پێشەوا هەورامانی: ساڵی داهاتوو کێشەی مووچە چارەسەر دەکەین و چاوەرێ ناکەین بۆ دوو مووچە شاند بنێرین بۆ بەغدا

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند 700 ملیار دینارەکە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە یاخود ناوەراستی هەفتەی داهاتوو دەگاتە هەرێمی کوردستان، دەشڵێت، لە سەرەتایی ساڵی داهاتوو شاند نانێرن بۆ داواکردنی مووچە بەڵکو هەوڵی چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەی مووچە دەدەن لەگەڵ بەغدا.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم بە میدیای پارتی راگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسراوی فەرمی کردووە بۆ ئەوەی بەشی سێیەمی 700 ملیاری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بنێردرێت. داوای تەرازووی پێداچوونەوەیان کردبوو، ئەمڕۆ تەرازووی پێداچوونەوەیان بۆ نێردراوە."

بەپێی رێککەوتنەکەی بەغدا و هەولێر کە لە 15ی ئەیلولی 2023 ئەنجامدرا، حکومەتی عێراق بۆ ماوەی سێ مانگ 700 ملیار دینار بۆ هەریم دەنێرێت کە تا ئیستا دوو گوژمەی گەیشتووە و تەنها یەک 700 ملیار ماوە بگات. حکومەتی هەرێم گوژمەکانی پێشووی بۆ مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشت خەرج کردووە.

پیشەوا هەورامانی لەبارەی گوژمەی سێیەمی 700 ملیار دینارەکە وتی،"بەپێی وادە دەبێت تا کۆتایی ئەم هەفتەیە یان ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو 700 ملیارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان" کە بڕیارە بۆ مووچەی مانگی نۆ دابەش بکرێت.

تا ئێستا روون نییە کە بۆ مانگەکانی 10 و 11 و 12 چ میکانیزمێک بەکاردەهێنرێت بۆ دابەشکردنی مووچە و حکومەتی عێراقیش هیچ بڕیارێکی نەداوە کە قەرزی تر بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.

پێشتر نەمرین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە هاوڵاتی راگەیاند کە هەرێم و بەغدا رێککەوتنێکی نوێ ئەنجام دەدەن چونکە "گەڕی ئەمجارەی دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا جیاواز دەبێت و رێكەوتنی نوێ لەبارەی پرسی مووچەوە ئەنجام دەدرێت."

پێشەوا هەورامانی لەسەر رێککەوتنێکی نوێ دەڵێت، "پەیوەندیی بەردەوام لەنێوان مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی هەیە بۆ ناردنی مووچەی سێ مانگی دیکەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان."

لە کۆتایی قسەکانیدا وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد، "لەسەرەتای ساڵی داهاتوو ئێمە بەدوای ئەوە ناگەڕێین مووچەی مانگ و دوو مانگمان بۆ بنێرن، دەمانەوێت چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەم کێشەیە بدۆزرێتەوە و کۆتایی پێ بهێندرێت؛ نەک مانگانە دوو سێ جار شاند بچێت تاوەکو مووچەی مانگێک بنێرن."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار