بۆ جاری سێیەم سودانی لەگەڵ لایەنە براوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆدەبێتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بڕیارە جارێکی دیکە سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسی یەکەمی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبێتەوە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی شارەکە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ی ئازاری ٢٠٢٤ پەروین فاتیح، ئەندامی سەرکەوتووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە هاوڵاتی راگەیاند "لە کۆبوونەوەی پێشووتری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کە رۆژی ٣ی ئازاری ٢٠٢٤ لەگەڵ بەرپرسی یەکەمی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجامیدا ماوەی دوو هەفتە درا بە لایەنەکان بۆ ئەوەی رێککەوتن بکەن بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگار، ئەمڕۆ ماوەی ئەو دوو هەفتەیە کۆتایی هات ئەمڕۆ یان سبەی دووبارە کۆبوونەوە ئەنجام دەدرێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئاماژەی بەوەشکرد "هەر لایەنێک بەرنامەی خۆی داوەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق و لە کۆبوونەوەی ئەمجارەدا تاوتوێ دەکرێت، هەروەها بە بەردەوامیش لایەنەکان سەردانی یەکتریان کردووە، بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک".
بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هاوپەیمانێتییەکی سیاسی بەناوی «هاوپەیمانی ئیدارەی کەرکوک» پێکهێناوە کە کاردەکات بۆ رێککەوتنی نێوان لایەنەکانی پارێزگاکەو دانانی بەرنامەیەکی هاوبەش لەنێوان لایەنەکان بۆ بەڕێوەبردنی حکومەتی خۆجێی شارەکە.
