دوایین زانیاریی لەبارەی چارەنووسی وریشە مورادییەوە

6 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەپێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، کچێکی کوردی خەڵکی شاری سنە بە ناوی وریشە مورادی، بە کۆدی ڕێکخراوەیی "جوانا سنە" و لە ئەندامانی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) کە شەش مانگ لەمەوپێشەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەرە، لەلایەن لقی پێنجی دادگای شۆڕشی تارانەوە تۆمەتی "بەغی"ی دراوەتە پاڵ و ئەمەش نیگەرانی ئەوەی دروستکردووە کە تۆمەتی قورس بدرێتە پاڵ ئەم ژنە چالاکە کوردە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، وریشە مورادی لەم حەفتانەی دواییدا دوو جار براوەتە بەردەم لقی پێنجی لێپرسینەوەی دادگای گشتی و شۆڕشی تاران و تۆمەتی "بەغی" بە هۆی ئەندامبوون  لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) دراوتە پاڵ. دوای پێڕاگەیاندنی سزاکەی دۆسیەکە نێردراوەتە بەردەم لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی.

"بەغی" بە واتای "چالاکی چەکداری لە بەرامبەر حکومەتی ئیسلامیدا" لە ڕیزی تۆمەتە سیاسی -ئەمنییەکانە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کە بەپێی مادەکانی ٢٨٨ و ٢٨٧ی یاسای سزادانی ئیسلامی، سزا دیاریکراوەکەی دەشڵێت، لە بەندکرانەوە هەتا لەسێدارەدان بگرێتەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە کە لە پێنج مانگی سەرەتای دەستبەسەرکردندا لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و ٢٠٩ی زیندانی ئێڤیندا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر زەخت و گوشارەوە، لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا کۆتایی قۆناغی لێپرسینەوەی دادسەرا لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر بێبەش کرابوو و تەنها پێڕاگەیاندنی سزاکەی  توانیویەتی پەیوەندی بە پارێزەرەوە بکات.

وریشە مورادی ڕۆژی ١٠ی ئابی ٢٠٢٣ دوای ڕاپەڕاندنی ئەرکە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانی لە شاری کرماشاندا و لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ سنە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە دەروازەی ئەم شارەدا دەستبەسەر کرا. ئەم ئەندامەی کەژار لە ٢٠ ڕۆژی سەرەتادا لە زیندانی  ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بوو و پاشان ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران کرا و لە (٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣) دوای پێنج مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا گوازرایەوە بۆ بەشی ژنانی ئەم زیندانە.

ماڵپەڕی "بێتاوان" کە سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ڕۆژی چوارشەممە (٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤) هەواڵی دەستبەسەرکردنی سێ کەسی بڵاو کردبووەوە کە یەکیان وریشە مورادی بوو. ئەم ماڵپەڕە ئەمنییە بەبێ ئاماژەکردن بە رێکەوتی دەستگیرکردنیان ڕایگەیاندبوو کە ئەم کەسانە ئەندامی پژاک بوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار