پرۆژەی دووسایدکردنی رێگەی کەلار - سلێمانی بەکوێ دەگات؟
10 مانگ لەمەوپێش
سازگار ئەحمەد
رێگەی کەلار – سلێمانی ناسراو بە(ڕێگەی مەرگ) کەڕێگەیەکی مەترسیدارەو ماوەی چەندین ساڵە بەهۆی کەمتەرخەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە ئەو پرۆژەیەی بۆ دەرچووە کەدووسایدکردنی رێگەکەیە جێبەجێ بکرێت، هاوڵاتییانی سنوورەکەش باس لەمەترسی رێگەکە دەکەن و دەڵێن «رۆژ نییە رووداوی هاتووچۆی تیادا روونەدات و خەڵک نەبێتە قوربانی».
هاوڕێ کرێکار، دانیشتوویەکی قەزای کەلارەو بەهاوڵاتی راگەیاند «رێگەی کەلار – سلێمانی رێگەیەکی وێران و مەترسیدارە و رۆژ نییە رووداوی هاتووچۆی تیادا روونەدات».
ئەو هاووڵاتییە نەیشاردەوە، تەواوی دانیشتووانی ئیدارەی گەرمیان بێزارن لەهاتووچۆکردن لەو رێگەیە، چونکە مەترسییەکی زۆری هەیەو چەندەها کەس لەو رێگەیە بوونەتە قوربانی.
هەروەها سامان عەلی، وتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان لەبارەی مەترسییەکانی رێگەی کەلار – سلێمانی بەهاوڵاتی وت «بەشێکی رێگەکە تاوەکو ناحیەی باوەنوور کراوە بەدووسایدو ئەمە گرفتی کەمترە، بەڵام لەدوای ئەوەوە رێگەکە یەک سایدەو مەترسیدارەو بە(ڕێگەی مەرگ) ناسراوە».
ئاماژەی بەوەشکرد «ساڵانە لەو رێگەیدا ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە گیانلەدەستدەدەن و برینداردەبن و دەبنە خاوەن پێداویستیی تایبەت».
وتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان ئاشکراشی کرد «حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی گەرمیان بەڵێنیان داوە کارکردن لەپرۆژەی دووسایدکردنی رێگەی کەلار – سلێمانی نەوەستێنن و کارەکانی بەردەوام بێت».
هەر لەبارەی پرۆژەکەوە مەریوان مەلا حەسەن، وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند «ئەگەر پارەی پێویست هەبووایە تەواوکردنی پرۆژەی دووسایدکردنی رێگەی کەلار – سلێمانی زۆری پێنەدەچوو، بەڵام بەهۆی دروستبوونی قەیرانی داراییەوە نەتوانرا بەپێی پێویست پارە بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە خەرجبکرێت».
ئەوەشی روونکردنەوە «تەواونەکردنی ئەو پرۆژەیە تەنها پەیوەندیی بەقەیرانی داراییەوە هەیەو هیچ پەیوەندییەکی بەکێشەی سیاسی و دیکەوە نییە».
سەرچاوەیەکی تایبەتیش لەبەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی گەرمیان بەهاوڵاتی وت «کارکردن لەپرۆژەکە بەردەوامی هەیە، بەڵام هەنگاوەکان بەو جۆرە نین کەجێگەی دڵخۆشی بن و کارکردن لەپرۆژەکە بەشێوەیەکی خاو بەڕێوەدەچێت».
بەپێی ئەو زانیارییانەی هاوڵاتی دەستیکەوتووە بەشێک لەبەڵێندەرەکان بەهۆی خەرجنەکردنی پارە بۆ پرۆژەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای ماوەیەک کارکردن لەو پرۆژەیە کشاونەتەوەو کارەکانیان راگرتووەو لەجێبەجێکردنی پرۆژەکە کشاونەتەوە، ئەگەر پارەی پێویست بۆ پرۆژەکە تەرخانبکرایە لەماوەی ساڵێکدا پرۆژەکە تەواودەکرا.
پرۆژەی رێگەی کەلار – سلێمانی بۆ ماوەی چەندینجار کارکردن تیادا راگیراوە بەهۆی ئەوەی بودجەی پێویستی بۆ تەرخاننەکراوە تەنها توانراوە نزیکەی لە ٦٠٪ی پرۆژەکە تەواوبکرێت، گوژمەی رێگەی کەلار - سلێمانی ١٣٧ ملیار دینارە، لەئێستادا کارکردن لەپرۆژەکە بەردەوامی هەیە، بەڵام کارەکان بەشێوەیەکی خاو بەڕێوەدەچن و رۆژ بەڕۆژیش ئامارەکانی ئەو کەسانەی لەو رێگەیە بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە دەبنە قوربانی لەبەرزبوونەوەدایە.