جەبار یاوەر: عێراق ئامادەنییە موچەى پێشمەرگە خەرجبکات بەو بیانوەى هێزێکى سیادى نییە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

حکومەتی عێراق ئامادە نییە بودجەی پێویست بۆ هێزەکانی پێشمەرگە تەرخان بکات بە بیانووی ئەوەی هێزێکی "سیادی" نییەو هێزێکی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانە.

جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، عێراق وتویەتى بەپێی دەستور پێشمەرگە هێزێکی سیادی هاوشێوەی سوپای عێراق نییە، بەڵکو وەکو پۆلیس و ئاسایش هێزێکی ناوخۆیی هەرێمە، بۆیە دەبێت هەرێم لە بودجەی خۆی خەرجییان دابین بکات. هەندێکجاریش بیانووی ئەوە دەهێننەوە گوایە ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە زۆرە.

وتیشی، "حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق هیچ بودجەیەکیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە خەرج نەکردووە. ئەو بڕە پارەیەش لە یاسای بودجەی عێراق دا بۆ پێشمەرگە دانراوە بەشی موچەو پێداویستی یەک لیوای پێشمەرگە دەکات."

بەپێی یاسای بودجەی عێراق، بودجەی تەرخانکراو بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق 9 تریلیۆن و 764 ملیار دینارە، پشکە بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە لەم بڕە پارەیە، 228 ملیارو 304 ملیۆن دینارە.

هاوکات لەشەڕی نێوان هێزەکانی پێشمەرگەو چەکدارانی ڕێکخراوی داعش، 1810 پێشمەرگە گیانیان لەدەستداو 10720 پێشمەرگەش برینداربوون،لەو بارەیەوە سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە،"تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ کەسوکاری شەهیدو بریندارەکان تەرخان نەکراوە."

جێگەیباسە هەرچەندە حکومەتی عێراق ماوەی هەفتەیەکە بڕی 600 ملیار دیناری ناردووە بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم، بەڵام حکومەتی هەرێم تا ئێستا ئەو بڕە پارەیەی بەسەر موچەخۆراندا دابەش نەکردووە بەبیانووی ئەوەی عێراق موچەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی نەناردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار