بەرپرسێكی پنتاگۆن: پلانمان نیە هێزەكانمان لەعێراق و سوریا بكشێنینەوە
10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا رەتیدەكاتەوە وڵاتەكەی بەنیازبێت هێزەكانی لەعێراق و سوریا بكشێنێتەوە.
بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی سكای نیوز عەرەبی، سەرجەم ئەو هەواڵانەی رەتكردەوە كە باس لە پلانێكی ئەمریكی دەكەن بەمەبەستی كەمكردنەوەی هێزەكانیان لە عیراق و سوریا.
قسەكانی ئەم بەرپرسە ئەمریكییە دوا بەدوای راپۆرتێكی گۆڤاری (فۆرین پۆلیسی) دێت كە بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەكی ناو وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمریكا، بڵاویكردەوە كە بەرپرسەكانی ئەمریكا سەرقاڵی تاووتوێكردنی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكان لە سوریا .
گۆڤارەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە "ئەگەر بێت و ئەمریكا لە سوریا بكشێتەوە ئەوە كاریگەرییەكی نەرێنی لە سەر هەژمونی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەبێت لە ناوچەكەداو كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دیارییەكی نایابە بۆ رێكخراوی تیرۆریستی داعش".
دوابەدوای هەڵگیرسانی جەنگی غەزە لە نێوان بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل، هێرشی بالەكانی سەر بەئێران بۆ سەر هێزەكانی هاوپەیمانان بەسەركردایەتی ئەمریكا چڕتر بووەو ماوە ماوە بە موشەك و درۆنی بۆمبرێژكراو پەلاماری ئەوهێزانە دەدەن .
جێی ئاماژەیە 900 سەربازی ئەمریكی لە ناوچەكانی سوریاو بەتایبەتیش لە ناوچەكانی باكووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بڵاوكراونەتەوەو بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی سوریای سوریای دیموكرات لە دژی داعش دەجەنگن.