كه‌*نه‌*كه‌: كورد نه‌ورۆزی "به‌رخۆدان" به‌ڕێده‌كات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئه‌مساڵ هاوكات له‌گه‌ڵ مانگی پیرۆزی ره‌مه‌زان هاوڵاتیانی كورد له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان نه‌ورۆزی "به‌رخۆدان" به‌ڕێده‌كه‌ن، کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (كه‌نه‌كه‌) ده‌ڵێت، ئەم نەورۆزە نەورۆزی بەرخودانەو تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوا و باشوری کوردستان زیادکردوە و، پلان و ئامانجی لە ناوبردنی هەمو دەستکەوتەکانی کوردە.

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا پیرۆزبای نەورۆز لە گەلی کورد دەکات و باسی لەوەکردووە کە،" ئەمڕۆ گەلی کورد بە رەنج و بەرخۆدانی خۆی ساڵەهایە بە قوربانیدانی مەزنەوە نەورۆزی کردووەتە جەژن و خۆشی و شادی گەورەی جەماوەری و بەرخۆدان. بەو تێکۆشان و قوربانیدانەش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا نەورۆزی کردووەتە جەژنێکی کوردانە و لە شار و گوند و زیندان و لە هەر جێگایەکی ژیان کوردان نەورۆزیان کردووەتە سەنگەری تێکۆشان بۆ ئازادیی و رزگاری."

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەمساڵ لە سەرانسەری کوردستاندا ئاگری نەورۆز "بەگوڕوتین ترە"، لە باشور و رۆژئاوای کوردستان بە فەرمی جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکرێت و لە رۆژهەڵات و باکوری وڵاتیش سەرەڕای هەمو ئاستەنگیەکان جەژنی نەوروز پیرۆز دەکرێت و ئاگری ئەو جەژنە بە گوڕتر هەڵدەکرێت.  

باس لەوەشکراوە، ساڵی رابردوو لە هەموو روویەکەوە بووبووە ساڵی تێکۆشان و لەمیانی ئەو ساڵەدا دوژمنەکانمان لە زۆر شوێنی کوردستان چالاکانە و بە هێزگەلی زەبەلاحەوە هێرشیان کرد. بەتایبەتی دەوڵەتی تورک، کە دوژمنی سەرەکیی گەلی کورد و دەستکەوتووەکانیەتی، هێرشەکانیان بۆ سەر رۆژئاواو باشوری کوردستان زیادکرد.

ئەوەش خراوەتەڕوو، پلان و ئامانج دەوڵەتى تورک لە ناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانی کوردە. لە بەرامبەر ئەو هێرشانەیان تەڤگەری ئازادیخوازییەوە لە سەرانسەری کوردستان بەرخۆدانێکی مەزنیان ئەنجام دا. بەتایبەتی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی هەپەگە لە خواکورک، مەتینا، زاپ و ئاڤاشین قارەمانانە لە دژی داگیرکەری بەرگریان لە خاکی کوردستان کرد.

ئاماژە بەوەشکراوە، سەران و دەوڵەتى تورک ماوەیەکە بە شێوەیەکی دەوری سەردانی عێراق و باشوری کوردستان دەکەن و هەروەها ئەوان داوەتی ئەنقەرە دەکەن و ئامانجی دەوڵەتی تورک لەم چاوپێکەوتنانەدا ئەوەیە، کە حکومەتی عێراق و دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستانیش بکەنە شەریکی هێرشەکانیان بۆ سەر تەڤگەری ئازادیی کوردستان.

 کەنەکە ڕاشى گەیاندووە، ئێران بە هەموو شێوەیەک گەلی کورد و چالاکوانانیی بە ئامانج دەگرێ و دەیەوێ هێزە ئازادیخوازەکانی گەلی کورد لەناو ببات. هەر چەندە لە باشوری کوردستان پێگە و قەوارەیەکی فەرمی هەیە، لەهەمان کاتدا کێشە و پرسگرێکان بەردەوامن و دۆخی ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان لە خراپیدایە.

ئەوەش هاتووە، دوژمنانمان لەپێناو لاوازکردن و لەناوبردنی قەوارەیەی هەرێمی کوردستان لە پلانگێریدان. ساڵێک زیاتر بەسەر وادەی هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان تێپەڕیوە و بۆشاییەکی دەسەڵاتداری شەرعی لە ئارادایە. بابەتی هەڵبژاردن بووەتە کریزێکی قووڵ، ئەمەش شەرعیەتی حکومەت دەخاتە ژێر پرسیارەوە و ترس لەسەر دامو دەزگاکانی کوردستان و فیدرالیەتی عێراق درووست دەکات.

لە درێژەى ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە رۆژئاواى کوردستان داگیرکاری و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامن و فشارەکانیان لە زیادبووندان. رژێمی سوریاش لە قۆزتنەوەی هەر دەرفەتێکە بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە رۆژئاوا.

کەنەکە وتوشیانە، دۆخێکی تایبەت و ناهەموار لە ناو زیندانەکاندا هەیە. لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئێراندا بە دەیان هەزار زیندانی کورد و کوردستانی هەن و لەژێر فشاری مەزنی ئەشکەنجەداندان.لە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و سێ لە هەڤاڵانی لە زیندانی ئیمڕاڵی، ئەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ دەچێت هیچ ئاگاداریەک نییە و سۆراغیان نادیارە. هەموو زیندانیە سیاسییەکان چاویان لە ئێمە و لە خەباتی ئێمەیە، بۆیە دەبێ ئێمە لە ویست و خواستەکانی ئەوان ببینە جێگای ئومێد و بە سەرخستنی شۆڕش ئەوان ئازاد بکەین.

لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا دەشڵێن، ئەم بارودۆخە ئەرکێکی زۆر دەخاتە سەر شانی ئێمە. پێویستە لەبەرامبەر هەموو داگیرکاراندا تەگبیری خۆمان بکەین. پێویستە هێزی پاراستن و بەرخۆدان بەهێزتر بکەین. پێویستە هێرشی دوژمنان تێکبشکێندرێن. پێویستە دەستکەوتەکان بپارێزرێن و  دەستکەوتی نوێ بەدەست بێنین. بۆ هەموو ئەم ئەرکانەش پێویستە سەرەتا یەکڕیزی ناوماڵی کوردان بێتە دی و یەکێتی نەتەوەیی بەهێز بکرێت. پێویستە ئەمساڵ بکەینە ساڵی ئازادی.

هەروەها، باس لەوەکراوە، ئێمە لە دۆخێکی ئاوادا پێشوازی لە نەورۆزی ئەمساڵ دەکەین. نەورۆز بە واتای خۆی و بە رۆحی بەرخۆدان پیرۆز دەکەین. داوا لە گەلی خۆمان دەکەین و دەڵێین: وەک هەر ساڵێک بچنە مەیدان و کۆڵانان و بە واتاو رۆحی بەرخۆدان نەورۆز پیرۆز بکەن.

 لە کۆتایدا هاتووە، لەم قۆناغە گرنگەدا لە پڕۆسەی تێکۆشان بۆ ئازادی و رزگاری کوردستان، ئاگری نەورۆز ببێتە رووناکیەکی گەش و تەبایی و یەکێتی نەتەوەیی کوردستان و ئێمە بەم بیروباوەڕ و رۆحەوە، نەورۆز بە دڵگەرمی نەتەوەیی و نیشتمانی لە هەموو کوردستانیان پیرۆز دەکات

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار