گۆشتفرۆشان: یان دەبێت دوکانەکان دابخەین یان دەبێت گرانی بکەین
10 مانگ لەمەوپێش
زریان فەرەیدوون
نرخی گۆشتی سوور لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لەماوەی مانگێکدا بەشێوەیەکی خێرا رووی لەبەرزبوونەوە کردووە، ئەوەش بەهۆی کەمی هاوردەکرنەوە. حکومەتیش داوا لەگۆشتفرۆشان دەکات نرخەکەی هەرزان بکەن لەکاتێکدا ئەوان دەڵێن ئەگەر بەقسەی حکومەت بکەن دەبێت بەزەرەر بیفرۆشنەوە چونکە هیچ هاوکارییەکیان ناکات.
نرخی فەرمیی گۆشتی سوور لەنێو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی شارو شارۆچکەکان جیاوازە، بۆ نموونە لەسلێمانی کیلۆیەک گۆشتی بەرخ بە 23 هەزار دینارە، لەهەولێر و دهۆک بە 22 هەزار دینارە، لە هەڵەبجە بە 18 هەزار دینارە.
هەروەها کیلۆیەک گۆشتی مانگا لەسلێمانی بە 22 هەزار دینارە، لەهەولێرو دهۆک بە 18 هەزار دینارە، لەهەڵەبجە بە 16 هەزار دینارە.
ئەکرەم رەزا ئاژەڵدار لەمەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی دەڵێت، «بەهۆی هاوردەنەکردنی ئاژەڵ لەدەرەوە ژمارەیان لەمەیدانەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووەو ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی».
نرخی کیلۆیەک ئاژەڵ بەزیندوویی نزیکەی دوو هەزار دینار بەرزبووەتەوە، ئاژەڵدارەکانی مەیدانی ئاژەڵفرۆشانی سلێمانیش دەڵێن ئاژەڵ کەمبووەتەوە بۆیە بەهاکەی گرانبووە.
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە بەهاوڵاتی وت، کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور نێودەوڵەتییە، هۆکارەکەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک و پێداویستییەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ دەگەڕێتەوە.
وتیشی، «بەرزبوونەوەی نرخی ئاژەڵ تەنها لەهەرێمدا نییە... بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی، لەوڵاتانەوە بڕێکی کەمتر ئاژەڵ هاوردە دەکرێت، لەناوخۆش زیاتر دەکەوێت، هەربۆیە نرخەکەی بەرزبووەتەوە».
بەپێی دوایین داتای دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لەساڵی 2022دا، توانراوە 55٪ی پێویستیی گۆشتی سوور لەناوخۆ دابینبکرێت، کەنزیکەی 75 هەزار تۆنە لەساڵێکدا، ئەوەی دیکە دەبێت هاوردەبکرێت.
ئەو هاوردەیەش لەوڵاتانی جۆرجیا، ئەرمینیا، هەنگاریاو بەرازیل بەفەرمی هاوردە دەکرێت؛ هاوکات، لەچەند وڵاتێکی دیکە بە نافەرمی دەهێندرێت.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کەڕێگری لەهەناردەکردنی ئاژەڵ دەکرێت، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان بەهاوڵاتی وت «ئێمە وڵاتێکی هەناردەکارنین، هاوردەکارین، چونکە بڕەکە لەپێداویستی ناوخۆ کەمترە، لاریمان نییە لەسەر هاوردەکردنی ئاژەڵ بەشێوەیەکی یاسایی و هیچ رێگرییەک نییە».
بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی گۆشتی سوور، قایمقامیەتی سلێمانی داوای لەگۆشتفرۆشەکان کردووە هەر کیلۆیەک گۆشت بە 22 بۆ 23 هەزار دینار بفرۆشن، بەڵام ئەوانیش بەمە رازی نین و لەئێستادا نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور لەبازاڕدا گەیشتووەتە 25 هەزار دینار.
ئاسۆ عومەر وتەبێژی گۆشتفرۆشانی هەرێمی کوردستانیش لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: لەلایەن قایمقامیەتی سلێمانییەوە داوایان لێکراوە گۆشت بەنرخی ٢٣ هەزار بفرۆشین تاکاتێکی نادیارو تا ئەوکاتەی لەهۆکاری گرانبوونی نرخەکەی لەمەیدانی ئاژەڵان دەکۆڵنەوە کە لەئێستادا نرخی هەر کیلۆیەک گۆشتی سور ١١ هەزار دینارە بۆ ئاژەڵە زیندووەکان.
باسی لەوەشکرد کەئەو نرخەی بۆیان دیاریکراوە زۆر کەمەو هیچ قازانجێکی لێناکەن و گۆشتەکە ٢٤ هەزار دینار لەسەریان دەکەوێت و هاووڵاتیانیش نایکڕن.
قایمقامیەتی سلێمانی بەهاوڵاتی وت کەئەو بابەتە پەیوەندی بەوانەوە نییەو پەیوەستە بەچاودێری بازرگانی سلێمانییەوە، هاوڵاتی پەیوەندی بەژووری بازرگانی سلێمانی و چاودێری بازرگانی سلێمانییەوە کرد بەڵام ئامادەنەبوون لەسەر ئەم پرسە لێدوان بدەن.
رۆژانە لەپارێزگای سلێمانی، 120 تۆن گۆشتی سوورو 80 تۆن گۆشتی سپی بەکاردەهێنرێت.