبەن، ئەوەش لەكاتێكدایە، شارەوانی گەرمیان و پسپۆرێکی ژینگەش كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاكی سنورەكە بەکارەساتی ژینگەیی ناودەبەن کەمەترسی دروستدەکات بۆ ژیانی هەموو تاکێکی گەرمیان ئەگەرچی تاوەکو ئێستا هیچ کارگەیەکی ریسایکلین لەسنورەکە بوونی نیە.
عەبدولموتەلیب رەفعەت، مامۆستای زانکۆو پسپۆری ژینگەو سەرچاوەکانی ئاو لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی: ئەو رێگایەی کە بەکاردێت لەگەرمیاندا بۆ کۆکردنەوەی زبڵ و خۆڵ و خاشاک زانستی نیە، ئەو شوێنەش کە بۆی دیاریکراوە لەسنوری ناحیەی رزگاری و کەلار دوو کیلۆمەتر دوورە لەسنوری شارەوە کەدەبێت 10 کیلۆمەتر دووربێت و زۆر نزیکە لەسەرچاوەکانی ئاوەوە کەئەمەش مەترسی ژینگەیی هەیە.
وتیشی: لەکاتی باراندا زبڵ و خاشاکەکان دەچنە ناو رووبارەکان و ئەو ماددە زیانبەخشانەی کەتێیدایە تێکەڵ بەئاوی ژێرزەوی دەبێت و تێکەڵ بەخاک دەبێت و ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت لە 10 ساڵی دیکەدا کوالێتی ئاوی سنورەکە دەگۆڕێ و کاریگەری لەسەر گەرمبوونی زەوی هەیە.
ئەو پسپۆڕەی ژینگە دەشڵێت: زۆرجار دەبینین خۆڵ و خاشاکەکان فڕێدەدرێتە نێو سەرچاوەکانی ئاوەوە ئەمەش کاریگەری زۆر خراپی لەسەر ژیانی مرۆڤ و ئەو ئاژەڵانەی کە لەئاودا دەژین هەیە، زۆر جار بەهۆی ئەو کارانەوە ماسی لەڕووبارەکاندا کەمدەبێتەوە جگە لەوەش ئەو ماددانەی کەتێکەڵ دەبێت بەئاوەكە چەندین ساڵ و مانگ دەمێننەوە.
« لەهەر شوێنێک ئەم پاشماوانە بسووتێنرێت زیانەکانی زۆر زیاترەو ماددە زیانبەخشەکان تێکەڵی هەوا دەبێت کەپێویستە حکومەت بیر لەوەبکاتەوە کارگەی ریسایکلین دابمەزرێنێت و پاشماوەکان جیابکاتەوەو بۆ ئەوەی کاریگەری ژینگەیی پاشماوەکان کەمبکرێتەوە، هەوڵیش بدرێت هاووڵاتی لەپاراستی ژینگەدا بەشداربن چونکە گەر ئەمە نەکرێت بۆ چەند ساڵێكی دیکە بەشێوەیەکی خراپتر پیسبوونی ژینگە هەڕەشە لەئاوی ژێرزەوی و تەندروستی هاووڵاتیان دەکات». عەبدولموتەلیب رەفعەت، مامۆستای زانکۆو پسپۆری ژینگەو سەرچاوەکانی ئاو.
بەوتەی ئەنجومەنی یەكێك لەگوندەكانی گەرمیان، بەهۆی بەدەمەوەنەهاتنی شارەوانی خەڵكی سنورەكە خۆیان خۆڵ و خاشاك فڕێدەدەن
ئیبراهیم حەسەن، ئەنجومەنی گوندی گاکول سەر بەناحیەی قۆرەتوو بۆ هاوڵاتی وتی: جاری واهەیە مانگی جارێک یان 20 رۆژ جارێک شارەوانی خۆڵ و خاشاك كۆدەكەنەوە، بۆیە خەڵک ناچاردەبێت پاشماوەکان فڕێبدات لەچەمەکان یان بیکاتە ناو سەرچاوەکانی ئاوەوە یان بیسووتێنێت.
وتیشی: ئەگەرچی گوندەکەی ئێمە چاڵێک کراوە بەهاوکاری رێکخراوی وادی، گوندەکەی ئێمە بەهۆی ئەوەی نزیکین لەسەرچاوەی ئاوی باڵاجۆوە کە لەڕووباری سیروانەوە دروستکراوە بۆ سنوری گوندەکانی ئەوبەری کەلار تاخانەقین و خەڵکەکە بەزۆری هەرچی هەبێت فڕێیدەداتە نێو ئاوەکەوە».
ئەنجومەنی گوندی گاكول دەشڵێت: ئەم سەرچاوەی ئاوە کە بەشێوەی پرۆژە دروستکراوە سەر کراوەیە هەموو شتێکی تێ فڕێدەدەن، سەرچاوی ئاوی ئەو گوندانەیە کە لەو سنورەدان جاری واهەیە بەهۆی پیسبوونی ئەم ئاوە رەنگ و بۆنی دەگۆڕێت و ناتوانین بیخۆینەوە.
« ئەگەرچی دەزانین سووتانی پاشماوەکان و فڕێدانیان بۆ نێو سەرچاوەکانی ئاو زیانی زۆرە، بەڵام خەڵک ناچاردەبێت ئەمە بکات، چونکە بۆنی پیسی ژیانمان لێ تاڵ دەکات، هۆكارەكەش ئەوەیە کۆمپانیاکان کەمتەرخەمن و نایەن، هەندێک لەگوندەکان کە دوورە دەستن کۆمپانیاکان هەر ناچن بەلایانا». ئیبراهیم حەسەن، ئەنجومەنی گوندی گاکول وادەڵێت.
شارەوانی گەرمیان ڕێگای كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك بە نازانستی ناودەبات
بەرزان کەریم، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: لەڕێگەی کۆمپانیای گەردینەوە رۆژانە زیاتر 350 تۆن خۆڵ و خاشاک لەگەرمیاندا کۆدەکرێتەوەو دەكرێتە ژێرخاک، کە هەر رۆژێک یان چەندڕۆژێک جارێک نزیکەی دوو دۆنم زەوی پێویستە بۆ ئەوەی هەموو پاشماوەکان ژێر خاک بکرێت.
وتیشی: شوێنێکمان بۆ دیاریکردووە رۆژانە لەوێ ژێر خاک دەکرێت، ئەگەرچی ئەم شوێنە هیچ زانستی نیەو کارەساتی ژینگەیی دروستدەکات لەکاتی باراناودا ئەو مەوادانەی کە لەپاشماوەکاندا هەیە تێکەڵ بەسەرچاوەکانی ئاو دەبێت و مەترسی ژینگەیی هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەر دەتوانین بەو رێگەیە پاشماوەکان لەناوبەرین .
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان دەشڵێت: رۆژ ناڕۆژێک پاشماوەکان کۆدەکرێتەوە لەنێو شاردا، بەڵام لەگوندەکان بەهۆی ئەوەی حکومەت هیچ بودجەیەک بۆ کۆکردنەوەی خاشاک سەرف ناکات ئەوەی کەهەشە لەلایەن یەکێتیەوە بۆمان دابینکراوە.
« ناتوانین وەک پێویست بەدەم گوندەکانەوە بچین ئەو گوندانەی کەنزیکترن زووتر تیمەکانی پێدەگات بەڵام هەندێ گوندیش هەیە مانگی جارێک کۆمپانیا دەتوانێت بۆی بڕوات، زەویمان دیاریکردووە بۆ ئەوەی رێگەیەکی زانستی بەکاربهێنین بۆ جیاکردنەوەی خاشاک و کارگەی ریسایکلین دروستبکرێت، بەڵام هیچ وەبەرهێنێک ئامادەنیە تائێستا ئەو کارە بکات، سەرەڕای ئەوەش داوامان لەحکومەت كردووە ئەو کارە بکات، بەڵام ئەوەش نەكراوە». بەرزان کەریم، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان وادەڵێت