ئەمڕۆ ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەیە و چەند رێوڕەسمێک بەڕێوەدەچن
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ (36) ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە تێدەپەڕێت، بەڵام دواى ئەو ماوەیە و زیاتر لە (33) ساڵ لە حکومڕانى کوردیى و دوای ساڵێک لە بەپارێزگا بوونی هەڵەبجە خەڵکەکەى چاوەڕوانى خزمەت و گەشەپێدانى زیاترن.
ئەمڕۆ 16ی ئادار لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا چەندین ڕێوەڕەسمی جیاجیا بەڕێوەدەچن و بڕیارە لە کاتژمێرەکانی بەیانییەوە بەرپرسانی پارێزگای هەڵەبجە لە مەزارگەی شەهیدان لە پێشوازیی میواناندا دەبن و کاتژمێر 10:00ی بەیانی، رێوڕەسمی سەرەکی دەستپێدەکات.
لە رێڕەسمەکەدا لە مەزارگەی شەهیدانی هەڵەبجە، وێڕای دانانی تاجە گوڵینە، چەند وتارێک پێشکەش دەکرێن هاوکات هەر لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ساڵیادەکەدا، ئێوارەی ئەمڕۆ لە زانکۆی هەڵەبجە چەند پانێڵێک بەڕێوەدەچن.
هەروەها سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ رێوەڕەسمەکە بانگهێشت کراون.
لە رۆژى (16/3/1988) هەڵەبجە لەلایەن رژێمى بەعسەوە کیمیاباران کرا و پێنج هەزار هاوڵاتى شارەکە شەهید بون، هاوکات دانیشتوانى شارەکە بۆ دەربازبون لە کاریگەرییەکانى چەکى کیمیایى رویان لە وڵاتى ئێران کرد و شارەکە لەژێر کاریگەریى چەکى کیمیایى و بۆمباران کرندا بوە وێرانە. هەزاران هاوڵاتی هەڵەبجە برینداربون و بەشێکى زۆریان بەهۆى برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستدا و ئیستاش سەدان قوربانى بەدەست ئازار و کارییگەرییەکانى چەکى کیمیاییەوە دەناڵێنن.
جێگەیباسە دوای تێپەڕبونی زیاتر لە 36 ساڵ بەسەر ئەو کارەساتە تا ئێستاش بەرکەوتووانی چەکی کیمیای لەو شارەدا بە پێی پێویست چارەسەریان بۆ نەکراوەو بە دەست نەخۆشی و کەمی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن.
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیکەی 130 هەزار کەسە؛ پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.