هاوڵاتی زانیاریی ورد لەبارەی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەك بەهۆی نەشتەرگەریی بچووككردنەوەی گەدە لەسلێمانی ئاشكرادەكات
12 مانگ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
دوو پزیشكی پسپۆڕ لەسلێمانی دەستگیركراونو سزای ساڵێك زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە، دەستگیركردنەكەیان پەیوەندی بە كەیسی نەشتەرگەریی هاووڵاتییەكەوە هەیە کە گیانی لەدەستداوە، سەندیكای پزیشكان هەوڵی ئازادكردنی پزیشکەکان دەدات و دەڵێت ئەو كەسەی نەشتەرگەرییەكەی بۆكراوە نەخۆشی دڵی هەبووە، كەسوكاری هاووڵاتییەکەش ئەوە رەتدەكەنەوەو دەڵێن بەهیچ شێوەیەك نەخۆشی دڵی نەبووە .وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر دۆسییەکە لیژنەی لێكۆڵینەوەی پێكهێناوە.
وتەی هەریەك لەسەندیكای پزیشكان و كەسوكاری هاووڵاتییەکە لەیەكتر جیاوازن
رۆژی 25-11-2023 لقی سلێمانی ئەنجومەنی باڵای سەندیكای پزیشكان راگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوەو نووسیویەتی:» لەسەرەتای بابەتەكەوە لەسەر هێڵین لەگەڵ بەڕێزان لەوەزارەتی دادو بەڕێزان لەدادگای پیاهەڵچوونەوەی سلێمانی بەمەبەستی پیاچوونەوەی بڕیارەكەو ئازادكردنی ئەو دوو پزیشكە بەڕێزە لەزووترین كاتدا».
بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، ئەو دوو پزیشكەی كەدەستگیركراون، یەكێكیان پزیشكی نەشتەرگەریی گشتیو ئەوی تر پزیشكی بێهۆشكارییە، هەریەكەیان سزای ساڵێك زیندانیكردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام بەوتەی سەرچاوەیەك لەدادگای سلێمانی پزیشكەكان تانەیان لەبڕیارەكە داوەو تەممیزیان كردووەتەوەو نزیكەی هەفتەیەك لەمەوبەر بڕیاری دادگا بۆ زیندانیكردنیان دەرچووەو كەیسەكە لەدادگای سلێمانییە.
وەك سەندیكای پزیشكان دەڵێت :» ئەم دوو پزیشكە، چوار ساڵ لەمەوبەر نەشتەرگەریی بچوككردنەوەی گەدەیان بۆ هاووڵاتییەک بەناوی (فەیسەڵ) كردووەو گیانی لەدەستداوە، كەسوكاری هاووڵاتییەکە لەدادگا سكاڵایان تۆماركردووەو لەسەر بنەمای ئەم سكاڵایە، دادگا دوو پزیشكەكەی تۆمەتباركردووە بە «كەمتەرخەمی»، بەتایبەتیش لەوەدا هاووڵاتییەکە پێشتر نەخۆشی دڵی هەبووە.
تەندروستی سلێمانی دەڵێت ئەوان دەستتێوەردانیان لەدۆسیەكەدا نەكردووە
هاوڵاتی پەیوەندی كرد بە سامان لەتیف وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بەڵام ناوبراو رایگەیاند:»تەندروستی سلێمانی دەستتێوەردانی لەدۆسیەكە نەكردووەو سەندیكای پزیشكان ئاگاداری وردەكاری دۆسیەكەیە».
پزیشكێك لەسەندیكای پزیشكان زانیاری بۆ هاوڵاتی ئاشكرادەكات
هاوڵاتی پەیوەندی بەچەند ئەندامێكی لقی سلێمانی سەندیكای پزیشكانەوە كرد هیچ یەكێكیان ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە بەفەرمی لێدوان بدەن، یەكێك لەئەندامانی سەندیكا كەخۆی پزیشكە بەمەرجی ناونەهێنانی قسەی بۆ هاوڵاتی كردو وتی:»ئەو كەیسە بۆ ساڵی 2016 دەگەڕێتەوەو نەشتەرگەرییەكە لەنەخۆشخانەیەكی ئەهلی ئەنجامدراوە (ناوی نەخۆشخانەكە لەلای هاوڵاتی پارێزراوە)، لەلایەن هەردوو دكتۆر هیواو دكتۆر عامر كەیەكەمیان پزیشكی نەشتەرگەری گشتی و ئەوی دیكەشیان پزیشكی بێهۆشكارییە، بەڵام ئەو كەسەی نەشتەرگەرییەكەی بۆ ئەنجامدراوە نەخۆشی دڵی هەبووە».
ئەو سەرچاوەیە لەسەندیكای پزیشكان وتیشی:»ئەو هاووڵاتییە یەكسەر دوای نەشتەرگەرییە بەماوەیەكی كەم گیانی لەدەستداوە، بۆ لێكۆڵینەوەش ئەو هاووڵاتییەی نەشتەرگەرییەكەی بۆ ئەنجامدراوە براوەتە پزیشكی دادی و لەڕاپۆرتی پزیشكی دادیی هۆكاری مردنەكە نووسراوە «گەورەبوونی دڵ» كەئەوەش بەو مانایەی پێشتر نەخۆشی دڵی هەبووە».
«هیچ نەشتەرگەرییەك بەبێ واژۆی نەخۆش ئەنجام نادرێت، بەڵام كێشەیەكی یاسایی هەیە كەهەر نەشتەرگەرییەكی گەورە بەتایبەت ئەگەر نەخۆشەكە قەڵەو بێت یاخود تەمەنی زۆربێت دەبێت ئیكۆی دڵ بكات، بەڵام بەداخەوە ئەوەی تێبینی كراوە سۆنەری دڵەكە ئاماژە بەنەخۆشی دڵەكەی نەكراوە كەچووەتە بەردەم پزیشكی نەشتەرگەری و بێهۆشكاری، دەبوو ئاماژە بەنەخۆشی دڵەكە بكرێت و تێپەڕیوە»، ئەو سەرچاوەیەی سەندیكای پزیشكان وای وت.
وەك ئەو سەرچاوەیە دەڵێت:»پزیشكی بێهۆشكار وتوویەتی لەوكاتەدا فشاری خوێنی نەخۆشەكە 16 بە 9 بووە كە لەوە زیاتریش هەبووە كێشەی نەبووەو نەشتەرگەری بۆ كراوە، بەڵام كێشەی ئەو هاووڵاتییەی نەشتەرگەرییەكەی بۆ كراوە دڵ گەورەبوون بووەو لەئیكۆكەشدا ئاماژەیەكی روونی نەداوە بەپزیشكەكان كەنەشتەرگەرییەكە ئەنجام نەدەن، لەسەرەتاشەوە گومانی ئەوە كراوە گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکە بەهۆی خوێنبەربوونی ناوەكی بووبێت».
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە «سەندیكا داوای كردووە بڕیارەكە رابگیرێت چونكە ئەو پزیشكانە مامۆستای زانكۆن و هەڵەكەش بەئەنقەست ئەنجام نەدراوە، بۆیە داوایان لەوەزارەتی تەندروستی و داد كردووە چاو بەبڕیارەكەدا بخشێنێتەوە».
هەردوو پزیشكەكە بەوتەی ئەو سەرچاوەیەی سەندیكای پزیشكان لەئێستادا لەزیندانن و سزای ساڵێك زیندانیكردنیان بۆ دەرچووەو سەرەتاش سكاڵاكە لەوەزارەتی تەندروستی تۆماركراوە.
سەرچاوەیەك لەدادگای سلێمانی دەڵێت دۆسیەكە لەژێر لێكۆڵینەوەدایەو داوای تەممیزكراوە
هاوكات سەرچاوەیەك لەدادگای سلێمانی بەهاوڵاتی وت:» یەكێك لەدكتۆرەكان پزیشكی نەشتەرگەری گشتییەو ئەوی دیكەشیان پزیشكی بێهۆشكارە، هەفتەی رابردوو بڕیارەكە دەرچووەو دكتۆرەكان داوای تەممیزیان كردووەتەوە گوایە ئەوان كەمتەرخەم نین».
سەرچاوەكە وتیشی:»دادگای تەممیز سەیری دۆسیەكە دەكاتەوەو جارێ وردەكاری دیكە لەوبارەیەوە بڵاوناكرێتەوە تابڕیاری كۆتایی دادگا دەرنەچێت».
برای ئەو هاووڵاتییەی نەشتەرگەری بچوكکردنەوەی گەدەی بۆ كراوە قسە بۆ دەكات
فەیسەڵ موشیر ناوی هاووڵاتییەیە كە گیانی لەدەستداوە، هاوڵاتی پەیوەندیكرد بە ئەسعەد موشیر كە برا گەورەیەتی، ناوبراو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەو رووداوە بۆ 5-11-2017 دەگەڕێتەوە نەك 2016، براكەم هیچ نەخۆشییەكی دڵی نەبووەو دەیانەوێت ئەوە بكەن بەپاساو، ئێستاش دادگا بڕیاری زیندانیكردنی ساڵێكی بۆ پزیشكەكان دەركردووە».
وتیشی:»براكەم هیچ كێشەیەكی تەندروستی نەبووە تەنها ویستوویەتی كێشی خۆی دابەزێنێت و گەدەی ببڕێـت، لەدادگا پزیشكەكان بەشەڕهاتن لەسەر ئەنجامی پشكنینەكان، دوو كاتژمێر بوو براكەم مردبوو ئینجا خوێنیان لێگرتووە بۆ پشكنین، من وای بۆ دەچم براكەم هەر بەمردوویی نەشتەرگەری بۆكراوە هەرچەندە پزیشكی دادوەریش سەرەتا هەمان شتیان وت بەڵام دواتر راپۆرتەكەیان بەشێوەیەكی تر كردووە».
«حەوت ساڵ دەبێت ئەو پزیشكانە نەهاتوونەتە لای ئێمە هەر بڵێن داوای لێبوردن دەكەین ئەو رووداوە روویداوە لەكاتێكدا هەرئەوكات سكاڵامان تۆماركردووە، من دەستخۆشی لەدادوەرەكە دەكەم كەبڕیارەكەی دەركردووە، ئێمە بەهیچ شێوەیەك رازی نین ئەو پزیشكانە ئازاد بكرێن». ئەسعەد موشیر برای فەیسەڵی كۆچكردوو وای وت.
وەزارەتی تەندروستی لێكۆڵینەوە لەڕووداوەكە دەكات
لەلایەن خۆشیەوە د.سەركار سورچی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەی لێكۆڵینەوەی سەبارەت بەو دۆسیەیە پێكهێناوە، بەڵام تائێستا نەگەیشتووینەتە ئەنجام و هەركات گەیشتینە ئەنجام بەڕای گشتی رایدەگەیەنین».
زانیاری لەبارەی نەشتەرگەری بچووككردنەوەی گەدە
د.كارزان محەمەد تاهر پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی لەبارەی نەشتەرگەری بچوككردنەوەی گەدەوە دەڵێت: ئەو نەشتەرگەرییە بەئامێری هەناوبینی( laparoscope) دەكرێت، خوێنی كەم لێدەڕوات، ئازاری كەمە، سكی نەخۆشەكە ناشیرین ناكات، زوو لەسەر جێگە هەڵدەسێتەوە، زوو دەست بەچالاكی دەكاتەوەو زوو چاكدەبێتەوە.
دەشڵێت: لەنەشتەرگەریەكەدا بە ٤-٥ كونی ١سم و نیو سم، دەچیتە ناو سكی نەخۆشەكەوە، سەرەتا بەئامێری تایبەتی وزەدار، گەدە لەپەردە چەوری ناوسك جیادەكەیتەوە، دوای ئەوە نزیكەی ٨٠٪ی گەدە لەمسەر بۆ ئەوسەر بەئامێری ستاپلەر ( stapler) دەبڕێت و دەیدورێتەوە، نزیكەی ٢٠٪-٢٥٪ دەهێڵێتەوە.
ئەو پزیشكە باس لەوەشدەكات دوای نەشتەرگەریەكە کەسەکە وەك جاران خواردنی زۆری پێناخورێت و كێشی دادەبەزێت بەهۆی بچووكردنەوەی گەدەوە، بەخواردنێكی كەم گەدە پڕدەبێت و کەسەكە زوو هەست بەتێربوون دەكات.