ئەمریكاو بەریتانیا هێرشیانكردەوە سەر حوسییەكان

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

لە تازەترین هێرشیاندا بۆ سەر چەكدارەكانی گروپی حوسی لە یەمەن، هێزەكانی ئەمریكا و بەریتانیا بە پشتیوانی هەر یەك لە كەنەدا و بەحرەین و ئوستورالیا و هۆڵەندا بنكەو بارەگاكانی ئەو چەكدارانەیان مووشەك باران كرد.
لە بارەی هێرشەكەوە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) رایگەیاند" لە هێرشەكەدا كە ئێوارەی دوێنێ 22ی كانونی دووەمی 2024 ئەنجامدراوە، 8 بنكەو جبەخانەی چەكدارەكانی حوسی كە یەكێكیان لە حەشارگەیەكی ژێرزەمینیدا بووەو جگە لەمانەش چەند سیستمێكی بەهێزی مووشەكی و چاودێری كە لە پەلامارەكانیاندا بۆ سەر پاپۆڕە بازرگانییەكانی ناو دەریای سوور سوودییان لێدەبینی كراونەتە ئامانج".
لەلایەن خۆیەوە بەرپرسێكی باڵای ناو وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بەو مەرجەی كە ناوی ئاشكرا نەكرێت، ئەوەی ئاشكرا كرد "لە هێرشەكاندا نزیكەی 25 بۆ 30 بۆمب لەلایەن فرۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا و بەریتانیاوە نراون بە بنكەو بارەگا گرنگەكانی گروپی حوسییەكانەوە".
هەروەها بەرپرسە باڵاكەی ناو پنتاگۆن ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە جگە لە فڕۆكە، لەلایەن ژێردەریاییەكانەوە بەمووشەكی تۆماهۆك هێرش كراوەتە سەر چەند جبەخانەیەكی گرنگی ئەو گروپەو ئەو جبەخانانەی كە بە ئامانج كراون سیستمی مووشەكی و درۆنییان تێدا بووە" .
لەبارەی چاندنی مینی دەریاییش لەلایەن حوسییەكانەوە، بەرپرسە باڵاكە وتی"هێزەكانمان بە وردی چاودێری دەكەن و تا ئێستا هیچ مەترسییەكییان بەدی نەكردووە". 
جێی ئاماژەیە لە 19ی نۆڤەمبەری رابردووەوە تا ئێستا حوسییەكان بەمووشەكی بالستی جۆراوجۆر و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو پەلاماری 33 پاپۆری بازرگانیان لە دەریای سوور داوە.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار