ئەمریكا بۆ پێدانی زانیاری لەبارەی هاووڵاتیەكی ئێرانی 15 ملیۆن دۆلار خەڵات دەدات
10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی بازرگانی ئەمریكا رایگەیاند بۆ دەستكەوتنی زانیاری بڕواپێكراو لەسەر حسێن هاتفی ئەردەكانی، بازرگانی ئێرانی كە یارمەتیدەرە بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كە لەلایەن رووسیاوە لە جەنگی ئۆكراین بەكار دەهێنرێت خەڵاتی 15 ملیۆن دۆلاری دیاریكردووە.
رۆژنامەی واڵستریت جۆرناڵ، بڵاویكردەوە "بەرنامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كە لە پەیوەند لەگەڵ هەڕەشەكانی دژی ئەمنیەتی نەتەوەیی چالاكە، ئەم خەڵاتەی دەربارەی حسێن هاتفی ئەردەكانی دیاریكردووە".
بەپێی بڕیارێكی دادگا كە ساڵی 2020 دەرچووەو لە كانوونی یەكەمی 2023 بەنهێنی دەرچووە، حسێن هاتفی ئەردەكانی بە یارمەتی پیاوێك كە لە چینە لەڕێگەی كۆمپانیاكەی خۆیانەوە ئەو تەكنۆلۆژیاو پارچانە دەكڕن و دەیگوازنەوە بۆ ئێران كە بۆ دروستكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەكار دەهێنرێت.
بەپێی راپۆرتەكە، كۆمپانیایەكی فەرەنسی بێ ئەوەی ئاگادار بێت، تەكنۆلۆژیای گۆڕینی ئانالۆگ بۆ دیجیتاڵی هەناردەی هۆنگ كۆنگ كردووە، بەڵام ئەم پارچەو تەكنۆلۆژیایە لە هۆنگ كۆنگەوە نێردراوەتە ئێران،ئەو تەكنۆلۆژیایەش بەگۆڕانێكی بچووك لە سێ بواریتردا بەكار دەهێنرێت.
لەمبارەوە بەرنامەی (خەڵات بۆ عەداڵەت)ی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش ئەوەی خستوەتەڕوو "حسێن هاتفی ئەردەكانی هاوكاری سوپای پاسداران دەكات بۆ دەستپێڕاگەیشتن و دابینكردنی تەكنۆلۆژیای ئاڵۆز كە بەكار دەهێنرێن بۆ دروستكردنی چەك و چۆل و هەروەها یارمەتیان دەدات بۆ فرۆشتنی ئەو چەك و چۆڵانە.
حسێن هاتفی ئەردەكانی، یەكێك لەو كەسانە بوو كە 19ی كانوونی یەكەمی 2023 ئەمریكا ناوی خستنە لیستی سزاكانەوە.