وتەبێژى یەکێتى رەتیدەکاتەوە لەگەڵ ئەوەدابن موچە دابەشنەکرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هیچ لەگەڵ ئەوەدا نین موچە دابەش نەکرێت و لە 2014ەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە دەدەین، بۆیە پێویستە ئەو پارەی لە ئێستادا بەردەستە دابەشبکرێت.
سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی یەکێتی سەبارەت بە دابەشکردنی مووچەو هەڵبژاردن خستە ڕوو ڕایگەیاند، لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرەکانی سەر بە حزبی یەکێتی رەتیان کردوەتەوە موچە دابەش نەکرێت، بە بیروڕای یەکێتی راگرتنی دابەشکردنی موچە بیرۆکەیەکی باش نییە.
وتیشی، نەک دوێنێ و پێرێ، بەڵکو لە ساڵی 2014ەوە یەکێتی هەولێداوە خەڵکی هەرێم بێ موچە نەبێت و لە وادەی خۆیدا موچە دابەش بکرێت، یەکێتی پێی باشە ئەو پارەیەی لە ئێستادا بەردەستە بە شێوەی موچە دابەش بکرێت.
لەبارەی هەڵبژاردنیشەوە وتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، "لەگەڵ ئەوەداین هەڵمەتێکی هەڵبژاردنی دوور لە زمانی زبر بەڕێوەببرێت."
هاوکات باسی ناوکۆییەکانی نێوان لایەنەکان لە دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک کرد وتی لە دوایین کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی هەریەکە لە پارتی و یەکێتی بڕیاردراوە، بە بەشداری هەمو پێکهاتەکانی کەرکوک ئەنجومەنی پارێزگاکە پێکبهێنرێت و لە ماوەیەکی نزیکیشدا پارێزگار دیاری دەکرێت.
