بەریتانیا: لە سەرەتای جەنگەوە نزیکەی 70 هەزار کەس لە هێزەکانی رووسیا کوژراون
![](/2022/images/2022/221107-russian-soldiers-ukraine-mb-1418-25b226.jpg)
8 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی بەرگری بەریتانیا لە نوێترین راپۆرتیدا لەسەر جەنگی ئۆکرانیا رایگەیاند لە دەستپێکی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، 70 هەزار سەرباز و هێزی بەکرێگیراوی رووسیا کوژراون.
ئامارەکە لە دەستپێکی جەنگ لە 24ی شوباتی2022ەوە تا 30ی تشرینی دووەمی 2023 دەگرێتەوە و نزیکەی 50 هەزار کوژراو، ئەندامی هێزە سەربازییەکانی رووسیا بوون و 20 هەزار کوژراو سەر بە هێزە بەکرێگیراوەکانی وەک گرووپی ڤاگنەرن.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی بەریتانیا جگە لە ژمارەی کوژراوەکان، 180 بۆ 240 هەزار هێزی سەربازی رووسیا و نزیکەی 40 هەزار کەس لە بەکرێگیراوەکان لە ماوەی ئەم جەنگەدا بریندار بوون.
مۆسکۆ ئەم راپۆرتەی وەزارەتی بەرگری بەریتانیای بە پڕووپاگەندەی دژە رووسیا ناو بردووە.
رووسیا و ئۆکرانیا ئاماری کوژراو و بریندارەکانی خۆیان بڵاو ناکەنەوە، هەربۆیە بەراوردکاری زیانە مرۆییەکانی ئەم جەنگە زۆر دژوارە.
بە پێی هەڵسەنگاندنی ناتۆ، ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی رووسیا تا کۆتایی تشرینی دووەمی ئەمساڵ نزیک 300 هەزار کەس بووە.
رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز ماوەیەک لەمەوبەر لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمریکییەوە رایگەیاندبوو، ژمارەی کوژراوەکانی رووسیا نزیک 120 هەزار کەسە و 170 بۆ 180 هەزار کەسیش بریندار بوون.
ئەم رۆژنامەیە بە پشت بەست بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکایی، ژمارەی کوژراوانی ئۆکرانی بە 70 هەزار کەس بەراورد کردووە و 100 بۆ 120 هەزار کەسیش بریندار بوون .
![place for reklam](img/rek/hawlati_city.png)