ئەم ساڵ ئاهەنگەکانی نەورۆز دوای بەربانگ بەڕێوەدەچن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی فێستیڤاڵی نەورۆزی كوردەواری ئەمساڵ لە جادەی سالم-ی سلێمانی بە كردنەوەی ئاگری نەورۆز و ئەنجامدانی چەندین چالاكی هونەری و كلتوری دوای ئەنجامدانی بەربانگ ئەنجام دەدات.
بەپێی ڕاگەیەندراوێک، ئەمڕۆ 17/3/2024، لیژنەی ئامادەكاری فێستیڤاڵی نەورۆزی كوردەواری بەسەرپەرشتی د. موحسین ئەدیب بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی و ئامادەبوونی سەرۆكی كۆمەڵەی هونەری میللی كوردستان و سەرۆكی رێكخراوی برەودانی گەنجان و ژمارەیەكی لە ئەندامانی لیژنەكە، كۆبوونەوەو بڕیاریان لەسەر چەندین چالاكی هونەری و كلتوری دا كە لە میانی فێستیڤاڵەكە لەئێوارەی رۆژی 20/3/2024 لە شەقامی سالم (سەهۆڵەكە) نمایشدەكرێن.
بەگوێرەی بەرنامەی فێستیڤاڵەکە، سەرەتا خوانی بەربانگ بۆ زیاتر لە 100 كرێكاری ژینگەپارێز رێكدەخرێت، لە دوای بەربانگی رۆژوانانیش چالاكییەكان دەست پێدەكات و تا درەنگانی شەو دەخایەنێت.
چالاكییەكانیش جگە لە كردنەوەی مەشخەڵی نەورۆز، بریتین لە گۆرانی و میوزیكی كوردەواری و چەندین نمایشی سەمای فۆلكلۆری كوردەواری و نمایشی چالاكی بەشی هونەری مناڵان و ئەسپسواری و نمایشی ئۆتۆمبێلی كۆن و چەندین چالاكی هەمەڕەنگی تر.
هاوکات بەگوێرەی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئەم ساڵ ئاهەنگ و فێستیڤاڵ لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، زاخۆ و ئاکرێ بەڕێوەدەچێت و لە هەموو شارەکانیش ئاگر دەکرێتەوە .
بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵی 2023، 7 ملیۆن و 279 هەزار و 913 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە؛ هاوکات زیاتر لە 2 ملیۆن و 500 هەزار سەردانیکاری وەکو گەشتیاریی نێوخۆیی تۆمار کراون.
هەر بەگوێری دەستەی گەشتوگوزار، ساڵی 2022، 6 ملیۆن و 35 هەزار و 57 کەس و ساڵی 2021 چوار ملیۆن و 189 هەزار و 596 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 2 هەزار و 500 شوێن بەناونیشانی بنکەی گەشتیاریی تۆمار کراون کە زۆرینەیان هۆتێل، رێستۆرانت و کافتریان.
