ترەمپ: لەکاتی کوشتنی سولەیمانیدا، ناتانیاهۆ بەتەنیا جێی هێشتین و یارمەتی نەداین

12 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی کوشتنی قاسم سولەیمانی لەسالی 2020 چەند نهێنییەکی ئاشکرا کرد و دەڵێت، بڕیاربووە پێکەوە لەگەڵ ئیسرائیل کارەکە ئەنجام بدەن، بەڵام ئیسرائیل لەدوا خولەکەکاندا کشاوەتەوە کە ئەوکات بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە بوو.

لە وتارەکەیدا باسی لەوە کرد ئیسرائیل بەشدار نەبوو لە کوشتنی قاسم سلێمانیدا، بەڵام بێنیامین نێتانیاهۆ دواتر دەویست کەڵک لەو پرۆسەیە وەربگرێت لە بەرژەوەندی خۆیدا و "لام وا نەبوو نێتانیاهۆ بە تەنها جێمان بهێڵێت."

بەرەبەیانی 3ی کانونوی دووەمی 2020 ئەمریکا بە فرۆکەی بێ فڕۆکەوان کاروانێکی ئۆتۆمبێلی لە فرۆکەخانەی بەغدا بەئامانج گرت کە تێیدا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس، لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس، فەرماندەی پێشووی حەشدی شەعبی کوژران.

دۆناڵد ترەمپ لە درێژەی وتارەکەیدا وتی، "ئەزموونێکی خراپم هەیە لە هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیل، ئەو دەمەی قاسم سلێمانیمان کوشت، ئێمە و ئیسرائیل وەک گرووپێک کارمان ئەکرد. ئێمە ئەمانزانی لەکوێیە. دەمانزانی چۆن خۆی حەشار ئەدات و چی لەبەر ئەکات. دەمانزانی چۆن دێتە ناوەوە. هەموو شتمان ئەزانی و ماوەیەکی زۆر بوو پلانمان هەبوو بۆ کوشتنی."

دۆناڵد ترامپ لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا وتی، "هەرگیز لەبیرم ناچێتەوە، نێتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئێستا و ئەوکاتەی ئیسرائیل، ئێمەی بێ هیوا کرد، بڕیاربوو ئیسرائیل لەگەڵمان بێت بۆ ئەم چالاکییە. هەموو شت رێک خرابوو. چەند مانگ بوو ئیشمان لەسەر ئەکرد و پلانمان بۆی هەبوو، بەڵام شەوی پێش رووداوەکە پەیوەندییەکم پێوە کرا بەوەی ئیسرائیل بەشداری ناکات لەم هێرشەدا."

ئاشکراکردنی ئەم زانیارییانە لەلایەن سەرۆکی پێشووی ئەمریکاوە لەکاتێکدایە کە لەئێستادا ئیدارەی جۆ بایدن بەتەواوی پشتگیری خۆی دەربڕیووە بۆ ئیسرائیل دژی حەماس و بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن ئیسرائیل "هەرچی پێویست بێت" بۆی دەستەبەر دەکەن تا بتوانێت بەسەر حەماسدا سەربکەوێت.

دۆناڵدترامپ هەروەها لە قسەکانیدا وتی ، عومران خان، سەرۆک وەزیرانی ئەو دەمی پاکستان دەربارەی کوژرانی قاسم سلێمانی پێی وتووە، ئەمە گەورەترین رووداوە لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

دۆنالد ترەمپ بە ئاماژە بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل رەخنەی توندی لە ئیسرائیل گرت و وتی،  "ئێوە لە کۆکردنەوەو تاوتوێکردنی زانیارییەکاندا هەڵەتان کردووە. ئەبێ ئەم کێشانەتان چارەسەر بکەن. لەبەر ئەوەی ئێوە لەگەڵ هێزێکی گەورەدا لە جەنگدان، ئێوە لەگەڵ ئێران شەڕ ئەکەن".

ترەمپ  ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی سەرۆکایەتی ئەودا کەس بیری لەوە نەئەکردەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل و ئەگەر دەست بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نەدەبرا ئەم رووداوە رووی نەئەدا، بەڵام بە هەموو ئەمانەوە "ئەبێ پشتیوانی لە ئیسرائیل بکەین و هیچ چارەیەکمان نییە جگە لە پشتیوانی کردنی ئیسرائیل."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار