ئەمریكا دەیەوێت شەڕ لەغەززە ڕابگیرێت

9 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی
بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا نیازی وڵاتەكەی بۆ وەستاندنی شەڕ لەكەرتی غەززە لەفەلەستین لەنێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل دەربڕی.
له‌ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەنووسیدا جۆن كێربی بەرپرسی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مریكا ڕایگەیاند: ئەمریکا دەیەوێت لە نزیکترین کاتدا شەڕی ئیسرائیل و حەماس کۆتایی بێت و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.
کێربی سێ مەرجی ئیدارەی بایدنی بۆ وەستاندنی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس ئاشکرا کردووە، ئەوانیش بریتین لە دانانی چه‌ك، ڕاده‌ستكردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکەی حەوتی تشرینی یه‌كه‌می سه‌ر ئیسرائیل، سێیەمیشیان ئازادكردنی سه‌رجه‌م بارمته‌كان کە لای حەماسن.
هاوکات میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردووەتەوە ئیدارەی جۆ بادین لە ئێستادا هانی ئیسرائیل دەدات هێرشەکانی بوەستێنێت بۆ ئەوەی ئاگربەستێک ڕابگەیەنرێت و لە هەنگاوەکانی داهاتوودا ئەو ئاگربەستە درێژ بکرێتەوە.
وەك میدیاكانی ئەمریكا دەڵێن، ئەمریکا لەگفتوگۆی بەردەوامدایە لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ئەوەی ئاستی هێرشەکانی سنووردار و کەم بکاتەوە، بۆ ئەوەی دەرفەت بە گەیاندنی هاوکارییەکان و ئازادکردنی بارمتەکان بدرێت.
هەڵوێستەكەی كێربی کاتێکدایە کە سەرەتای ئەم مانگە، ئەمریکا ڤیتۆی لە دژی پڕۆژە بڕیارێک بەکارهێنا کە داواکرابوو بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس کە ١٣ وڵاتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشکەش بە ئەنجوومەنەکەیان کردبوو.


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار