نێجیرڤان بارزانی: دادپه‌روه‌ری هه‌بوايه‌ جينۆسايدى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌س بوو بۆ ناساندنی مافە ڕه‌واكانى گه‌لى كوردستان

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە ٣٦ ـەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵبجە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، "ئه‌گه‌ر هيچ دادپه‌روه‌رييه‌ك هه‌بوايه‌، ته‌نيا جينۆسايدى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌لى كوردستان، بناسرێن."

ئەمڕۆ شەممە ١٦-٣-١٩٨٨ یادی ٣٦ ساڵەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیە و سەرۆکی هەرێم لە پەیامەکەیدا جەختی لەوەکردەوە " كه‌ ده‌بێ هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌يييه‌كان و ته‌واوى قوربانييانى جينۆسايد و ئه‌نفال و تاوانه‌كانى رژێمى پێشوو له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو روويه‌كه‌وه‌ قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌."

هەروەها باسی لەوەشکردووە کە پێويسته‌ حكوومه‌تى عێراق هه‌موو ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تييه‌كان و دادپه‌روه‌رى بۆ قوربانييان جێبه‌جێ بكات.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی:

له‌ (36)هه‌مين ساڵيادى مه‌رگه‌سات و تاوانى سامناكى كيميابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌دا، سه‌رى ڕێز نه‌وازش بۆ گيانى پاكى زياتر له‌ پێنج هه‌زار شه‌هيدى هه‌ڵه‌بجه‌ و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان داده‌نوێنين، به‌ ڕێز و شكۆدارييه‌وه‌ ياديان ده‌كه‌ينه‌وه‌، سڵاو بۆ خێزان و كه‌سوكاريان و بۆ هه‌موو ئه‌و قوربانييانه ده‌نێرين كه‌ هێشتا به‌ شوێنه‌وار و پاشماوه‌ و نه‌خۆشييه‌كانى ئه‌و تاوانه‌وه،‌ ده‌ناڵێنن.‌

كيميابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌ڵقه‌يه‌كه‌ له‌ زنجيره‌يه‌ك تاوان و جينۆسايد و ئه‌نفال و زينده‌به‌چاڵكردن كه‌ زۆر دڕندانه‌ ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لى سته‌ملێكراوى ئاشتيخواز و ژياندۆست و مرۆڤپه‌روه‌رى كوردستان كراوه‌، ته‌نيا گوناهيشى ئه‌وه‌ بووه‌ له‌ وڵاتى خۆيدا داواى ماف و ژيان و ئازادى و شكۆمه‌ندى كردووه‌. ئه‌گه‌ر هيچ دادپه‌روه‌رييه‌ك هه‌بوايه‌، ته‌نيا جينۆسايدى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌لى كوردستان، بناسرێن.

له‌م ياده‌دا جه‌خت ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ ده‌بێ هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌يييه‌كان و ته‌واوى قوربانييانى جينۆسايد و ئه‌نفال و تاوانه‌كانى ڕژێمى پێشوو له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌، له‌ هه‌موو بواره‌كانيشدا باشترين خزمه‌ت بكرێن. بۆ ئه‌مه‌ پێويسته‌ حكوومه‌تى عێراق هه‌موو ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تييه‌كان و دادپه‌روه‌رى بۆ قوربانييان جێبه‌جێ بكات. له‌سه‌ر ئاستى جيهانيش ده‌بێ كار بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رگيز ڕێگه نه‌درێت تاوان و كۆمه‌ڵكوژيى ئاوا له‌ هيچ شوێنێك دووباره‌ ببنه‌وه‌.

ده‌سكه‌وته‌كان و قه‌واره‌ى سياسى و ده‌ستووريى فيدراڵيى هه‌رێمى كوردستان، به‌رهه‌مى خوێنى شه‌هيدان و قوربانيدانى گه‌لى كوردستانن به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌، بۆيه‌ ئێستاش ئه‌ركى هه‌مووانه‌ به‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى بيانپارێزن و گيانى شه‌هيدان و دڵى خێزان و كه‌سوكاريان شاد بكه‌ن، تا پێكه‌وه‌ به‌ره‌و داهاتوويه‌كى باشتر و ئارام و پارێزراو هه‌نگاو بنێين.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار