وەزیری بەرگری ئەمریکا: دوو پێگەی هێزەکانی نزیک ئێرانمان لە سوریا بە ئامانج گرت

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند دوو پێگەی هێزە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیان لە سوریا کردووەتە ئامانج وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی کردوویانەتە سەر هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی سوریا.

لە راگەیاندراوێکدا لۆید ئۆستن دەڵێت، دوو کۆگای چەک و تەقەمەنی لە رۆژهەڵاتی سوریا کرایە  ئامانج کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بەکارهاتوون.

بەپێی هەواڵێکی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەی جەنگی ئەمریکا چوار هێرشی کردووەتە سەر دوو پێگە لە پارێزگای دێرەزوو و ئەو پێگانە یەکێکیان بنکەیەکی میلیشیا ئێرانییەکانە لە ناوچەی مەیادین و ئەوی تریش پێگەیەکی میلیشیاکانی سوپای پاسدارانە لە بیابانی حەلعەشارا.

لۆید ئۆستن لەسەر ئەنجامدانی هێرشەکان باسی لەوە کردووە کە وەڵامی ئەو زنجیرە هێرشە سەرنەکەوتووانەی گروپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بووە کە لە عێراق و سووریا، هێزەکانی ئەمریکای لە 17ی تشیرینی یەکەمەوە کردووەتە ئامانج کە لەو هێرشانەدا بەڵیندەرێکی سەربازیی ئەمریکی گیانی لەدەستداوە و 21 سەربازی تریش بە سووکی برینداربوون.

لەدوای 7ی ئەم مانگەوە کە حەماس هێرشی کردەسەر ئیسرائیل، هێرشەکان بۆ سەر بنەکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا زیادیکردووە و چەندین جار بە ئامانج گیراون. تەنانەت لە سەرەتایی ئەم هەفتەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریدا بە هاوڵاتییانی کە سەردانی عێراق نەکەن بەهۆی ناسەلامەتی وڵاتەکەوە بۆ هاوڵاتییانی ئەمریکی لەم کاتەدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار