کۆمارییەکانی ئەمریکا داوای هێرشێکی راستەوخۆ بۆ سەر ئێران دەکەن
10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای ئەوەی جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند ، هێرشەکەی سەر بنکەی بورجی 22 لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەردەن لەلایەن ملێشیاکانی سەر بە ئێران ئەنجام دراوە ، دەنگی نارەزایەتی کۆمارییەکانی ناو ئەمریکا تا دێت زیاتر دەبێت و داوای گۆرزێکی سەربازی راستەخۆ بۆ سەر ئێران دەکەن.
لە وەلامی ئەو داواکارییانەش ، "ئادەم ئێرلی" وتەبێژی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی :" ئەمە پرسیاری ملیۆن دۆلارییە".
ناوبراو لە لێدوانیکیدا بۆ کەناڵی "ئەلعەرەبییە" ، وتی : ئەم داوایە داوایەکی رەوایە ، چونکە لە لایەکەوە گروپی حزبوڵای عیراقی بنکە و بارەگانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج و لەلایەکی دیکەوە حوسییەکان چەند جارێک هەوڵییان داوە پاپۆرە ئەمریکییەکان بە ئامانج بگرن و سەرەرای وەڵامەکانی ئەمریکا بەڵام ئەو هێرش و پەلامارانە هێشتا بەردەوامن.
هەروەها ناوبراو ئەو پرسیارەشی خستە روو کە ئاخۆ ستراتیژی ئەمریکا لە لێدانی وەکیلەکانی ئێران لە ناوچەکە سەرکەوتوو بووە ؟
"ئیتر کاتی ئەوە هاتووە زەرەروزیانەکانی دوژمن گورچکبر بن و هیڕش بکرێتە سەر ئێران" ئادەم ئیرلی وا دەڵێت.
بە بروای ناوبراو تاران کووشتنی وەکیلەکانی لە ناوچەکە بەلاوە گرنگ نییە و رەنگە گەر راستەوخۆ ئێرانییەکان بکرێنە ئامانج بارودۆخەکە بگۆرێت .
لەلایەن خۆیەوە لیندسی گراهام سیناتۆری ئەمریکی لەسەر واڵی تایبەتی خۆی لە پیگەی ئەلەکترۆنی "ئێکس" نووسی : هەر ئێستا لە ئێران بدەن، بە بەهێزی هێرشی بکەنەسەر.
لەلایەن خۆیەوە ئێران لە رێی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەوە ، بێ بەری بوونی خۆی لە هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر بنکەی بورجی 22 راگەیاند و ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی : " ئەم تۆمەتانە ، تۆمەتی سیاسین و مەبەستی سەرەکی لێیان سەروژێر کردنی راستییەکانی ناوچەکەیە".
جێی ئاماژەیە هێرشەکەی سەر بنکەی بورجی 22 ، بە مەترسیدارترین هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران ئەژمار دەکرێت کە لە ئاکامدا 3 سەربازی ئەمریکی کوژران و34 سەربازی دیکەش بریندار بوون و چاودێران ترسی فراوان بوونی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسییان هەیە کە لە جەنگێکی ناوچەیی بۆ جەنگێکی هەرێمی بەرفراوان کە ئێرانیش بگرێتەوە پەرە بسێنێت.