لە سلێمانی زۆرترین کارتی دەنگدان وەرگیراوەتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە سلێمانی زۆرترین کارتی دەنگدان وەرگیراوەتەوە و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەڵێت:لە ڕێگەی 79 بنکەی کۆمسیۆن لە سلێمانی زۆرترین کارتی دەنگدان بە هاوڵاتییانی سنورەکە دراوەتەوە.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکیدا ئاشکرای کردوە، لە ماوەی هەفتەیەکدا کارتی بایۆمەتری سەرجەم پارێزگاکانی عێراق 46 هەزار و 425 کارتی دەنگدان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دراوەتەوە بە خاوەنەکانیان.

ئاماژە بەوەشدراوە کە لە ڕێگەی 79 بنکەی کۆمسیۆن لە سلێمانی زۆرترین کارتی دەنگدان بە هاوڵاتییانی سنورەکە دراوەتەوە بەبێ ئەوەی ژمارەکەی ئاشکرابکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدەکات  ئەو کەسانەی مامەڵەی کارتی دەنگدانیان کۆتایی هاتوە ڕۆژانە دەتوانن سەردانی بنکەکانیان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان،بەتایبەت ئەو کەسانەی لە بەرواری (20ی ئازاری ساڵی 2022) بۆ 20ی ئەیلولی ساڵی 2023 مامەڵەی کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان کردوە و خۆیان تۆمارکردوە، ڕۆژانە دەتوانن لە کاتژمێر هەشتی بەیانییەوە بۆ دووی پاش نیوەڕۆ سەردانی بنکەکانیان بکەن.

ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن لە کاتێکدان، 3ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێک 10ی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.

لە خوولی پێشوودا پەرلەمانی کوردستان 111 کورسیی هەبوو کە 11یان کۆتای پێکهاتەکان بوون. لەم هەڵبژاردنەدا بەگوێرەی فەرمانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کە 21ی شوباتی 2024 دەریکرد، کورسی پێکهاتەکانی بە "نادەستووری" پێناسە کرد. بەگوێرەی ئەو بڕیارە، هەڵبژاردنی ئەمجارە 100 کورسی دەبێت و کۆتای پێکهاتەکانی تێدا نامێنێت.

هەروەها ئەم هەڵبژاردنە جیا لە پێشتر بە چوار بازنە دەبێت و دەنگدەری پارێزگایەک ناتوانێت دەنگ بە بەربژێری پارێزگایەکی بەدەر لە پارێزگاکەی خۆی بدات.

100 کورسییەکەی پەرلەمان بەمشێوەیە دابەشی سەر بازنەکان لە پارێزگاکاندا کراوە:

سلێمانی 38 کورسی

هەولێر 34 کورسی

دهۆک 25 کورسی

هەڵەبجە 3 کورسی

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار