ئەنجوومەنی ئەورووپا داوای ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەنجوومەنی ئەورووپا دوای سێ رۆژ کۆبوونەوە لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا، داوایکرد  سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە ئازاد بکرێت.

کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئەورووپا رۆژی سێشەممە 12ی ئاداری 2024 لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا دەستیپێکرد و تاوەکو ئەمڕۆ هەینی 15-03-2024 بەردەوام بوو. ئەمڕۆش ئەنجامی کۆبوونەوەکە بڵاوکرایەوە.

ئەنجوومەنی ئەورووپا داوای لە تورکیا کرد، هەرچی زووە سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکات. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر دەمیرتاش ئازادنەکرێت، مانگی حوزەیرانی 2024 کۆبوونەوەیەکی دیکە دەکرێت و ئەوجارە هۆشداری بە تورکیا دەدرێت.

زیندانیکردنی دەمیرتاش لە کاتێکدایە پێشتریش  دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا دوو جار داوای ئازادکردنی ئەو سیسەتمەدارە کوردەیان کرد بەهۆی ئەوەی هیچ بەڵگەیەک نەبوو  لە رێگەیەوە دەمیرتاش بە تاوانی تیرۆر سزا بدرێت، بەڵام تورکیا هەر دوو جارەکە بڕیارەکەی دادگای ئەوروپای ڕەتکردەوە.

بەپێی مادەی 46ـی رێککەوتننامەی ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا پابەندکەرن بۆ وڵاتانی ئەندام کە تورکیا یەکێکیانە.

سەلاحەدین دەمیرتاش رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2016 بە تۆمەتی "تیرۆر" دەستگیر کرا و تاوەکو ئێستا لە گرتووخانەی ئەدیرنە زیندانییە. ئەنجوومەنی ئەورووپا داوای لە ئەنقەرەش کرد، لە دۆسیەی عوسمان کاڤاڵادا دەست بە دیالۆگ بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار