مەسعود بارزانی دڵنیایی دەداتە مالیکی کە بەشداریی لە هەڵبژاردن دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

نورى مالیکى سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا لە چاوپێکەوتێکدا ڕایدەگەیەنێت، مەسعود بارزانی دڵنیایی پێداوە کە پارتی بەشداریی لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکات.

مالیکى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى سۆمەریە باسی لە پەیوەندییەکی تەلەفونی نێوان خۆی و مەسعود بارزانی کرد و ڕایگەیاند، لەگەڵ مەسعود بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم ئەنجامدا، دڵنیایی پێدام کە پارتی لە هەڵبژاردنەکانی هەرێم ناکشێتەوە، بەڵام چاوەڕێی لێکدانەوەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەکەن.

مالیکى ئاشکراى دەکات کە بەڵێنێکى بە مەسعود بارزانى داوە و دەڵێت: بارزانیم دڵنیاکردەوە ئەو کێشانەی نێوان هەرێم و بەغدا بەم نزیکانە چارەسەر دەبێت.

سەرۆکى هاوپەیمانیی دەوڵەتى یاسا راشیگەیاند، یەکێک لەو کێشانەى کۆتایینەهاتووە، یاساى نەوت و گازە کە لە 2007 دەنگى لەسەر دراوە رەوانەى ئەنجوومەنى نوێنەران کراوە، ئەوەى پەسەندکردنەکەى دواخستووە، ئەو هەموارانەن هەرێمى کوردستان و وەزارەتى نەوت پێشکەشیان دەکەن.

لەبارەى دادگاى فیدراڵیشەوە مالیکى وتى: دادگای فیدراڵی دەزگایەکی بێلایەن و لایەنێکی ژیرە کە کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی نێوان لایەنە جیاوازەکان و دادگای فیدراڵی هەڕەشەی لە کەس نەکردووە و بەبێ بەڵگە تۆمەتی خراوەتە پاڵ.

ڕۆژی 18 ی مانگی 3 ی 2024، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گێڕایەوە نایانەوێت بەشداربن لە پرۆسەیەکدا کە نایاسایی، نادەستوری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بێتدوای ئەو ڕاگەیاندنەش ئەو حیزبە کۆبونەوەکانی لەگەڵ لایەنە جیاجیاکانی پرۆسەی سیاسی لە هەرێم دەستپێکرد.

ڕۆژی 10 ی مانگی 6 ی ساڵی 2024 وەکو وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە و هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت و بڕیاری کشانەوەی پارتی لە هەڵبژاردنەکان دوای بریارێکی دادگای فیدراڵی بوو کە له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، شێوازی هه‌ڵبژاردنی له‌ یه‌ك بازنه‌ییه‌وه‌ بۆ چوار بازنه‌یی گۆڕی و 11 كورسی پێكهاته‌كانی لابردو ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی له‌ 111 كورسییه‌وه‌ بۆ 100 كورسی كه‌مكرده‌وه‌.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار