فوئاد حوسێن: بەستنەوەی عێراق بە شەڕی غەززە کاریگەریی خراپی دەبێت

8 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ لەمیانی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراست ڕایگەیاند پێویستە حکومەتی عێراقی لە پەیوەندییەکی بەردەوامدا بێت لەگەڵ بڕیاردەرانی واشنتن، تاوەکو شەڕی ئیسرائیل بووەستێنن. ئیسرائیل یەکێکە لەو وڵاتانەی دەیەوێت شەڕ بەردەوام بێت و نەوەستێت".

ئەمڕۆ دووشەممە 20ی تشرینی دووەمی 2023، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەمیانی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک وتارێکی لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست و عێراق و هەرێمی کوردستانەوە پێشکەش کرد و وتی بەستنەوەی عێراق بە شەڕی غەززە کاریگەریی خراپی دەبێت.

وەزیری دەرەوە باسی لەوە کرد،حکومەتی عێراق هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هەرێمیی، عەرەبیی، ئیسلامیی، ئەوروپیی بۆ ئەوەی  واشنتۆن فشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ راگرتنی شەڕی غەززە.

سەبارەت بە تێڕوانینی سیاسییەکانی عێراق  سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل-حەماس دەڵێت، "دوو ئاڕاستەی جیاواز لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا هەن، ئەو دوو ئاڕاستەیە پەیوەندییان بە ئاڕاستەی لایەنە سیاسییە جیاوازەکانەوە هەیە. هەندێکیان دۆخەکە بە بوونی هێزە بیانییەکان گرێ دەدەن بەتایبەتی هێزی هاوپەیمانان و راوێژکارانی ئەمریکی. ئاڕاستەی دیکەش هەن پێیانوایە گرێدانی دۆخی غەززە بە عێراق کێشە بۆ ناوخۆی عێراق دروست دەکات. هاوکات ئەم کێشانەش کاریگەری نەرێنی دەخەنە سەر دۆخی کوردستان".

44 رۆژە جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە وبەگوێرەی تەندروستیی غەززە، تاوەکو ئێستا 13 هەزار فەلەستینی بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لە غەززە گیانیان لەدەستداوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار