ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی بۆ هەولێر و دهۆک: بێدەنگی بشکێنن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمڕۆ شەممە ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی  ناڕازی بەیاننامەیەکیان سەبارەت بە دواکەوتنی موچە و ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵآوکردەوە و هۆشداری دەدەن لەوەی دووبارە دەستدەکەنەوە بە بایکۆت و خۆپیشاندان و داوایەکیش ئاڕاستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەولێر و دهۆک دەکەن.

ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، "پاش بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی لە بەرژەوەندی موچەخوراوانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێمان دەکرد دەسەڵات واز لە چەوساندنەوەی خەڵکی کوردستان بهێنێت و ئاسانکاریی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان بکات، بەڵام بەداخەوە وەک دەبینین دەسەڵات سورە لەسەر سزادان و برسیکردنی مامۆستایان و فەرمانبەران".

سەبارەت بە دواکەوتنی مووچە و دەستکردنەوە بە خۆپیشاندان ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی باسی له‌وه‌شكردوه‌، "هۆشداری توند بە دەسەڵات دەدەین، کە ئەگەر چیتر موچە دوا بکەوێت یان دەستکاری بکرێت و کەمتەرخەمیی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی بکات، ئەوا هەمو ڕێگایەکی فشار و ناڕەزایەتیی مەدەنیی لەبەردەمماندا کراوەیە و لە داهاتویەکی نزیکدا شەقامی سەرجەم شار و شارۆچکەکان پڕدەکەین لە دەنگی بەرزی ناڕەزایەتیی. (ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارەش بەتەنها لە بایکۆت و خۆپیشانداندا ناوەستێت)".

مامۆستایان داوایەک ئاڕاستەیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەولێر و دهۆک دەکەن و دەڵێن، "داوا لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و چین و توێژە جیاوازەکان دەکەین، بە یەکدەنگیی لەگەڵمان بن تا گەیشتن بە ئامانجەکان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی دروستکراوی موچە، هەروەها داوا لە چین و توێژەکانی پارێزگای دهۆک و هەولێر دەکەین، کە بێدەنگیی بشکێنن و هەنگاوبنێن بۆ کۆتاییهێنان بەم ستەمەی دەسەڵات، کە ساڵانێکی زۆرە بەسەرماندا سەپاندویانە".

هاوکات له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، "ئەگەر دەسەڵاتی سنوری زۆنی سەوز ڕاستگۆیە لەگەڵ خۆی و دادگای فیدراڵیی و خەڵکی ئەم سنورە، ئەوا با ڕاستەوخۆ لیستی موچەخۆران بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیی و ڕێگەبدات بەزویی لە ڕێی یەکێک لە بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین کارت بۆ موچەخۆران دروستبکرێت؛ چونکە بڕیاری دابەشکردنی ڕاستەوخۆی موچەی هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان؛ لەلایەن هەمان دادوەرو دادگا و لە هەمان ڕۆژدا، دەرچوە، ناکرێت بۆ یەکێکیان خۆڵەمێشیانە مامەڵە بکەیت و بۆ ئەوی تریان شایی بگێڕیت".

بەیاننامەکەی مامۆستایانی ناڕازی لە کاتێکدایە کە دادگای فیدراڵی عێراق لە دانیشتنێکیدا سەبارەت بە سکاڵای مامۆستایان بڕیاریدا مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لە لایەن بەغداوە دابەشبکرێت و وەزارەتی دارایی عێراقیش داوای لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کرد بۆ مانگی دوو هاوکات دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران بۆ مووچەکانی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتوو ی ساڵی ٢٠٢٤، لە ئێستاشدا لەگەڵ ئەوەی بەغدا بەشێکی مووچەی مانگی دووی مووچەخۆرانی ناردووە بەڵام حکومەتی هەرێم هێشتا دەستی بە دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیە نەکردووە و هیچ هەنگاوێکیشی بۆ دروستکردنی ئەو هەژمارە بانکیانە نەداوە کە لییان داوا دەکرێت لە لایەن عێراقەوە ئەمەش مامۆستایان و فەرمانبەرانی توڕە و بێئومێد کردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار