ناکۆکی و کاردانەوەی لایەنەکان بەرامبەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی زیاتر دەبن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەڵامی پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی دایەوە و رایگەیاند، ئەو کەسەی بەناوی وتەبێژی حکومەتەوە قسە دەکات، تەنها تەعبیر لە خۆی و تیمە وەزاریەکەیان دەکات  دوای ئەوەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "ئەوانەی لە کوردستان پشتگیریی دادگای فیدراڵی دەکەن لەبەر ئەوەیە کە لە بەرژەوەندیی ئەوان هەڵسوکەوت دەکات و بڕیاری نادەستووری دەدات."

رۆژی هەینی 22ی ئاداری 2024 بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک وتی، "ئێمە پشتیوانیی خۆمان بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و رۆڵی لە پاراستنی دەستوور، دادپەروەری و سیستمی دیموکراسی دووپات دەکەینەوە."

سەرۆکی یەکێتی ئاماژە بەوە دەکات، هەر جۆرە "ناوزڕاندن و مامەڵەیەکی خراپ"یش بەرامبەر دادگای فیدراڵیی عێراق رەتدەکەنەوە و دەڵێت، ئەو دادگەیە "سەربەخۆ و پیشەییە، کە بەشداری کارایە لە پاراستنی سیستمی سیاسی لە عێراق و پاراستنی سەربەخۆیی، ئەوەش لە قووڵایی ئەرکە دەستووری و نیشتمانییەکانە."

دوای ئەو نووسینە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسینێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "ئێمە هەموومان لەگەڵ سەروەریی یاسا و دادگەیەکی بێلایەن و دەستووریداین، بەڵام تائێستا بەپێی دەستوور، عێراق دادگایەکی دەستووریی نییە و ئەو دادگایە بە نادەستووری بەردەوامە و بڕیارەکانیشی نایاسایی و نادەستوورین."

بە وتەی پێشەوا هەورامانی، "ئەوانەی لە کوردستان پشتگیریی ئەو دادگایە دەکەن، لەبەر ئەوەیە لە بەرژەوەندیی ئەوان هەڵسوکەوت دەکات و بڕیاری نادەستووری دەدات".

لە وڵامی ئەمەدا سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت: کەسێک بەناو وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لێدوانی داوە لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و مافی موچەخۆرانی کوردستانەوە.

 دەشڵێت:  لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا، کەسێکمان نەبووە و نییە کە وەک وتەبێژ، هەڵوێستەکانی تەعبیری لە سیاسەت و بۆچونەکانی تیمی وەزاری یەکێتی بکات، بەڵکو ئەو کەسەی بەناوی وتەبێژی حکومەتەوە قسە دەکات، تەنها تەعبیر لە خۆی و تیمە وەزاریەکەیان دەکات بۆیە ئەوەی وتوویەتی هیچ پەیوەندییەکی بە یەکێتییەوە نییە.

لە ڕاگەیەندراوەکەى سەمیر هەورامیدا هاتووە: لەبری لێدوان و قسەو تۆمەت بەخشینەوە، واباشتر بوو بەهەموومانەوە هەوڵی چارەسەر کردنی گرفتەکان بدەین و مافی موچەخۆران دەستەبەر بکەین.  هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکان بەبێ متمانە و پشتگیری خەڵکی کوردستان و تەنها بە دروشم ناپارێزرێت.

ناکۆکی نێوان لایەنەکان سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەسەر هەڵبژاردن و مووچەی فەرمانبەران و یەکلاکردنەوەی سکاڵاکان  تا دێت زیاتر دەبێت و گەیشتۆتە شەڕە بەیاننامەو ڕاگەیەندراوی جیاواز بەرامبەر بە یەکتری.

دەستپێکی ناکۆکی نێوان لایەنەکانیش دوای ئەوە هات رۆژی 21-02-2024  کە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، دەبێت ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 100 کورسی تێنەپەڕێت و کورسیی کۆتای پێکهاتەکانیشی بە نادەستووری ناوبرد.

ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵیی عێراق لەسەر بنچینەی سکاڵایەک بوو کە لەلایەن زیا جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی کورسی کۆتاکان و بازنەی هەڵبژارنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کرابوو دوا بەدوای بڕیارەکەش پارتی دیموکراتی کوردستان دادگاکەی بە نادەستوری ناوبرد و بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردنی دا و تورکمانەکان و  10 حیزب و لایەنی کریستیان هاوشێوەی پارتی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کرد.

لەبەرامبەر ئەمەدا حزبەکانی دیکەی وەک یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو بەرەی گەل پاڵپشتی خۆیان بۆ بڕیارەکەی دادگا و ئەنجامدانی هەڵبژاردن ڕاگەیاند و نانکۆکی نێوان حیزبەکان سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگاکە دەستی پێکرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار