zhyr

وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم: پێشبینی دەکەم پێش کۆتایی ئەمساڵ هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم بەوەکالەت رایگەیاند، پێشبینی دەکات پێش کۆتایی ئەمساڵ هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە و کێشەی دەستپیکردنەوەی هەناردەی نەوت پەیوەندی بە نرخی بەرهەهێنانی نەوتەوە هەیە.

کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم بە میدیای پارتی راگەیاندووە، "تەنیا كێشە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت ئەوەیە لە یاسای بودجەدا ئەو نرخەی بۆ بەرهەمهێنانی نەوت دیاریكراوە زۆر كەمە كە 6 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك، ئەو كۆمپانیایانەی لەم بوارەدا كاردەكەن ناتوانن بەو پارەیە بەرهەمهێنانی نەوت بكەن." 

هەفتەی رابردوو شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و چەند بەرپرسێکی باڵا کۆبوویەوە. 

پێشتر هاوڵاتی بڵاویکردەوە کە یەكێك لەهۆكارەكانی دەستپێنەکردنەوەی نەوتی هەرێم ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم لەدانوستانەکاندا داوایكردووە تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێك نەوتی هەرێم لەنێوان 20 بۆ 22 دۆلار بێت.

لەبارەی سەردانی وەزیری نەوتی عێراق و دانوستانەکان، کەمال محەممەد باسی لەوە کرد، "سەردانی ئەمدواییەی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان زۆر باش بوو بۆ ئەوەی بزانن ئەم 6 دۆلارە ناتوانێت بەرهەمهێنانی نەوتی پێ بكرێت."

هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 25ـی ئاداری 2023 ەوە لەسەر بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتیی لەپاریس لەئەنجامی سكاڵایەكی عێراق لەدژی توركیا راگیراوە و تا ئێستا زیانەکان بە حەوت ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم لەبارەی دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەڵێت، "ئەو كێشەی لە مانگی سێی ئەمساڵەوە بۆ نەوتی هەرێمی كوردستان دروستبووە، لە ئەنجامێكی كێشەیەكەوەیە لەنێوان عێراق‌و توركیا‌و هەرێم تێیدا تەرەف نەبووە، لایەنی توركیا لە 2ی ئۆكتۆبەر ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێم، پێشبینی دەكەم پێش كۆتایی ئەمساڵ هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار