بەمزووانە هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێناكاتەوە
12 مانگ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
هێشتا عێراق بەگومانە لەتێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم، بۆیە وەفدەكەی عێراق بڕیاریانداوە چەندڕۆژێك لەهەرێمی كوردستان بمێننەوەو وردبینی ئەو گرێبەستانە بكەن كە وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێم ئەنجامیداون و بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی هەرێم داوایكردووە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتەكەی زیادبكرێت.
بەپێی بەدوادووچوونەکانی هاوڵاتی، كە لەچەند سەرچاوەیەك وەریگرتوون و دوانیان لەوەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمن، هێشتا رێككەوتن لەنێوان هەرێم و بەغدا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئەنجامنەدراوە، هەر لەبەر ئەو هۆكارەش وەفدەكەی عێراق چەندڕۆژێك لەهەرێم ماونەتەوە، یەكێك لەهۆكارەكانیش ئەوەیە هەرێم داوایكردووە تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێك نەوتی هەرێم لەنێوان 20 بۆ 22 دۆلار بێت، بەڵام وەفدەكەی عێراق پێشنیازەكە دەبەنەوە بۆ سەرۆكوەزیران و پاشان وەڵامی هەرێم دەدەنەوە.
هەرچەندە هاوڵاتی پەیوەندی بەچەند بەرپرسێكی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتیەكانەوە كرد سەبارەت بەجیاوازی تێچووی وەبەرهێنان و گواستنەوە لەنێوان هەرێم و بەغدا و هۆكاری دواكەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، بەڵام هەریەكەیان بەپاساوێك ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە بدوێن.
ڕۆژی یەكشەممە 11-12-2023ەوە وەفدێكی وەزارەتی نەوتی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و سێ ڕۆژ مایەوە، وەفدەكە جگە لەسەرۆكوەزیرانی هەرێم و وەزیری سامانە سروشتیەكان بەوەكالەت، لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نەوتیەكانیش كۆبووەوە.
یەكەم كۆبوونەوەیان لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، وەفدەكەی عێراق بەسەرۆكایەتیی حەیان عەبدولغەنی جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵی عێراق بوو و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەتەكەو بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) هاوشانی بوو.
بەپێی راگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە لەكۆبوونەوەكەدا مەسرور بارزانی رایگەیاندووە «وەستانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، زیانی چەندین ملیار دۆلاری بەگەنجینەی گشتی گەیاندووەو پێویستە لەزووترین كاتدا هەناردەكردن دەستپێبكاتەوە»، لەبەرامبەردا وەزیری نەوتی عێراقیش رایگەیاند «دەبێت هەنگاوی یەكەم هەوڵی بەرهەمهێنانەوەی نەوت بدەن نەك هەناردەكردنی».
راگەیەندراوەكە لەكاتێكدایە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 25ـی ئاداری 2023 ەوە لەسەر بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتیی لەپاریس لەئەنجامی سكاڵایەكی عێراق لەدژی توركیا راگیراوە، تائێستا سەرەڕای چەندین كۆبوونەوە لەئاستی باڵا لەنێوان بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق و توركیاش، دەستیپێنەكردووەتەوە.
مەسرور بارزانی لەدواین ڕاگەیەندراودا لەبارەی كۆبوونەوەكە ڕایگەیاند:» ئەگەر هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم هەیە، وەفدی عێراق گەڕاوەتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر پێشنیارەكان، كۆبونەوەیەكی باشمان هەبوو لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، ئەوەی لەسەر هەرێم بووە لەڕووی كاری تەكنیكی یان یاسایی، هەرچی ئەركی سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە جێبەجێ كراوە.»
وتیشی:»دەمێنێتەوە سەر ئەوەی مافەكانی خەڵكی كوردستان كە لە دەستوردا هاتووە ئەوانیش رێز لەو مافانە بگرنو جێبەجێیان بكەن، قسەی زۆر كرا لەسەر ئەوەی هەرێم ئەركی چییەو مافی چییە، داواكارییەكانی ئێمەش لە حكومەتی فیدراڵی بۆ رێزگرتن لە مافە دەستورییەكانی هەرێم، بەتایبەتی دابینكردنی شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێم، چەند مانگێكە خەڵكی هەرێم موچەكانیان دواكەوتوە، بەڵام هۆكارەكەی حكومەتی فیدراڵی بەغداد بووە، داوامان كرد ئەم كێشانە كۆتاییان پێ بێت، چیتر شایستە دارییەكانی خەڵكی كوردستان دوانەكەوێت.»
«لە قسەكردندا گەیشتینە زۆر تێگەیشتنی باش، ئەوان گوتیان دەگەڕێینەوە بۆ ئەوەی دوا بڕیار لەسەر پێشنیارەكان بدەین، من ئومێدم زۆرە ئینشاڵا بگەینە ئەنجامێكی باشو وەڵامێكی باشیش بۆ خەڵك هەبێت، ئەگەری هەناردەكردنەوەی نەوت هەیە، بەڵام دەبێت مافەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی دەستور رەچاوبكرێت، جگە لە نامە، من لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدراڵی قسەم كردووە ناردنی 700 ملیار دینارەكە، ئەوان باسی ئەوەیان كرد كە ئێمە وەختی خۆی داوای شەش مانگمان كرد كە ئەو بڕە پارەی ئەو شەش مانگەی لەمساڵدا ماوە بۆ خەڵكی دابین بكەن، ئەوان بۆ سێ مانگ بڕیاریاندا، رەقەمەكەش ئێمە داوای 800 ملیارمان كرد، ئەوان بڕیاریاندا لەسەر 700 ملیار دینار، بۆ سێ مانگەكەی تر دیسان ئێمە قسەمان كردووە، وتیانە بۆ مانگی 12 دەبێت جارێكی تر حسابات پاكتاو بكرێت بۆ ئەوەی بزانن چی ماوە دابینی بكەن، ئیتر ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەبینو ئەوانیش بەڵێنەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن». مەسرور بارزانی وای وت.
لەپێش كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و وەفدی هەرێم، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند:»هەنگاوی یەكەم دەبێت هەوڵی دووبارە وەبەرهێنانەوەی نەوت بدەین، پاشان لەهەنگاوی دووەم ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی توركیا لەگفتوگۆداین بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی هێڵی عێراق- توركیا».
وتیشی:» بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم گفتوگۆو لێكتێگەیشتنی باشمان لەگەڵ بەرپرسانی توركیا هەیە».
دواتریش كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێم بەوەكالەت سەبارەت بەكێشەكان لەبەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی توركیاوە، رایگەیاند:»كێشەی سەرەكیی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەیە كە لەبودجەدا دەستنیشانكراوە كە هەشت هەزارو 690 دینارە، كەئەم نرخەش لەگەڵ سروشتی گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان ناگونجێت».
وتیشی:»هاتنی وەفدی وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆ بۆ چارەسەركردنی بابەتی تێچووی گواستنەوەو بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستانە كەكێشەی سەرەكییە».
رۆژی دووشەممە 13-11-2023 دووەمین كۆبوونەوەی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ لەڕۆژی دووەمی سەردانی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەولێر بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، ژمارەیەك لەنوێنەرانی گەورە كۆمپانیاكانی نەوت بەشداری كۆبوونەوەكە بوون و تێیدا باس لەڕێكارەكانی چارەسەركردنی كێشەكان و خۆئامادەكردن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان كراوە.
لەدوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەری كۆمپانیاكان، وەفدەكەی عێراق سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كرد.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە: لەكۆبوونەوەكەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختی لەپشتگیریی خۆی بۆ گفتوگۆو هەنگاوەكانی حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دووبارە ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كردووەتەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەكرد وەستانی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان زیانێكی گەورەی بەداهاتی گشتیی عێراق گەیاندووە، بۆیە دەستپێكردنەوەی هەرچی زووتری ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كورستانی، بەگرنگ و پێویست زانی.
بەشێک لەمیدیا عێراقییەکان ئاشکرایانکردووە کە جگە لەکێشەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، یەكێكی دیكە لەگرفتەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئەوەیە توركیا مەرجی هەیە بۆ رێگەدان بەدەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهان، مەرجەكانیش یەكێكیان لێخۆشبوونە لەو سزا ماددیەی كەدادگای پاریس بەسەریدا سەپاندووەو بڕەكەی یەك ملیارو 500 ملیۆن دینارە، هاوكات مەرجێكی دیكەی ئەوەیە كە ئەو نەوتەی پێیدەفرۆشن و نەوتی هەرێمە بەهەمان نرخی پێشوو بێت كە 19 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك، لەبەرامبەردا عێراق بەوە رازی نییەو وەك فشارێك بۆ رازیكردنی توركیا باس لەنۆژەنكردنەوەی بۆری هەناردەی نەوتی نێوان عێراق- سوریا دەكات.
تا 25-3-2023 حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەفەرمی رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتی دەفرۆشت، كە لەمانگێكدا دەكاتە زیاتر لە 13 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت، ئەگەر بۆ هەر بەرمیلێك نەوت 72 دۆلار هەژمار بكرێت ئەوا لەمانگێكدا كردوویەتیە سەروو یەك ملیار دۆلاری مانگانە، بەوپێیەش هەرێمی كوردستان لەمانگی چواری ئەمساڵ تا مانگی 11 زیاتر لەحەوت ملیار دۆلار زیانی كردووە.
پێش راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، وەزیری پێشووی سامانە سروشتیەكانی هەرێم لەپەرلەمانی كوردستان باسی لەوەكردبوو كە 52٪ی داهاتی نەوت بۆ خەرجی كۆمپانیاكانی نەوت و هەناردەی نەوت بەبۆری دەڕوات، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەوەی راگەیاندبوو كە 10 دۆلار كەمتر لەنرخی بازاڕ نەوت دەفرۆشێت، بەوپێیەش لەكۆی ملیارێك دۆلار زیاتر لە 550 ملیۆن دۆلاری بۆ كۆمپانیاكان و كرێی بۆری نەوتی هەرێم رۆیشتووە.
پێشتر عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وتبوو:» هیچ بەڵگەیەك نییە بۆ ئێمەو خەڵكی كوردستان و دیوانی چاودێری دارایی و پەرلەمانی كەداهاتی نەوت بخاتە بەردەست، لەكاتێكدا من لەلیژنەی داراییم».
وتیشی:»لەدانیشتنەكەی پەرلەمان كەوەزیری سامانە سروشتیەكان ئامادەیبوو 15 پرسیارمان لێكرد بەڵام تائێستا وەڵامی نەدراوەتەوە».
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست هاوڵاتی كەوتووە، لیژنەی وزە لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راپۆرتێكی ئامادەكردووە، كە تایبەت بووە بەدۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
هەر بەپێی زانیارییەكان، راپۆرتەكە تایبەت بووە بەبڕی بەرهەم و خەرجی وەبەرهێنانی نەوت و كرێی كۆمپانیا بیانییەكان و داهاتەكەی، كە لەئەنجامدا دەركەوتووە، ئەگەر رێگری دروست نەبێت، مانگانە بڕی 1 ملیار دۆلار داهات لەنەوتی هەرێمی كوردستان پەیدادەكرێت.
لەڕاپۆرتەكەدا، كە بۆ وەزارەتی نەوت ئامادەكراوە، باسی كرێی كۆمپانیاكان و بەرزی رێژەی تێچووی وەبەرهێنانی نەوت لەهەرێم كراوەو پێشنیاز كراوە، كەوەزارەتەكە پێداچوونەوە بەگرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم بكات، بۆ ئەوەی وەك گرێبەستەكانی عێراقی لێبكرێت، ئەوەش وادەكات داهاتی نەوتی هەرێم زیاتر بكرێت.
هەر بەپێی زانیارییەكان حكومەتی هەرێمی كوردستان یەك ملیار دۆلار هەقدەستی كۆمپانیا نەوتییەكان قەرزارە. لەمبارەوە پێگەی ئۆیل پرایس لە راپۆرتێكدا لەزاری كۆمپانیای DNOی نەرویجی ئاشكرای كردووە «تاوەكو بەرچاو روون نەبن لەبارەی شایستە داراییە دواخراوەكانیان و شایستەكانی داهاتوویان و مەرجەكانی فرۆشتنی نەوت ئامادەنین دەست بەهەناردەی نەوت بكەنەوە”.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕەكە، «هەقدەستی كۆمپانیا نەوتیەكانی هەرێم دەگاتە یەك ملیار دۆلار كەتاوەكو ئێستا حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە بیدات و قەرزارە”.
حكومەتی هەرێم بەفەرمی لەبەرواری لە22ی ئایاری 2014 هەناردەكردنی نەوتی لەڕێی بۆری راگەیاند.
بەپێی گرێبەستەكانی هاوبەشیكردن لەبەرهەم PSA كەهەرێم لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان ئیمزایكردووە لەسنوری كێڵگە نەوتییەكانەوە گواستنەوەی نەوت دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی هەرێـم واتە خەرجی گواستنەوە لەسەر هەرێمە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی هاوڵاتی لەوەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان وەریگرتووە، حكومەتی عێراق پێداچوونەوە بەگرێبەستەكانی هەرێمدا دەكات، ئەویش بەهۆی ئەو تێچووە زۆرەی لەگواستنەوە و بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمدا هەیە.
زانیاریەكانی هاوڵاتی ئەوە دەردەخات، زۆرترین تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەعێراق گەیشتووەتە نزیكەی شەش دۆلار بۆ بەرمیلێك، بەڵام لەهەندێك ناوچەی هەرێم بەخەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوەش هەندێك جار گەیشتووەتە سەروو 40 دۆلار، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەك سەرچاوەیەك لەوەزارەتی سامانە سروشتیەكان بەهاوڵاتی وت:»تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەرێم لەهەندێك ناوچە زیاتر دەبێت لەعێراق ئەگەر كۆمپانیای سۆمۆی عێراقیش سەرپەرشتی بكات چونكە بۆ ناوچە شاخاویەكان پێویستی بە «پەمپ» ی زیاتر هەیە كەئەوەش بۆ پاڵپێوەنانی نەوتەو تێچووی بەرهەمهێنانی زیاتر دەكات».
ئەو زانیارییانە لەكاتێكدایە پێشتر وەزیری نەوتی عێراق ئەوەی ئاشكراكردبوو كەتێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم سێ هێندەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی عێراقە.