خوێندکارانی سێ زانکۆ بایکۆتیان راگەیاند
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەهۆی دابەشنەکردنی مووچە و خراپی دۆخی ئابووری خوێندکارانەوە لە سێ زانکۆ خوێندکاران بڕیاری بایکۆتکردنی دەوامیاندا.
لە راگەیەندراوێکدا دەستەی نوێنەرایەتی خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە رایانگەیاند، بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابووری، بە دەنگی زۆرینەی خوێندکاران بڕیاریانداوە تاوەکو 1ی نیسان بایکۆتی خوێندن بکەن، ئەگەر بارودۆخی ئابووری بەمجۆرە بەردەوام بێت، تاوەکو دوای جەژنی رەمەزان بایکۆت بەردەوامدەبێت.
هەروەها هەرمان كامیل، وتەبێژی نوێنەرانی زانكۆی چەرموو ڕایگەیاند، لە سۆنگەی هەستكردنمان بە بەرپرسیارێتی بۆ هاوڕێ و خوێندكارەكانمان، بڕیارماندا بە بایکۆتکردنی خوێندن تاوەکو دوای جەژنی رەمەزان.
لە ئیدارەی راپەڕینیش خوێندکارانی زانکۆی راپەڕین و کەمپسی قەڵادزێ بڕیاری بایکۆتیان داوە و جەختیان لەوەکردووەتەوە لەم دۆخەی ئێستادا ناتوانن دەوام بکەن.
تاوەکو ئێستا خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی هیچ بڕیارێکیان نەداوە لەبارەی بایکۆتکردنی دەوام، ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرەبێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە نەکرێت، ئەوا پێدەچێت خوێندکارانی زانکۆی سلێمانیش بایکۆتی خوێندن بکەن.
