دوایین ئامارى زەرەر و زیانەکانى لافاوەکەى شارى دهۆک
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوایین ئامار لەبارەی زیانەکانی لافاوەکەی دهۆک لەلایەن ژوورى ئۆپەراسیۆن و بەڕێوەبردنى قەیران و کارەساتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکرایەوە، تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و 11 کەسیش بریندار بوون.
بێوار عهبدولعهزیز، وتهبێژی بهرگریی شارستانی پارێزگای دهۆك ڕایگەیاند: بەهۆی ئەو لافاوەی پارێزگای دهۆکى گرتەوە، پاش ئەوەی دوو کەس گیانیان لەدەست دا، هاوڵاتییهكی دیكهی تهمهن 15 ساڵ له گهڕهكی رهزا، دواى ئەوەى کەتوەتەوە ئاوەوە، بەهۆی تەزوی کارەباوە، گیانی لەدەست داوە و ئەوەش بوە سێیەمین قوربانیی لافاوەکە.
وتیشى: هەر بەهۆى لافاوەکەى دوێنێوە 11 کەس بریندار بون و 120 ی دیکەیش لە مەترسی رزگار کراون، لە ئێستاشدا 627 کەس لە هۆتێل و مۆتێلەکانى شارەکە دەمێننەوە بەهۆى ئەوەى زیان بەر ماڵەکانیان گەیشتوە.
ههربەهۆی لافاوەکەوە 50 ئۆتۆمبێل لە دهۆک زیانیان پێگەیشتووەو كهشناسیی ئهو شارهش دەڵێت: لە کاتژمێر 9ی بەیانی دوێنێ سێشەممەوە تا 9ی شەو، 133 ملیمەتر باران له شارهكهدا باریوە.
هاوکات کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لە ئەنجامی بەردەوامبوونى کاریگەریی هەردوو نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى سوور و ناوەڕاست لەسەر هەرێمى کوردستان، پێشبینى دەکرێت ئەمشەو بارین بەشێوەى نمەباران و مامناوەند بێت؛ کە هەندێک جار هەورەتریشقەشی لەگەڵە، هەروەها بەفریش لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەبارێت."
پێشبینى دەکرێت بارانبارین لە 9:00ی شەو تاوەکو 9:00ى بەیانى بەمشێوەیە بێت:
هەولێر: 9 - 15 ملیمەتر
سلێمانی: 8 - 12 ملیمەتر
دهۆک: 10 - 16 ملیمەتر
هەڵەبجە: 10 - 15 ملیمەتر
راپەرین: 12 - 16 ملیمەتر
گەرمیان: 7 - 12 ملیمەتر
زاخۆ: 10 - 15 ملیمەتر
سۆران: 8 - 12 ملیمەتر
