روسیاو ریفراندۆم

9 مانگ لەمەوپێش



سەردار عەزیز

وەک لێکۆڵەرێکی نێودەوڵەتی کار بۆ ناوەندو دەزگاو وڵاتانی جیاواز دەکەم. یەکێک لەو کارانەم لەم دواییەدا بۆ وڵاتێکی ئەوروپی بوو دەربارەی پەیوەندی نێوان روسیاو کوردستان و عێراق، لەئەگەر دروستبوونی بۆشایی پاش ئەمریکا. لەمیانەی کنەو پشکنین و پرسیارکردندا پەیوەندی نێوان روسیاو ریفراندۆمی کوردستان لەساڵی ٢٠١٧ زۆر جێگای سەرنجم بوو.

وەک میدیا جیهانییەکان راپۆرتی دەکەن، روسیا هەڵوێستی جیاواز دەبێت بەرامبەر ریفراندۆم. رۆیتەرز وەهای ناودەبات کەتەنها زلهێزی گەورەیە کە دژ بەئەنجامدانی ریفراندۆم نیە. [دیارە ئەم دەربڕینە زیاتر هەڵئاوسێنراوە بەمەبەستی ختۆکەدانی رۆژنامەوانی، ئەگینا بە ووردی تەماشای لێدوانەکان بکەیت وەها نیە، وەک لێکۆڵەرێکی کاروباری روسیا لەناوەندێکی بیر لەواشنتۆن پێی گوتم، لێدوانەکان زیاتر لەمانایەک لەخۆیان دەگرن و مەترسی ئەوە دروست دەبێت لەکاتی خوێندنەوەیاندا خواست و خەون بەسەریاندا زاڵ بێت]. ئەوەی روسەکان لەگەڵ کورددا دەیکەن ئەوەیە کە بەمافی کوردی دەزانن، بۆیە دەستوەرنادەن و رێگریی ناکەن، هەروەها بەباشی دەزانن کەکورد لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا رێکبکەوێت. ئەم هەڵوێستە کەدروستکردنی ناڕوونییە لەپلانی ستراتیژی وڵاتاندا دیاردەیەکی باوە، کەزۆرجار بەهەڵە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. رەنگە لەزۆر رووەوە دیداری سەدام بەباڵیوزی ئەمریکی ئەپریل گلاسپی لەعێراق، پێش شەڕی کوێت، هاوشێوەبێت.

هەرچەندە جیاوازییەکی گەورە هەیە لەنێوان دوو دەربڕینەکەدا، هەڵوێستی روسەکان خوێندنەوەی جیاوازی بۆ کراوە لەلایەن چاودێرانی روسەوە. هەندێک کەلتور لەبەرچاو دەگرێت، گوایە لەنێوان کوردو روسدا مێژوویەکی دێرن هەیەو روس نەیانویستووە پەیوەندییەکەیان تێکبدەن. من بەش بەحاڵی خۆم ئەم راڤەیە بەلاواز دەبینم، چونکە دیدی روسی زیاتر دیدێکی جیوپۆلەتیکیە نەک کەلتوری یان دەسەڵاتی نەرم. هەروەها لەپرسێکی وەک سەربەخۆیی کوردو ریفراندۆمدا، روس تەنها بیر لەلایەنی کوردی ناکەنەوە، بەڵکو هەموو پێودانگە جیاوازەکانی لەبەرچاو دەگرن.  دیدێکی تر هەیە کەڕەخنەگرانی روسیا تەبەنی دەکەن گوایە روسەکان لەلاوازییان و نەبوونی دیدێکی روون هەوڵدەدەن لەهەردوو لای جۆگەکە بخۆن. ئەم دیدە زیاتر لەلایەن نەیارانی روسەوە کاری لەسەر دەکرێت وەک ناوەندەکانی تووێژینەوە لەئەوروپای رۆژهەڵات. من بەش بەحاڵی خۆم ناڕوونی و نەبوونی ستراتیژ نابینم. هەرچەندە بەپێی ۆرکشۆپێکی خانەی بیری راند، هەندێک روس وەها رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینن کەهێندە خێرا دەگۆڕێت ناتوانرێت ستراتیژی ووردو درێژخایەنی بۆ دابڕێژرێت.

بەڵام روسەکان کۆمەڵێک ئامانجی روونیان هەیە، لەوانە، یەکەم، رێگریی و کێبڕکێ لەگەڵ ئەمریکادا. دووەم، هەبونی دەست لەکەرتی وزەدا، چونکە ئەو کەرتە تیایدا شارەزان و هەروەها وەک بنەمای سیاسەتی ناوچەکە دەیبینن. سێیەم، هەتا پێش هێرشی ئۆکرانیا، ئامانجیان ئەوەبوو کەنەهێڵن ئەوروپا بەئاسانی فرە سەرچاوەیی گاز بکات. چوارهەم، رێگرییکردن لەسەرهەڵدانی یەکەو دەوڵەتی سەر بەئیسلامی توندڕەو، لەبەر هەبون و گەشەکردنی خێرای ئیسلام لەڕوسیا. بەڵام بۆ پیادەکردنی ئەمانە روس توانای ئەوتۆی نیە. لەمەدا زۆر هاوشێوەی ئێرانە. بۆیە لەبری ئەوەی دەرفەت برەخسێنێت، هەوڵدەدات هەل بقۆزێتەوە.

لەپرسی ڕیفراندۆمدا چەند فاکتەرێک پێکەوە کاردەکەن. یەکەم، روسەکان لەسەرەتای ٢٠١٠ەکانەوە دێن بۆ هەرێم. ئەم هاتنە کۆمپانیا رۆژئاواییەکان نیگەران دەکات. بەڵام پەیوەندییەکە دەستپێدەکات. لە ٢٠١٢ مەسعود بەرزانی سەردانی مۆسکۆ دەکات. بەڵام هاتنەناوەی روسەکان لە ٢٠١٦ دەستپێدەکات کاتێک هەرێم بەدوای پارەدا دەگەڕێت و کەس قەرزی پێنادات، نە تورک، نە ئەمریکا. روسەکان ئامادەیی دەردەبڕن و قەرزو ژێرخانی وزەو نەوت و غاز پێکەوە گرێدەدەن. کەپرسی ریفراندۆم گەرم دەبێت، روسەکان بەنافەرمی جۆرێک لەپشتیوانییەکی نەرم دەردەبڕن و هەروەها بەفەرمی پشتگریی هەردوو کوردستان و عێراق دەکەن. لەم سیاسەتەیاندا دەیانەوێت هەرێم هانبدەن بۆ ریفراندۆم، بەڵام لەگەڵ عێراقیشدا تێکی نەدەن. وەک پشتگیرییەک و هاندانێک بۆ ریفراندۆم، تەنها چەند رۆژێک پێش رۆژی ریفراندۆم گورژمێکی تر لەپارە دەدەن بەهەرێم.

ئامانجی ڕوسەکان لەخۆدەرخستنیان گوایە پشتیوانی ریفراندۆمن، ئەمانەی خوارەوەن:

یەکەم، روسەکان لەساڵی ١٩٩٦ەوە سیاسەتیان لەسەر دەستی یەڤگینی پریماکۆڤ لەهاوکاری ئەمریکاوە دەگۆڕدرێت بۆ رکەبەری ئەمریکا. یەکێک لەمیتۆدەکانی رکەبەری دروستکردنی درزو پشێوییە. ریفراندۆم درزی لەنێوان هەرێم و ئەمریکادا دروستکردو زەمینەی بۆ هاتنە ناوەوەی روسیا ئاسانتر کرد.

 دووەم، ریفراندۆم ئەو دەرفەتە بوو کەهەرێم هەستیکرد پشتیوانی ناکرێت لەدەرەوە، روسیا نەرمی نواند، وەک هاندانێک بۆ تەریککردنی هەرێم و نواندنی زۆی وەک پشتیوان. ئەمە ئەو راستیە تاڵە دەردەخات لەگەمەی وڵاتاندا کەمەرج نیە هەمیشە پشتیوانی هادیدی و راستەقینە بێت بەڵکو دەکرێت یاری بێت یان بەئامانج و مەبەستی تر بێت. دیارە ئێمە نازانین کە سەرکردایەتی کوردی ئەو کاتە چەندێک ئەم دیدەیان لەبەرچاو گرتووەو چۆن ئەم نەرمیەی روسیایان مامەڵە کردووە. بەڵام پێکەوەگرێدانی پارەو وزەو سیاسەت لەساتەوەختێکی هەستیاردا هەمیشە دەبێت بۆنی مەترسی لێبکرێت.

 سێیەم، جگە لەدروستکردنی پشێوی و شوێن پێی خۆکردنەوە، روسیا ئامانجی ئەوەبوو کەدەستی هەبێت لەکەرتی غازی هەرێمدا، وەک سەرچاوەیەک نزیک بەئەوروپا، هەتا ئەوروپا بەئاسانی نەتوانن سیاسەتی فرە سەرچاوەیی کەرتی وزەیان پیادە بکەن، بەتایبەتی پێش هێرشی ئۆکرانیا. دەبوو هەرێم ئەو گەمە جیوپۆلەتیکیەی ببینایە کە بوونی دەستی روسەکان لەکەرتی غازی هەرێمدا درێژەپێدانی سیاسەتی قۆرغکاریی غازی ئەوروپایە لەلایەن ڕوسیاوە.

چوارەم، جگە لەکورد، ئامادەیی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە رەهەندی کێبڕکێی زلهێزەکانی هەیە، ئەمە بۆ چینیەکانیش راستە. دەبوو ئەوە روون بوایە کاتێک ئەمریکا دژە، روسیا نەرمە، کەواتە یارییەک هەیە، بەڵام یاری زلهێزەکان مەرج نیە بەقازانجی یاری پێکراو بشکێتەوە.

ڕیفراندۆم هەوڵێک بوو بۆ دەستکاریی هاوسەنگی هێز لەناوچەکەدا. جووڵەیەکی وەها لەدونیای وەک ئەمڕۆدا، خێرا دەبێتە مایەی سەرنجی هێزەکانی تری هەرێمی و نێودەوڵەتیی. وەک پریماکۆڤ لەعەقیدەکەیدا داوای دەکات، دونیا دەبێت بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەڕێوەبردنی کۆنسێرتیی، بەمانای ئەوەی بەهێزەکان پێکەوە دونیا بەڕێوەبەرن بۆ سوودو قازانجی خۆیان، لەسەر حسابی لاوازەکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار