کۆمەڵی دادگەریی: هیوادارین هیچ لەمپەر و رێگریەک نەخرێتە بەردەم ئەنجام دانی هەڵبژاردن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەبارەی بڕیاری بەشدارینەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمان کۆمەڵی دادگەریی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان هاتووە "تایبەت بەپرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش، ئێمە لە كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنداین لەو كاتەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاریكردووە و، هیوادارین هیچ لەمپەرو ڕێگریەک نەخریتە بەردەم ئەنجام دانی پرۆسەكە".
دەقی راگەیەندراوەکەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان:
حوكمڕانی خراپ و پڕ گەندەڵیی و بێباكیی دەسەڵاتدارەكانی كارێكی كردووە كە ڕۆژ بە ڕۆژ قەیران و گرفتەكان زیاتر و مەینەتییەكانی خەڵكیش زۆرتردەبن.
زیاتر لە هەفتەیەكە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، پارەی پێویستی بۆ موچەی فەرمانبەران ناردووە، بەڵام بە بڕیارێكی چاوەڕوان نەکراولەلایەن حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمەوە دەستی بەسەرداگیراوە، لەكاتێكدا دەتوانێت لەگەڵ داهاتی ناوخۆ موچەی هەموو موچەخۆرانی دابەشبكردایە.
دەبوو ئەم دەسەڵاتە ئەوەندە هەستی بەرپرسیارێتی هەبوایە كە لەم مانگی ڕەمەزاندا دەستی بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵكدا نەگرتایە كە تاكە سەرچاوەی ژیانی ئەو موچەیە یە.
تایبەت بەپرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش، ئێمە لە كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنداین لەو كاتەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاریكردووە و، هیوادارین هیچ لەمپەرو ڕێگریەک نەخریتە بەردەم ئەنجام دانی پرۆسەكە.
هەرجۆرە ئینكاریەک کە وەستان بێ لەبەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی دا هەرێمی كوردستان ڕوبەڕوی قەیرانی زیاتردەکاتەوە و دوورنیە چوارچێوە دەستوری و یاساییەکەی هەرێم لەدەست بدەین.
کۆمەڵی دادگەری کوردستان
ئەنجومەنی باڵا
۲٠۲٤/۳/۱۹
