پرسی موڵک‌ و ماڵی گۆڕان لیژنەی ئاشتەوایی بزووتنەوەکەی هەڵوەشاندەوە

ئێستا هیچ گفتوگۆیەك لەناو بزووتنەوەكە بەڕێوەناچێت و عوسمانی حاجی مەحمودو هاوڕێكانیشی بێهیوابوون

12 مانگ لەمەوپێش



دلێر عەبدوڵڵا

لیژنەی ئاشتەوایی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵوەشایەوەو نەتوانرا هیچ بڕگەیەك لەداواكارییەكانی ناو پرۆژەكەی عوسمانی حاجی مەحمود جێبەجێ بكرێت، ئەندامێكی چڤاتی بزوتنەوەكەی گۆڕانیش ئەوەی راگەیاند كە هەوڵی زۆر دراوە بۆ ئەوەی گۆڕان لەم دۆخە بێتەدەرەوە بەڵام بەهۆی سەرقاڵی گۆڕان و سەرقاڵی ئەوانی تر نەتوانراوە كارەكان وەكخۆی بەڕێوەبچێت، سەرچاوەیەكیش لەناو بزووتنەوەی گۆڕان ئاشكرایكرد كە هیچ ویستێك نییە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری و بزووتنەوەكە وەكخۆی دەمێنێتەوە، سەرچاوەیەكیش بەهاوڵاتی وت كەناڕازییەكان بەنیازی پێكهێنانی بەرەیەكی جەماوەرین.

پاش پرۆژە 17 خاڵییەكەی عوسمانی حاجی مەحمودو هاوڕێكانی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان، كارەكانی لیژنەی ئاشتەوایی بزووتنەوەكە كۆتایی هات و لیژنەكە هەڵوەشایەوە. بەو پێیەی لەماوەی نۆ مانگی رابردوودا بەهۆی ئاستەنگی و بوونی لەمپەرێكی زۆر لەبەردەم ئەنداماندا، نەتوانراوە هیچ هەنگاوێك بەئاڕاستەی چاكسازی لەناو بزووتنەوەكە ئەنجامبدرێت.

پرۆژە حەڤدە خاڵییەكەی عوسمانی حاجی مەحمودو چەند هەڵسوڕاوێكی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ یەكلایی كردنەوەی ناسنامەو دیدی گۆڕان و رێكخستنەوەی پەیوەندی گۆڕان بەكۆمپانیای ووشەو هەروەها رۆڵی كوڕانی نەوشیروان مستەفای دامەزرێنەری بزووتنەوەكەو كشانەوەی لەحكومەت و چەند پرسێكی تری تایبەت ئامادەكرابوو. بەڵام پاش ماوەیەكی زۆرو چەندان دانیشتن نەتوانرا پرۆژەكە قبوڵ بكرێت و ئامادەكارانی پرۆژەكە بێهیوابوونی خۆیان راگەیاند.

بەپێی زانیارییەكانی هاووڵاتی، لیژنەی ئاشتەوایی بزووتنەوەی گۆڕان كە نێوەندگیر بووە لەنێوان عوسمانی حاجی مەحمودو بەرپرسانی ئێستای بزووتنەوەی گۆڕان، كۆتایی بەكارەكانی هێناوەو لیژنەكەش هەڵوەشاوەتەوە. لەوبارەوە هاوڵاتی پەیوەندی بە عوسمانی حاجی مەحمود كرد، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەك لەوبارەوە بدات و ئەندامێكی لیژنەكەش بەناوی رۆڤان سەروەت بەهاوڵاتی وت كەئەوەی لەفەیسبووكی خۆی بڵاویكردووەتەوە هەموو زانیارییەكەو هیچ شتێكی تر لەوبارەوە باس ناكات.

لەڕوونكردنەوەكەیدا، رۆڤان سەروەت ئەندامی لیژنەی ئاشتەوایی بزووتنەوەی گۆڕان بڵاویكردووەتەوە «لەدوای هەشت مانگ بەدیار ئاشتییەوە، دەیان كۆبوونەوەو سەردان و بینینی هاوڕێی ناڕازی، ئاڵنگارییەكان و تێپەڕاندنیان هێندە كارێكی ئاسان نەبوو، بەڵام ئەوانەی كاراكتەری بڕیارو هەژموونی سیاسی و دەسەڵاتیان لەناو گۆڕانە، ئەو هەوڵەشیان لەباربرد».

هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كەئێستا هیچ گفتوگۆیەك لەناو بزووتنەوەكە بەڕێوەناچێت و لیژنەی ئاشتەوایی كۆتایی بەكارەكانی هێناوەو عوسمانی حاجی مەحمودو هاوڕێكانیشی بێهیوا بوون، لەوبارەیەوە دڵشاد رەشید ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بەهاوڵاتی وت «راستە ئێستا گفتوگۆكان وەستاوە، بەڵام هەردوولا خەریكی دیراسەكردنن و خوێندنەوە بۆ داواكارییەكانی یەكتری دەكرێت، پرۆژەكە هەر لەگفتوگۆو باسكردندایەو شتی باشی تێدایەو دەمانەوێت بگەینە رێكەوتن و ئاشتەوایی، جێبەجێكردنی خاڵەكانیش كاتی ئەوێ و بەكتوپڕ ناكرێت. ئێمە ئامادەین خاڵەكان جێبەجێ بكەین و لەسەر زۆرینەی موافقین. تا ئێستاش هەر قسە لەگەڵ كاك عوسمان كراوە، بەڵام جارێ نەگەیشتووینەتە نەتیجەی كۆتایی، جاری وا هەیە گۆڕان مەشغوڵە، جاری وا هەیە كاك عوسمان ئیتر ئاوا، وەختی ئەوێ ئەو جۆرە پرۆژانە.»

بەپێی زانیارییەكانی هاووڵاتی، هۆكاری سەرەكی شكستهێنانی گفتوگۆكان و هەڵوەشاندنەوەی لیژنەكە، پرسی موڵك و ماڵی بزووتنەوەكەو تەوریسی سیاسی بووە، كە بەرپرسانی ئێستای گۆڕان نایانەوێت گۆڕانكاری لەخاوەندارێتی گردی زەرگەتە بكرێت كە لەئێستادا بەناوی كوڕانی نەوشیروان مستەفاوەیە، لەوبارەوە دڵشاد رەشید بەهاوڵاتی وت «خۆت ئەزانی ئەم جۆرە پرۆژانە كاتی ئەوێ و ئەو برادەرانە سەرقاڵن و لەگفتوگۆدان. ئەوەی زیاتر گرنگە مەسەلەی گردەكەو بابەتی كشانەوەی گۆڕانە لەحكومەت، بەڵام كشانەوە بڕیاری كۆتایی لەسەر نەدراوەو لەو زۆرێك پێیان باشە كە بكشێینەوەو لەحكومەت بێینەدەر، بەڵام ئەوەش بە بڕیاری كتوپڕ ناكرێت و پێویستمان بەوەیە قسەی زیاتری لەسەر بكەین.»

لەئێستادا عوسمانی حاجی مەحمودو هاوڕێكانی، وازیان لەداواكارییەكانیان هێناوەو لەئەنجامدانی چاكسازی لەناو بزووتنەوەی گۆڕان بێهیوابوون، بۆیە لەهەوڵی ئەوەدان بەرەیەكی گەورەیی ناڕەزایی دروستبكەن و لەهەڵبژاردنەكانی داهاتوودا لیست و قەوارەی تایبەت بەخۆیان هەبێت، لەوبارەوە سەرچاوەیەك لەناو ناڕەزاییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بەهاوڵاتی وت «دوایین پرۆژەمان بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لەناو گۆڕان، شكستیهێنا، پێشتریش هەوڵی زۆرمانداو ویستمان وەك ئەمانەتێكی مێژوویی و بەرپرسیارێتی قۆناغەكە، هەوڵی چاكسازی بدەین. بەڵام بەداخەوە رێگری زۆر كراو هەوڵەكانمان لەباربرا. بۆیە قۆناغی داهاتووی كاركردنمان دەگۆڕین و لەئاستی قۆناغەكەدا بڕیارو هەڵوێستی خۆمان دەبێت.»

بزوتنەوەی گۆڕان، كە لەدوایین هەڵبژاردنی عێراق نەیتوانی هیچ كورسییەكی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت. رووبەڕووی كێشەو گرفتی ناوخۆیی بووەوەو بەبڕیارێك لە 13ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2021 رێكخەرو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دەستیان لەكاركێشایەوە. گرفتەكانی ناو بزووتنەوەكە بەردەوامی هەیەو زۆرێك لەهەڵسوڕاوان پەیوەندیان بەلایەنەكانی ترەوە كرد بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان و بەشێكیشیان وازیان لەكاری سیاسی هێناو هەندێكیشیان لەهەوڵی ئەنجامدانی چاكسازی و گۆڕانكارین لەناو بزووتنەوەكەدا بەڵام نەیانتوانیوە هیچ یەكێك لەكێشەو گرفتەكان چارەسەر بكەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار