لەغەزە 21 ئەفسەرو سەربازی ئیسرائیل كوژران

8 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 
ئەمڕۆ سێشەمە 23ی كانونی دووەمی 2024، رۆژنامە ئیسرائیلییەكان وردەكاری تەقینەوەكەی دوێنێی ناوچەی مەغازی ناوەڕاستی غەزەیان خستەڕوو كە لە ئەنجامدا 21 ئەفسەرو سەربازی ئیسرائیلی تێدا كوژران.
لە وردەكارییەكەدا هاتووە"دوابەدوای ئەوەی سەربازە یەدەكەكانی لیوای 261ی سوپای ئیسرائیل چوونەتە ناو ناوچەی مەغازی لە ناوەڕاستی غەزە، لەسەر داوای سوپا لەگەڵ یەكەی ئەندازیاری دەستییانكردووە بەبۆمبڕێژكردنی 10 بینا بەمەستی تەقاندنەوەیان، بەڵام پێش تەواوبوون لە ئەركەكەیان، چەكدارەكانی حەماس  دووگولە ئاربیجیان ئاڕاستەكردوون".
میدیا ئسرائیلییەكان ئەوەشیان بڵاوكردوەتەوە "گولەی یەكەم بەر تانكێكی جۆری میركافا كەوتووەو لە ئەنجامدا دوو سەرباز بریندار بوون، گولەی دووەمیش ئاڕاستەی بینایەكی بۆمبڕێژكراو كراوەو لە ئەنجامی كارابوونەوەی تەقەمەنییە چێنراوەكانی ناو بیناكە، دوو بینا بەسەر سەربازەكاندا رووخاوە".
دوابەدوای داڕووخانی دوو بیناكەش، یەكەی فریاكەوتنی 669 بە درێژایی شەوی رابردوو خەریكی گەڕان بوون بەدوای تەرمی سەربازە كوژراوەكاندا.
دوای روداوەكەش، وتەبێژی سووپای ئیسرائیلی بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاند"ژمارەی سەربازە كوژراوەكانی سوپای ئیسرائیل، هەر لەسەرەتای دەستپێكی جەنگ لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس تا ئێستا گەیشتۆتە 200 سەرباز و 2665 سەربازی دیكەش بریندار بوون".
لەلایەن خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەتۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردەوە"لەبارەی رووداوەكەوە سوپا دەستی بەلێكۆڵینەوەیەكی  ورد كردووە".
ئەوەشی نوسیوە "وڵاتەكەی تا كۆتایی هێنان بەبزووتنەوەی حەماس بەردەوامی بەجەنگەكە دەدات".
جێی ئاماژەیە دوابەدوای هێرشەكانی بزووتنەوەی حەماس لە 7ی ئۆكتۆبەری ساڵی2023، سوپای ئیسرائیلی هێرشێكی بەرفراوانی بۆ سەر كەرتی غەزەی مۆڵگەی سەرەكی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی دەستپێكردووەو بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندرووستی فەڵەستینی لە غەزە، زیاتر لە 25 هەزار هاوڵاتی كوژراون و بەهەزارانی دیكەش بریندار بوون".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار