ئەمریکا کەشتیگەلێکی جەنگی و هێزی سەربازی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کەشتگەلێکی جەنگی رەوانەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکات و دەشڵێت، چەک و تەقەمەنی زیاتر دەنێرێت بۆ ئیسرائیل تا بەرگری لەخۆی بکات.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سوپای ئەمریکا کەشتیگەلێکی جەنگی و فرۆکەی جەنگی رەوانەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکات "بۆ بەهێزکردنی هەوڵەکانی پێشگرتن لە توندوتیژی" لەسەروبەندی شەڕ و جەنگ لە ئیسرائیل.
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا، دەڵێت ئەو کەشتیگەلە بەشێکیان هەڵدەری موشەک و کەشتی بچوکی جەنگی تێکشکێنەرن.
جگە لەمەش، وەزیری بەرگری ئەمریکا وتی کە یەکەکانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد دەکرێت. بەشێکی تر لە پاڵپشتی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل ناردنی چەک و تەقەمەنی زیاترە و لەچەند رۆژی داهاتوودا دەگاتە ئیسرائیل.
لەبارەی پاڵپشتییە سەربازییەکانەوە لۆید ئۆستن باسی لەوە کرد، ئەم هەوڵانە "جەختکردنەوەیە" لە پاڵپشتی پتەوی ئەمریکا بۆ وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل و گەلی ئیسرائیل.
ماوەی دوو رۆژە شەڕ و پێکدادان لەنێوان هیزەکانی حەماس و سەربازانی ئیسرائیل دروستبووە دوای ئەوەی حەماس هێرشێکی لەناکاوی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا و تێیدا پێنج هەزار موشەکی بۆ نێو وڵاتەکە هەڵدا و لەسەر زەمینیش ئۆپەراسیۆنێکی ئەنجامدا و چەکدارانی چوونە نێو وڵاتەکەوە.
تا ئێستا لە شەڕ و پێکدادانەکاندا، 700 کەس لە ئیسرائیل و 413 کەس لە فەڵەستین کوژراون.