چۆن حەماس دیوارە ئاسنینە زیرەکەکەی ئیسرائیلی تێپەڕاند

12 مانگ لەمەوپێش



راپۆرتی: واشنتن پۆست

وەرگێرانی: هاوڵاتی

 

هێرشە گەورە ئاڵۆزەکەی سەر ئیسرائیل لە رۆژی شەممەدا لەلایەن چەکدارانی کەرتی غەززەوە ئیسرائیلییەکانی شۆککردووە، کە بەترس و تۆقانەوە سەیری چەکدارەکانیان دەکرد بەئاسانی بەنێو یەکێک لەپێشکەوتووترین سیستەمی ئەمنی جیهانیدا تێدەپەڕین.

لانی کەم هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە دوو هەزارو ٦٠٠ کەسی تریش لەئیسرائیل برینداربوون. حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت، زیاتر لە ١٠٠ بارمتە گیراون. ئیسرائیل بەبەردەوامی غەززە بۆردومان دەکات و بەپیی قسەی بەرپرسانی فەڵەستینی، بەهۆی ئەم بۆردومانانەوە لانی کەم ٧٠٠ کەسی کوژراون.

«پەرژینە زیرەکەکە» کە ئیسرائیلی لە غەززە جیادەکردەوە بە تەکنەلۆجیایی پێشکەوتوو سەردەم پڕچەککراوەو ئەم پەرژینە بۆ ئەوە بنیادنراوە کە هەرچی دزەپێکردنێکی ئەمنی هەیە ئاشکرای بکات. ئا بەم جۆرەی خوارەوە چەکدارانی حەماس پێیدا تێپەڕین.

 

«دیواری ئاسنین»

لەساڵی ٢٠٢١ ئیسرائیل تەواوکردنی «پەرژینە زیرەکەکەی» راگەیاند کە بەربەستێکی ٦٤ کیلۆمەترییە بەدرێژایی کەرتی غەززە کەکۆسپێکی کۆنکرێتی ژێرزەمینیش لەخۆدەگرێت.

پرۆژەکە ساڵی ٢٠١٦ بەفەرمی راگەیاندرا دوای ئەوەی حەماس تونێلی بەکارهێنا بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئیسرائیل لەجەنگی ساڵی ٢٠١٤دا. بەپێی راپۆرتێکی رۆیتەرز، پرۆژەکە پێویستی بە ١٤٠ هەزار تۆن ئاسن و پۆڵا بووە لەگەڵ دانانی سەدەها کامێرا، رادارو هەستەوەر. نزیکبوونەوە لەپەرژینەکە لە بەری غەززەوە تەنها سنوردارکرابوو بۆ جوتیاران ئەویش تەنیا بەپێ. لەبەری ئیسرائیلەوە، تاوەری چاودێری و تەپۆڵکەی لمی دانراون بۆ چاودێریکردنی هەڕەشەو دزەکەرە هێواشەکان.

لەساڵی ٢٠٢١، بێنی گانتز کە وەزیری بەرگری ئەوکاتی ئیسرائیل بوو وتی، بەربەستەکە «دیوارێکی ئاسنین» لەنێوان حەماس و باشوری ئیسرائیلدا دادەنێت.

بەڵام لەشەممەی رابردوو، هەوڵیکی زنجیرەیی رێکخراو یارمەتی حەماسی دا دیوارەکە تێپەڕێنێت. بەپێی وتەی سوپای ئیسرائیل، پەرژینەکە لە ٢٩ خاڵەوە دزەیپێکرا. هەرچەندە پاسەوانی ئیسرائیلی لەتاوەرەکان لەهەر ٥٠٠ پێیەک بەدرێژایی نزیک لەدیوارەکە جێگیرکرابوون، بەڵام چەکدارانی حەماس رووبەڕووی بەرەنگارییەکەی کەم بوونەوە.

دواتر دەرکەوت کە سنورەکە ستافێکی کەمی تێدا جێگیرکراوەو بەشێکی زۆری سوپای ئیسرائیل ئاراستەیان بەرەو ئەو پشێویانە گۆڕاوە کە لەکەرتی خۆرئاوا هەبوون.

«سەرنجڕاکێشترین بەشی سیستەمەکە ئەوانەن کە هەستەوەرو ئاگادارکەرەوەیان تێدایە، بەڵام هەر کە لەپێشدا نەتبینی کە کەسێک خۆی رێکدەخات لەبەردەم پەرژینەکە، ئیتر پەرژینەکە هەر دەبێتە پەرژینێکی ئاسایی، پەرژینێکی گەورە بەڵام هەر پەرژینێکی ئاسایی»، ماتیو لێڤیت، بەڕێوەبەری پرۆگرامی رووبەڕووبونەوەی تیرۆر لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک وا دەڵێت.

بەم جۆرە چەکدارانی حەماس دزەیان کردە نیو پەرژینەکەوە و تێیانپەڕاند:

1-درۆنەکان تەقینەوەیان دەخستە خوارەوە.

بەدرێژایی سنورەکە، حەماس بە بەکارهێنانی درۆنی بازرگانی بۆردومانی تاوەرە چاودێرییەکان، ژێرخانەکانی پەیوەندی و سیستەمەکانی چەکیان کرد.

2-هەڵدانی موشەک و هێزی مرۆیی رێکخراو

ئیسرائیل دەڵێت، حەماس زیاتر لەسێ هەزار موشەکی بۆ وڵاتەکە هەڵداوە کە هەندێکیان نزیکبوونەتەوە لە تەلئەبیب و ئۆرشەلیم (قودس). چەکدارانی حەماس بە پاراگلایدەرەوە سنوریان تێپەڕاند.

3-تەقینەوە بەدرێژایی پەرژینەکە.

چەکدارانی حەماس تەقینەوەشیان بەکارهێنا بۆ تەقاندنەوەی بەشێک لەبەربەستەکە. بەشێک لەچەکدارانی تر بەسەر ماتۆرسکیلەوە بەناو ئەو بۆشاییانەی دروستبوون دەڕۆشتن.

4-فراونکردنی بۆشاییەکە.

بلدۆزەرەکان، ئەوەی مابوو کردیان، بەمەش رێگەیان خۆشکرد بۆ کردنەوەی بۆشاییەکی فراوانتر تا ئۆتۆمبێل پێیدا تێپەڕببێت.

شارەزایان دەڵێن ئەم هێرشە چەند هەفتەیەکی لەئامادەکاری و پلانی فێڵکردن پێویستە.

«کارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە کەلوپەلەکان پێشتر لەماوەی چەند هەفتەیەکدا بخەیتە شوێنی مەبەست و دواتر بیخەیتە نیو باڵەخانە یان ژێر خێمە»، مایکڵ ئۆهانلن، توێژەرێکی باڵا لە پەیمانگەی برۆکینگی ئەمریکی وا دەڵێت. مایکڵ ئاماژە بەوەش دەکات کە دەگونجێت بەشێکی زۆری ئۆتۆمبێلەکان  لەبەرچاودا بووبێتن لەگەراجی ئۆتۆمبێل یان ناوچەکانی باڵاخانە دروستکردن.

بەڵام لیڤیت پێیوایە کە «بیرۆکەی هێنانی بلدۆزەر بەو نزیکییە لە پەرژینەکەوە سەرسوڕهێنەرو مێشک تێکدەرە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار