نوێنەری وانەبێژان بۆ هاوڵاتی: مووچەی مانگی ١٢ ی وانەبێژان ئامادەیە بەڵام دەستی بەسەردا گیراوەو دابەشناکرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نوێنەری وانەبێژان سەبارەت بو مووچەی مانگی ١٢ ی ئەو چینە بە هاوڵاتی وت لەگەڵ ئەوەی پارەکە ئامادەیە و تەنها دابەشکردنی ماوە بەڵام حکومەتی هەرێم دابەشیناکات و دەستی بەسەردا گرتووە.
علی رەئووف، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی ڕایگەیاند، لە هەفتەی ڕابردووەو شایستە داراییەکانی مانگی 12ساڵی 2023 وانەبێژان کراوەتە چەک و ئامادەیە تەنها سەرفکردنی ماوە بەڵام بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران دابەشناکرێت تا مووچەی فەرمانبەران دابەشنەکرێت.
ئەو مامۆستا وانەبێژە وتیشی، لایەنی پەیوەندیدار پێی گووتون تا مووچەی فەرمانبەران دابەش نەکرێت پارەی وانەبێژان خەرج ناکرێت ئەوەش بەهۆی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران، "ئێمەش وەک فەرمانبەران پێویستمان بە مووچەیە و بەوهۆیەوە تۆشی ئەو کێشەیەبووین"
ئەوەشی ڕونکردەوە، دەبوایە لەهەفتەی رابوردوو شایستە داراییەکانی مانگی 12دابەش کرابا بەڵآم بێهۆ دواخراوە و تا ئێستاش هیچ وادەیەک دیارینەکراوە بۆ دابەشکردنی و چارەنوسی مووچەکانیان کەوتۆتە سەر دوا پێشهاتەکانی نێوان بەغدا و هەرێم و ناردنی پارە .
کەمترین مووچەی وانەبێژ 250 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان 400 هەزار، ئەوەش بە گوێرەی بڕوانامەکانیان پۆلێن دەکرێت.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 35 هەزار و 543 وانەبێژن، بڕی بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان نزیکەی 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە.
